جووەکان بۆ بەهێزن؟ موسڵمانان بۆ بێهێزن؟
12/25/2024 12:38:00 PM
د.شێرکۆ کرمانج
ئەگەر تا ئەمڕۆش کەسانێک هەبن کە نکووڵی لە هێزی ئیسرائیل و جوو بکەن، ئەوە لە ئێستا ئەو کەسانە ژمارەیان ئێجگار کەمە. لە پشت بەهێزی و لاوازی هەر نەتەوەیەک و گەلێک و دەوڵەتێک دەیان و سەدان هۆکاری ناوەکی و دەرەکی هەن. بەڵام هیچیان بە قەد ڕۆڵی زانست لە سەرکەوتن و بەرەپێشچوونی گەلان و وڵاتاندا نین. گرنگیدان بە زانست وەک کولتوور و وەک دامەزراوە، واتە هەر لە ماڵ و خێزان بگرە تا دەگاتە یەکە یەکەی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
نموونەیەک بە سادەیی پشتڕاستی ئەو ئارگیومێنتەی سەرەوە دەکاتەوە.
ژمارەی جووەکان لە جیهان نزیک بە ١٦ ملیۆنە، لەو ١٦ ملیۆنە زیاتر لە ٧ ملیۆنیان لە ئیسرائیلـە. بەسەریەکەوە جووەکان ٠،٢٪ (0.2%) لە دانیشتوانی جیهان پێک دێنن، بەڵام لە کۆی ٩٥٦ خەڵاتی نۆبل تا ئێستا جووەکان لەسەرتاسەری جیهان ٢١٦ جار خەڵاتی نۆبلیان بردۆتەوە، واتە بە ڕێژەی ٢٢٪.
موسڵمانەکان، بەگشتی هێز لە ژمارە دەبینن نەک زانست، بۆیە کاتێک کە کەسێک لە دینێک وەردەگەڕێت بۆ سەر ئیسلام، نیوەیان شاگەشکە دەبن (دیارە کوردیش هەر وایە گرنگی زۆر لە ژمارە دەبینێت). بە هەر حاڵ، ژمارەی موسڵمانان لە جیهاندا خۆی لە ١.٦ ملیار دەدات، واتە ١٠٠ بار زیاتر لە جوو. سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرە، بەڵام تا ئێستا تەنیا ١٥ موسڵمان خەڵاتی نۆبلی وەرگرتووە، واتە بە ڕێژەی ١.٥٪.
ئەمە هەم بۆ کورد هەم بۆ موسڵمانان وانەیەکی تێدایە، ئەگەر دەتەوێت بەهێز بیت، ئەوە دەبێت گرنگی بە زانست بدەیت. دیارە مەبەستی من ئەوە نییە کە بەهێز بیت بۆ لەناوبردنی ئەوانی دیکە، بەڵکوو بۆ بەرگرییکردن لە خۆ و گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان.