41وتار

توندوتیژیی دژی ئافرەتان دژی ژیانە

11/30/2024 2:33:00 PM
ئەسرین عاسی شوانی

ژنان كۆت و بەندكراون، لەژێر ناوی شەرەف دەكوژرێن، یاساش ڕۆڵێکی لاواز دەبینێت لەهەمبەر ئەو ستەمەی لە مێینە دەكرێت. سەرەڕای ئەمە، هەندێک دەڵێن ژنان نەگەیشتوونە ئەو ئاستەی بتوانن پەیڕە لە مافەكانیان بكەن و چێژیان لێ وەرگرن.

لێرە ژنان كۆت و بەند كراون و كەم مانگ هەیە لە ژێر ناوی پاراستنی شەرەف گوێ بیستی هەواڵی كوشتنیان نەبین. ژنان ئەتك دەكرێن و لێان دەدرێت و جەستەیان دەشێوێندرێت. یاساش بۆ بنبڕكردنی ئەو پاشا گەردانییە نییە یاخود زۆر لاوازە. ئەوەی دەشی بینین لە كوردستان لە هەمبەر ئازادی ژنان، دەبێ بڵێین كام ئازادی، ئازادییەك بەبەهانەی شەرەف چەندین ژن دەکوژرێت، سادەترین مافیان لێ زەوت دەكرێت. یاسایەك نەبێت بە كرداریی ڕێگا لەو كردەوە قێزەونانە بگرێت.

هۆكارەكانی پشت كوشتنی ژنان نادیارە و لێپێچینەوە لە بكەرەكانیان بەو شێوەیەی كە پێویستە نەكراوە، یان سزای بكەرانی تاوانەكە بەجۆرێك نەدراوە کە ببێتە هۆی ڕێگریی لە دووبارە بوونەوەی ئەو تاوانانە. ڕاستە ژنان لە باشوور شان بەشانی پیاوان لە بەڕێوەبردنی وڵات و سیاسەت و پێشكەوتنی كۆمەڵ بەشدارە، بەڵام بە بەهانەی پاراستنی شەرەف، هەر كاتێك ویسترا بێت درێغی لە كوشتنیان نەكراوە.

هێشتا لە كۆمەڵگەی كوردی دیاردەی ژن بەژن و گەورە بە بچووك و ژن كردنە قوربانی خوێن برەوی هەیە. لە ڕوانگەی زانستی كۆمەڵناسییەوە ئەركەكە زۆر لەوە قورسترە كە پێشبینی دەكەین، چونكە هێشتا پیاو لە جیاتی خودی ژن بڕیار دەدات، تا ئێستا لە هەندێ ناوچەی كوردستان ژن بەژن و گەورە بە بچووك و ژن كردنە قوربانی خوێن برەوی هەیە.

كەواتە، چی چاوەڕوان لە كۆمەڵگایەكی وا دەكرێت جگە لە لایەنە خراپەكەی نەبێت، بۆ كاڵبوونەوەی ئەم كولتوورە دواكەوتووەی بەرامبەر بە خێزان و پەروەردەی خێزان دەكرێت قۆناغی هۆشیاركردنەوە لەنێو پیاوان و ژنان واچاکە ئەركی سەرەكی بێت. بەداخەوە دەڵێم هێشتا خودی ژنان هۆكاری سەرەكین بۆ درێژەدەری ئەو میتۆدە دواكەوتوییەی كۆمەڵی كوردەواری، لەبەر ئەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی ژنان نەگەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی بتوانن مومارەسەی مافەكانیان بكەن و پیاوان بگەیەنە ئەو باوەڕەی كە گۆڕانكارییەك لە بیركردنەوە و هەڵسوكەوتیان ئەنجام بدەن.

هەرچۆنێک بێت، بۆ كاڵكردنەوەی ئەو میتۆدە پڕ لە توندوتیژییە، ژنان دەبێت خەباتی نەپساوە بكەن هەنگاوی یەكەمیشیان ئەوەیە خۆیان لە مەیدانی ڕۆشنبیریی و وریابوونەوە ببیننەوە، لەو ڕێگەیەشەوە بە پیاوانی بسەلمێنن كە ئەوانیش وەك وان مرۆڤن، هیچ جیاوازیەكییان لە مافی مرۆڤ بوون نییە جگە لە جیاوازی جەستەیی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن