کورد واچاکە چی بکات؟
12/2/2024 12:13:00 PM
د.شێرکۆ کرمانج
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات هەمووی جۆرێکە لە قومار، یان دەردەچێت و سەردەکەویت، یان دەرناچێت و ژێر دەکەویت. بۆیە من پێموایە کورد دەبێت هەندێک قومار بکات، ئەمانە ڕەچاو بکات:
یەکەم، ڕزگار کردنی هەموو هێزەکانی هەسەدە لە تەلڕەفعەت و دەوروبەری حەلەب و گەڕەکی شێخ مەقسود و بردنیان بۆ مەنبەج و ناوچەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی فورات.
دووەم، پاراستنی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات بە مەنبەج و دەورەبەرییشیەوە.
سێیەم، قوماری خشین بکرێت بۆ گرتنی سنووری عێراق-سووریا تا دەگەنە ئەلتەنەف، بنکە سەربازییە ئەمریکییەکە، بە سێگۆشەیەک بۆ دێرەزوور، بە گرتنی دێرەزووریشەوە وەک مەرکەزی شار.
چوارەم، ڕاستە ئەمە قومارە، بەڵام ئەگەری سەرکەوتنی بۆیە هەیە، چونکە کورد لە ڕۆژاڤا دوو پشتیوانی هەیە، ئەمریکا و ئیسرئیل، ئەوەی من بزانم هیچ کام لەم دوو هێزە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەسەدە لەگەڵ تورکیا پشتیوانی لە هەسەدە ناکەن، یان زۆر سەختە ئەمە بکەن، بەڵام لە شەڕ لەگەڵ ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران، ئەگەری زۆرە کە ئەمریکا ڕاستەوخۆ و ئیسرائیلیش ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە کورد بکەن.
پێنجەم، خۆ ئەگەر ئەم کردەیە زۆر ڕسکییە، واتە زۆر ترسئامێزە، ئەوا تا چەند ڕۆژ و حەفتەی دیکە تەنیا ئیش لەسەر بەهێزکردنی پێگەی کورد و هەسەدە لە مەنبەج و ڕۆژهەڵاتی فورات بکرێت، تا بزانن ڕووداوەکان بە چ ئاراستەیەک یەکلا دەبنەوە.
هەر چۆنێک بێت، کورد دەڵێت، کردەی پەشیمان بیت لە نەکردەی پەشیمانی باشترە.