هاوپشتیی لەگەڵ مامۆستایانی مانگرتوو!
2/8/2025 2:27:00 PM
ڕێبوار ڕەشید
خۆبرسیکردنی ئەو هاوڕێ ژن و پیاوانەی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە وەرنەگرتنی مووچە پێ دەنێتە ١٣ ڕۆژەوە. لە پێناوی بەهێزکردنی ئەو هاوڕێیانە و داوا ڕەواکانیان جێی خۆیەتی چەند خاڵێک ڕوون بکرێتەوە.
١. مێژووی مانگرتن لە فۆرمی خۆبرسیکردندا دەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوەی فێمێنیستە سەفرەگەیتەکان کە داوای مافی دەنگدانیان بۆ ژنان دەکرد (١٩٠٣ تا ١٩١٤). ئەم تێکۆشەرە فێمێنیستانە دووچاری زەبروزەنگێکی زۆر بوون، لە ئەوانە ناچارکردنیان بە خواردن کە لە ئەنجامدا ماری جەین کلارک کۆچی دوایی کرد و چەندینی تر تووشی نەخۆشی بوون. شایانی باسە بە هەزاران ژن زیندانی کران و دووچاری ڕاوەدوونان و لێپرسینەوە و هەڕەشە و گوڕەشە بوون، بەڵام میتۆدی خۆبرسیکردنەکەیان بوو بە هۆی سەرکەوتن و وەدەستهێنانی ئەو مافانەی داوایان دەکرد کە یەکێکیان مافی دەنگدان بوو.
وا دادەنرێت لە مێژووی مۆدێرندا زیندانیانی سیاسیی سەردەمی قەیسەری ڕووسیی یەکەمین خۆبرسیکردنی سیاسییان دژ بە دەسەڵاتی قەیسەر ئەنجام دابێت. ماریون دۆنلەپ ساڵی ١٩٠٩ یەکەم ژن بوو خۆی لەبەر ئەو هۆیە برسی هێشتەوە کە مافی زیندانی سیاسییان پێ نەدەدا و وەکو تاوانبارێکی ملکەچ نەکردوو بۆ یاسا لێیان دەڕووانی.
خانم ئیرۆم شارمیلا ساڵی ٢٠٠٠ دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد و هەتا ٢٠١٦ بەردەوام بوو. بە فەرمیی ٥٠٠ هەفتە خۆراکیی ئاویان پێ دەدا. ئەمنستی ئینتەرناشناڵ بە ڕێزەوە نازناوی ”زیندانی ویژدانیی“ ــیان لێ نا.
ساڵانی ٨٠ کان و ٩٠ کان زیندانیەکانی باشووری ئەفریقا دژ بە ڕژێمی ئەپەرتاید خۆبرسیکردنی گەورە و شایانباسیان ئەنجام دەدا و سەرئەنجامی سیاسیی گەورەی بەدەستهێنا.
لە ناو کورددا، لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان پ/ک/ک بەئەژمارترین و بە ناودەنگترین خۆبرسیکردنەکانیان لە مێژووی کورددا تۆمار کردووە. ڕەنگە لە مێژووی خۆبرسیکردندا، لانی کەم لە ڕووی چەندایەتیی و دۆخی دژوارەوە، لە جیهاندا بێ هاوتا بن. تا ئێستا بە هەزاران جار خۆبرسیکردنیان بە هەفتە و دوو هەفتە و مانگ و زیاتر لە ناو زیندانەکانی تورکیا و لە دەرەوە لە شار و شارۆچکەکانی ئەوروپا ئەنجام داوە. ئەو خۆبرسیکردنانە هەر بە تەنیا بۆ باکوور نەبوون، بەڵکو بۆ قوربانیانی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆڕە و هەروەها دەستدرێژیەکانی کۆماری ئیسلامیی کراون. تێکۆشەرانی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی چالاکیی مانگرتن لە خواردن ئەنجام دەدەن کە زۆریان ژنانن. چەندین تێکۆشەر لە درێژەی خۆراک نەخواردندا لە سێدارە دراون. کوردستانیان دەتوانن سوودی بێ مانەند لە ئەم ئەزموونە گەورە سیاسییە وەربگرن.
٢. خۆبرسیکردنی ئەم مامۆستایانە لە دژایەتیی وەرنەگرتنی مووچە یان بۆ وەرگرتنی مووچە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە ناسیاسییەی تەنگی بە باشوور هەڵ چنیووە. لە راستییدا دەبوو هەموو خەڵکی باشوور، لە خوێندکارانی پۆل یەکی سەرەتاییەوە تا دوا پلەی زانکۆکان، تا دکتۆر و پرۆفیسۆری زانکۆکان و دایک و باوکی خوێندکاران خۆپیشاندانیان بۆ مووچەی مامۆپستایان بکردایە و مانیان لە خواردن بگرتایە چونکە ئەوە خەڵک و نەتەوەیە کە زەرەر دەکات، نەک مامۆستایان. بە جیا لە کێشەی مووچە، باشووری کوردستان خراپترین و شەرمئاوەرترین سیستەمی خوێندنی هەیە.
٣. بە داخەوە کە مامۆستایان، یان بە هەر حاڵ، ژمارەیەکی ١٢ کەسیی، ناچار دەبن خۆبرسیکردن بۆ وەرگرتنی مووچە ئەنجام بدەن. لە ڕاستییدا ئەو خۆبرسیکردنە دەبووایە لە سەداسەد سیاسیی بووایە و سێ ئامانجی بپێکایە، واتە لابردنی دین و حیزب و خاشاکی داگیرکاریی لە بەرنامەی خوێندندا. بەرنامەیەک کە مافی مرۆڤ، مافی ژنان، سیستەمی دیموکراسیی و شەفافیەتی دەسەڵات بەهێز بکات. ئەو کارە ئاستی مامۆستایانی بە ئاستێکی سیاسیی دەگەیاند.
٤. خۆبرسیکردن دەبێت دوور بێت لە وتە و قسەوباسی هەستەکیی، لە فرمێسک و گریان و شین و واوەیلا. خۆراک کە مافی هەموو بوونەوەرێکە، نەخواردنەکەی بۆ ئەوەیە کە جەخت لە سەر مەرگێکی ناچارکراو بکرێت، کە فۆکوس بخرێتە سەر ئەوەی دەسەڵات ئامادەیە مەرگ بسەپێنێت. خۆراک نەخواردن یەکێک لە گەورەترین چالاکیە زەبرنەگیرەکانە دژ بە دەسەڵاتێک کە نەگەیشتووەتە ئاستی تێگەیشتن لە ئەرکی سەرشانی خۆی، نە لەسەر ئاستی حیزبیی، نە سیاسیی، نە نەتەوەیی و نە نیشتیمانیی. ئەمە ناوەڕۆکی باسەکەیە.
٥. مامۆستایان بەئەژمارن و گەورەترین کەرتی خزمەتگوزاریی نیشتیمانیی لە فۆرمی فەرمانبەریەتی پێک دەهێنن. سەیرە بە سەدان و هەزاران مامۆستا ناتوانن خۆبرسیکردن لە هەموو شارەکاندا بە ئەنجام بگەیەنن و تەنیا چەند دڵسۆزێک لە سلێمانی لە دەڤەری سەوزدا دەیکەن. هەروەها سەیرتریشە کاتێک هیچ سەندیکایەکی تر، سەندیکاکانی هەموو پیشەکان کە بە دەیانن، ڕێکخراوە ناحکومیەکان، پشتگیریی خۆیان لە ڕێگای سەردانی لێرە و لەوێوە دەردەبڕن و بە سێڵفیەک و چایی خواردنەوەیەک ویژدانی سیاسیی خۆیان ڕەحەت دەکەن. ئەرکی سەرشانی ئەوان ئەوەیە بە کردەوە ىێنە مەیدان، چونکە وەک ئاماژەم پێ کرد، کێشەی مووچە کێشەی مامۆستایان نییە، بەڵکو کێشەی خەڵکە، کێشەی نەتەوە و نیشتیمانێکە.
٦. بە بێگومانییەوە ئەم مانگرتنە لە خواردن دەچێتە مێژووی ناڕازەیی دەربڕینی ئاشتیانە لە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستاندا. بە هیوای ئەوەی گەورەتر و بەرفراوانتر و گشتگیرتر بکرێت و ئاستی سیاسیی لە چاوەڕووانیی خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستاندا بێت. هاوکات هیوای تەندروستیی و سەرکەوتن بۆ ئەو بەڕێزە تێکۆشەرانە دەخوازم.