سلێمانی، گوندە گەورە حەیاتەکە! لە ساڵیادی ٢٤٠ هەمینی بە ئازارییدا!
11/19/2024 10:50:00 AM
ڕێبوار ڕەشید
چاومان هەڵهێنا لە سەر سەدەکە، سەروو دارۆغا لە تەپوتۆزی هاوینان و لە قوڕوچڵپاوی باران و لە بەفربارین و لە سەهۆڵبەندانی زستاندا هەموو پێکەوە یاریمان دەکرد. کچان و کوڕان پێکەوە یاری باجیباجێنە و چێشتەکوڵینە و هەلوکێن و تەق تەق کێ لە ماڵەوەیەیان دەکرد و ئێوارانیش ئەگەر هاوین بووایە لە نێوان کەلێن و بە سەر چیغی ستارەی سەر سەربانەکانەوە تریقانەوە و پێکەنین و وردەقسە بێ ماناکانمان هەر بەردەوام بوون.
شار ملێۆینێر و هەزارنێری تیادا نەبوو. پیاوان چایچیی و حەماڵ و کرێکار و ئاسنگەر و دارتاش و کەبابچی بوون و ئێواران هەموو جووت جووت و سیان و چوار بە ماندوویی بەرەو ماڵەوە دەگەڕانەوە.
شەڕەگەڕەکمان زۆر بوو. بە دارلاستیک و قۆچەقانیی شەڕەبەردێکمان لەگەڵ یەکدا دەکرد هەروەکو دوژمنی سەرسەختی یەکتر بین. زۆر لە هاوڕێکانم وەکو من بەخت یاریان نەبوو، ئێستایش نیشانەی بە بەرد شکاندن بە سەریانەوە ماوە. ژنان رۆژانە تا کاتی نووستن خەریکی کاروباری دووبارەبووەوەی ژیان بوون. هەموو ماندوو و وەڕس لە بەسەرهاتوو و ڕووداوە چاوەڕووانکراوەکان کە هەر بە سەر ئەواندا دەشکانەوە.
شەڕەژنانیش هەبوو، بە زۆریی لە سەر سەرەی خێرئاو و وردە شەڕی منداڵان و دەمەقاڵێی بیستنەوەی قسەوباسێک بوون کە گەورە دەکران. لەوێشدا هەر قوربانیی بوون.
لە ساڵانێکی بە ئازاردا گەورەبووین. هەموو هەژار و نەدار. سەردەستی مرادخانی و چۆغەکانمان بە چڵم سڕین دەبریسکانەوە. کچان لە ئێمە خاوێنتر بوون. هەموو جۆرە جلوبەرگێکیان لە بەر دەکردین. خۆشیی چێشتنی گەورەمان جێژنی رەمەزان و قوربان بوون. رۆژی جێژن ئەو دوو عانەیەی دەیانداینێ هەر بەشی یەک دوو جار سواری عارەبانەی یەکقامچیی و دووقامچیی و سوڕێک چەرخوفەلەک و کورسیکورسیی دەکرد و هەندێک خۆراکی منداڵانە کە ڕۆژانی تریش دەمانخواردن. خەڵکی شار پێکەوە دەسازان.
گەورەبووین و چووین بۆ خوێندنگا کە ئەوسا دەگوترا مەکتەب. لەو مەکتەبانەدا فێربووین گەڕەکچیەتیی نەکەین و نەماندەوێرا لەگەڵ ئەوانەدا کە لە گەڕەکە نەیارەکانەوە هاتبوون بە شەڕ بێین چونکە گۆشتمان بۆ مامۆستاکان و ئێسکمان بۆ دایکوباوکمان بوو.
ساڵان ڕۆیشت و سلێمانیمان بە شێوەیەکی دیکە دەبینی. کازیوەیەک لە پشتی گۆیژەوە خەرمانەی دەکرد و خۆر بە ئارامیی سەری دەردەهێنا. لە سەر سەدەکەوە بەرەو دارۆغا و توویمەلیک شۆڕ دەبووینەوە. لەگەڵ کاتدا بە حاجیحان و سابوونکەران و گوێژە و خانووەقوڕەکان و کارێزی وەستاشەریف کە دارستانێکی چڕ بوو ئاشنا بووین. لە پاش ١١ی ئازاری ساڵانی حەفتاکاندا هەڵپەڕکێی گەرمی پێشمەرگە و خەڵکی ئاساییمان لە سەر گردی سەلیم بەگ و لە تووەکەی مەلیک نمایشی دووانزەسوارەی مەریوان و کاوەی ئاسنگەرمان دەبینی. هەینینان بە دزیی دایکمانەوە رووەو کانی شەکراو و بناری گوێژە یان رووەو قووڵایی شار بۆ ناو گوزەرەکانی بەر بەلەدێکە، بۆ جادەی مەولەوی و بۆ خانەقا، جارێک بۆ مەجیدبەگ و کارێزەوشک و جارێک بۆ سەرشەقام و جوولەکان و ...ملمان دەنا.
سلێمانی وەکو شار دروست بووبوو. زوو بوو بە شاری مرۆڤی باش و شاعیران و ئەدیبدۆستان. شارێکی بچکۆلەی پاکوتەمیز بوو. رووخسارەکان یەکتریان دەناسیەوە. متمانە بە یەککردن لەو پەڕی گەرمیی خۆیدا بوو. شایی و زەماوەند و پرسە و سەرەخۆشیی تایبەتیی بوون. بە شووکردن و ژنهێنان نەدەگوترا زەواج.
لە مەکتەب فێری رێز و خۆشەویستیی دەکراین. پڕ بە دەنگی خۆمان سروودی "ئەی ڕەقیب" و "ئەی دلێران"و "خوایە وەتەن ئاواکەی"و "ڕاپەڕین"مان دەگوتەوە. سەردەستەکانمان پاک و دەستەسڕی دەم و لووت سڕینمان هەڵ دەگرت. ناوی ئەحمەدی خانی و فەقێی تەیران و جگەرخوێن و ئایشێشان و کاوێس قەفتان و گۆران و پیرەمێرد و حاجی و مەستوورە و هەموو ئەوانەی تر بە گوێمان دەکەوت و پێییان ئاشنا دەبووین.
لەم شارەدا دەنگی ئازادیخوازان بڵند بوو. شاری شیوعیە باشەکان و چەپە باشەکان بوو. شاری پێشمەرگە راستەقینەکان بوو، ئەوانەی بە چەند فلسێک و پاکەتێک جگەرە داستانیان تۆمار دەکرد. شاری "ژانی گەل" و "هەر کورد ئەبین" و شاری رەفیق حیلمی و محەمەد ئەمین زەکی و تۆفیق وەهبی و بێکەسی باپیر و بێکەسی باوک و فازل محەمەد و بابا عەلی و زێوەر و قانع و ئەخۆل و موکری و مەولانا و سالم و کوردی و کاکەی فەلاح و سەدان دەنگی بوێر و ئازا و ئازاد بوو. شاری خۆشویستنی نیشتیمان و ناسینی بەردەقارەمان و مێجەرسۆن بوو. لە ئەم شارەوە بوو ئەحمەد موختاربەگی جاف فێری دەکردین "بە بێ قەدری بە سەریا ڕامەبوورن، حورمەتی بگرن، گوڵاڵە سوورەی ئەم خاکە، خوێناوی جگەرتانە"! هەر لەبەرئەوە ئاسایی بوو سلێمانی لە شاری "ژین و ژیان" و "گەلاوێژ" ـەوە ببێت بە شاری ئارام و جەعفەر و شەهاب و هێرۆ ئیبراهیم و ئەو هەموو سەرە پڕ شانازیانەی مێژووی ئەم نیشتیمانە.
سلێمانی شار بوو. شارێکی نیمچەپیشەسازیی بوو. شاری بەرهەمهێنانی تووتن و کارگەی جگەرە بوو. شاری جۆڵایی و هەلاجیی و خومچیەتیی و پێستەخۆشکردن و چەخماخسازیی و مسگەریی و زین و کۆپان و مووڕستن و پیشەی دەستیی و شاری کارگەی چیمەنتۆ و شەکر و کارگەی پێڵاوی سیروان و شەهلای چلوورەی ئەرخەوان بوو. شاری بە یەک گەیاندنی حەیران و لاوک و سیاچەمانە و هۆرەی جاف و چریکەی زیرەک و ماملێ و عەلی مەردان و کاوێس ئاغا و حەسەن جەزراوی و تایەر تۆفیق و شەماڵ سائیب و قادر و حەمەساڵح دیلان و مەریەم خان و سەید عەلی ئەسغەر و تاد بوو. سلێمانی شاری سوعبەت و پێکەنین و نوکتە و گاڵتەوگەپ، شاری فەریقەکوێر، شاری کەوتن و هەستانەوە و بەرەنگاربوونەوە و کۆڵنەدان، شاری خۆشەویستیی و وەفا و چاوەڕووانیی، شاری موزیک و تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی زانکۆی سلێمانی بوو، شاری کەریم کابان و عوسمان عەلی و ئاڵا عومەر و پەیمان عومەر، شاری شانۆ و تپیە پێشڕەوەکەی بوو، شاری بەرزانی قالەی خەڵووز، دڵشاد مەریوانی و کەمال سابیر و بەدیعە دارتاش و گەزیزە عومەر و خالید زامدار و گەلێک ئەستێرەی تر بوو. شاری ڕووانین بۆ ئەو دیو سنوورەکانیەوە بوو.
رۆژنامەگەریی ئەمڕۆ بە گشتیی رۆژنامەی حیزبیی و ریکلامی بازرگانیی و ئەو پەیجە سێبەر و دروستکراوانەن کە کاری سەرەکیان شەڕەجوێن و بوختان و درۆودەلەسە و شکاندنی ژنان و ناونەتۆرە و شکاندنی پیرۆزیەکانی کوردوکوردستانن.
ئێستا سلێمانی لە هەڕەتی لاوییدا بە تەنیا ٢٤٠ ساڵ تەمەنەوە گۆچانی ڕوو لە هەورازی هەڵگرتووە. ماڵ و گەڕەک و گوزەرەکان لە پەنجا و شەست ساڵی ڕابردوودا هیچ نەگۆڕاون. بازاڕەکان وەکو خۆیان ماون، کۆڵانەکان لە ژێر فشاری با و باران و خۆرهەتاودا توێژیان هەڵ داوە و ڕووخسارەکان بە هەستی ئازار و نامۆبوون بە خود و بە چواردەور لە گرێیەکانی پیرەمەگروون دەچن.
سلێمانی ئەمڕۆ گوندێکە، دێیەکی گەورەیە و بە هەزار و یەک لادێ هەڵئاوساوە. هەر لادێیە و بنیەکیان لە دێیە و بنەیەکیان لە سلێمانییە و هەر یەکێکیان بە شوێنێکیەوە نووساوە. دیارە شارەکە بە سرووششیی گەورە نەبووە و زادەی گۆڕانکارییەکی نائاساییە. بە ئاسانیی هەموو دێیەک بە پێوەندیی ڕۆژانە و تۆپەڵەبوونیان لە شێوەی گەڕەکەماڵدا دەناسرێنەوە. مزگەوتی تایبەت بە خۆیان هەیە و ئەگەر لە دێکەیان کێشەی شەخسیان هەبێت ئەوا لە لادێکەی سلێمانییشیان رەنگ دەداتەوە و ئەو مزگەوتە دەکەن بە دوو مزگەوت.
رۆژێک لە رۆژان زاراوەی سۆرانیی سلێمانی لە تێکەڵاوبوونی دیالێکتی بابان و ئەردەڵان و موکریاندا هێدی هێدی دروست دەبوو. ئێستا لە هەر گیرفانە لادێیەکی سلێمانی لەهجەیەک هەیە و شتێک بە ناوی زمانی سلێمانییەوە نەماوە. سلێمانی ئەمڕۆ شارێکی تۆپەڵ تۆپەڵە کە هەر بە جادەی خوار و خێچ و چارەنووسی بێپلانەوە پێکەوە بەستراوە. لە سلێمانی ئەمڕۆدا ژمارەی مزگەوتەکان کێبڕکێی براوە لەگەڵ ژمارەی خوێندگاکان و نەخۆشخانەکاندا دەکەن. بنکەی کولتوریی و کتێبخانەی گشتیی و پارک کە گەنجانی نێر و مێ بە یەک بگەیەنن و بە کوچەوکۆڵانی موزیک و ئاواز و شانۆ و کولتوری خۆیان و بە جیهانی شارستانییدا بیانبات، تۆزیان لێ نیشتووە و پەژمووردە چاوەڕێی ئەو نوێژەبارانەیە دەکەن کە ناگاتە دەنگی هیچ خودایەک.
هیچ کاتێک لە مێژوودا وەکو ئەمڕۆ بۆدواوەگەڕانەوەی کولتوریی لە بواری موزیک و شانۆدا ڕووی نەداوە. شانۆ بە گشتیی بووە بە دەم پانکردنەوە و گاڵتەبەیەککردن و ڕابوواردن بە ژنان و بە دۆزی ژنان و بە دیفاعکردن لە کولتوری باوی دواکەوتوو، هاوکات کە گۆرانی چڕین بووە بە بەیتبێژیی لەو پەڕەی ڕستەی بێ مانا و هەلەقومەلەق کە هیچ ئاستێکی هونەری تیادا بەدی ناکرێت و یاخود کراوە بە نووزەنووز و خڕکردنەوە و کۆکردنەوەی دەم و لێو و نیشاندانی ڕووخسار و پێشانگای جلوبەرگ. هەر ئەم کولتورە داڕزاوە گەڕاوەیەیە کە لە پێش هەر شتێک لە بواری سیاسەت و پرینسیپە جیددیەکانی کۆمەڵگادا ڕەنگیان داوەتەوە.
سلێمانی پێڕانەگەیشت بە ئاشی شاربوونی خۆی شاڵاوی کولتوری دێهاتی بشکێنێت و لە ناو هەناوی خۆیدا هەزمی بکات و لە نوێگەرییدا بە کولتوری شار بیپشکوێنێتەوە. ئەو کۆچبەرییە بێوێنەیەی لە دێهاتەکانی دەوروبەریەوە گەمارۆی دا هەم بە هۆکاری سیاسەتی داگیرکاریی و هەم بە هۆکاری تری ناوخۆیی لە درێژخایاندا بوون بە بەخوریکردنەوەی ڕیسی شارستانییەتی سلێمانی.
لەوەبەر لە فیستیڤاڵی هەڵەبجەدا بینیوومانە و لە ساڵیادی سلێمانیشدا بە دڵنیاییەوە دەیبینین کە چۆن هەموو داهێنان و پێشکەوتنێکی کولتوریی شار لە دۆڵمە و بریانی فرۆشتن، ملوانکەی مێخەک و سێوی مێخەک کرێژ و سرکەیی بەحیجاببوودا خولاسە دەبێتەوە و بەناوی بەرهەمی خۆماڵی و هونەری ژنانەوە دەفرۆشرێنەوە.
لە سلێمانی ئەمڕۆدا بە دەگمەن هەڵدەکەوێت ئوتومبێلێک مۆڵەت بە پیادەڕۆیەک بدات بپەڕێتەوە، پرسەی مردنی ژنان بە ناوی پیاوانەوە تۆخ دەکرێنەوە و جلوبەرگ بۆ ژنان بووە بە هێمای شەرەف. دۆخێکی سترێس و ڕاکەڕاک سەرتاپای شاری داگرتووە، زمانی بازاڕ پڕە لە وشەی عەرەبیی یان ئینگلیزیی ناتەواو، بێمتمانەییەکی تەواو لە نێوان کڕیار و فرۆشیار و مامەڵەکارانی بازاڕدا بڵاو بووەتەوە، چاولێکەریی و دووپاتکردنەوەی ئەوەی هەیە و کراوە بیرۆکەی دۆزینەوە و داهێنانیان بردووە بۆ خاڵی سفر.
ئیسلامگەراییەکی سیاسیی بوختانچی و واتەواتکار و هێرشبەر بۆ سەر ژنان و هەر بیرێک لەگەڵ خۆیان نەگونجێت زۆرینەی مزگەوتەکانی کردووە بە گومڕانگا لە نیشتیمان و لە کولتوری پێشکەوتنخوازیی و شارستانیی ئازادیخواز. زانکۆ و خوێندنگاکان بوون بە حوجرەیەکی گەورە و خوێندن و زانست لە نێوان کەرتی ئەهلیی و حکومییدا بوون بە ناوەندی بەرهەمهێنانی ڕەشبینیی و باوەڕبەخۆنەبوون و تووڕەیی لە نیشتیمان.
ئێستا گۆڕستانی بێ ناونیشانان، لە پارکی ئازادیی کە بێکەسی باوک لەگەڵ رەگوڕیشەی دارسنەوبەرەکانیدا تێکەڵ بووە، لە گردی یارە کە مامەیارە گۆرانیی بەهار بە زەمزەمەی بولبولیەوە دەخوێنێت، لە گردی سەلیم بەگ کە شار هەڵپەڕکێی پێشمەرگەی دەکرد بە ڕەشبەڵەک، لە سەرچنار و دەرگەزێن و کانی ئاسکان و قەدپاڵەکانی ئەزمەڕ و ڕووخسارە بە هەیبەتەکەی پیرەمەگروون و تەنانەت لە پیرمەسووریش بەناوبانگتر و بەناونیشانترە. شەرەفی ونبووی ئەو پیاوانەی شار لەوێدا لە جەستەی بێناوی ئەو ژنانەدا پاک دەبنەوە و دەکڕدرێنەوە.
پیرەمێردی نەمر، باپیرەی خەمخۆر، رۆژنامەنووس و شاعیرە ئەدیبدۆستەکە، خوێندەوارە دەردەدارە کەی کورد، بە کارێزی وەستا شەریفدا بەرەو سەرەوەی سەیوان لە سەر ئەو گردە دانیشتووە و لە عەرشی پەروەردگاری ڕووانیووە کە سلێمانیەکەی بوو. نەورۆزان بە دەستی خۆی دۆڵمەی لێ ناوە و رۆشنبیرانی ئەو شارەی بانگهێشت کردووە و ئاگری نەورۆزی کردوەتەوە و زانیوویەتی سنگی کچانی شارەکەی و نیشتیمانەکەی چەندە بەرز و توندە. ئەو گردە، سەروپێچەکەی سەیوان، ئا بەو شێوەیە، لە هەناوی رەنجی پیرەمێردەوە بوو بە گردی مامەیارە. ئێستا هەموو حیزبێک گردێکی هەیە و تەنانەت تاکەکەسانیش گردی خۆیان هەیە. مامەیارە دێتە خەونم و پێی وایە هەر لە چاپخانە کۆنەکەی کار دەکات. بە دەم هاتن و چوونی بێ قەرارەوە پێم دەڵێت "دەمەوێت لەم شارە بارکەم، بڕۆم". دەڵێم یارە بۆ کوی دەڕۆیت، تۆ ئیتر لە ناو عەرشی پەروەردگاردایت.
بە دەم نوقمبوون و غەرقبوونی کەشتیە شەقوشڕە تورکیەکانی ناو دەریای سپی ناوەڕاستەوە کە ئەهلی ئەم شارە و ئەم هەرێمەیان بەرەو بەهەشتە دوورەکان هەڵگرتووە، بە دەم لەرز و ئارەقەوە، خەبەرم دەبێتەوە.
بە ڕۆژیش حەزرەتی سالم لە کۆڵم نابێتەوە و خەریکی نووسینی نامەیەکی نوێیە بۆ نالی. کە نامەکە دەخاتە دەستم هەر وا سپییە، پیتەکان نابینم. بە رووخساری پرسیاراویمدا تێ دەگات و لێم وەردەگرێت و دووبارە دەست دەکاتەوە بە نووسین و دەیداتەوە دەستم و سەرلەنوێ پیتەکان دەرناکەون. پێکەوە لە فرۆشیارانی ئەم شارە دەڕووانین کە بە دەوری بەرهەمی تورکیی و ئێرانییدا هەڵدەپەڕن و سەما و ریکلامیان بۆ دەکەن و بەرژەوەندیی پارە لە سەروو زمان و کولتوری ئازادیخوازیی و نیشتیمانپەروەرییەوەیە. شارەکەی سالم بووە بە ژێر بەرهەمی پلاستیکیی ئێران و تورکیاوە و کراوە بە سەرەنوێلکی بەرهەمی دەوڵەتانی دەراوسێ. لێی تێ دەگەم شیعرەکەی دەستکاریی دەوێت.
دیسانەوە نامەکە لە سالم وەردەگرمەوە. لە ژێر هەنکەهەنکی ڕاکردنێکدا خەبەرم دەبێتەوە، چنگم توند لە دەستماڵەکەی دایکم گیر کردووە، ئەو دەستماڵەی کە تەنیا دیارییەکی ئەو ژنە حاجی حانیەیە بۆم ماوەتەوە کە بە منداڵی پەلی دەگرتین و دەیبردین بۆ حەمامی بەرخی و تا پێستمان خوێنی تێ دەزا بە لفکە دەیشتین. نامەکەی سالم لە دەستمدا نەماوە.
بە کامە گوزەری شاردا بڕۆم کە بەرهەمەکەی پێشکەوتبێت و هەمان ڕووخساری ماندوو و هەمان ڕێگا و دیواری ماوە بەسەرچوو و هەمان دەڕابە و قوفڵ نەبینم. کەرتی پیشەسازیی ئەم شارە نادیارە و کەرتی تەندروستیی قەسابخانەیەکی ئەهلیە و کارەبا لەو کاتەوە کە بەداواکاری ئێران و تورکیا تەل و وایەر و کێبڵ و محاویلە و عەمودەکانیان دزی، هەر لە هەڕەتی نیشتیمانبوونی خۆیدایە و گەل لە خۆشەویستیی یەکسەرە دایە لە گەڵی. ڕۆژ بە رۆژ زۆرێک لە ئەو کارگانەش کە هەبوون بە هۆی بێ کارەبایی و هۆکاری ترەوە دادەخرێن کە هیوای بەرهەمێکیان هەبوو.
لە ڕووی سیاسییەوە زۆر هەیە بگوترێت و زۆر گوتراوە بەڵام گرینگترینی ئەوەیە کە حکومەتەکەی ماڵی بارزانی بایکۆتی لە سەر داناوە و بە شەڕەشەق پرۆژە سوێندلێخوراوەکانی دەگەنە مەنزڵ یان هەرگیز ناگەن. ئێستا لە جیاتی ڕۆشنگەریی و بزووتنەوەی ڕووناکبیریی و کتێبخوێندنەوە و بەرهەمی شانۆیی و تەلەڤیزیۆنیی و سینەمایی خۆماڵیی گەنجی ئەم شارە بە دیار سندوقی تەلەڤیزیۆنەوە کە پڕن لە زنجیرەی تورکیی و فارسیی و عەرەبیی بازاڕیی کە خۆیان بۆ بازرگانیی و پارەپەیداکردن بەرهەمیان دەهێنن، دادەنیشن و بێهوودە لە هەوڵدان لاساییان بکەنەوە. کچان و کوڕان عاشقی بیچمە دروستکراوەکانی ئەم زنجیرانە دەبن ولاسایی مۆدێلی فەرش و قەنەفە و گڵۆپ و جلوبەرگ و پێڵاویان دەکەنەوە کە نازانن ریکلامن بۆ بازرگانیی.
سلێمانی، گوندە گەورە شێواوەکە، باشترین و جوانترین و رۆشبیرترین گوندە گەورەی ئەم هەرێمەیە کە سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی دەبێت بە دۆلار و لیرە و تمەن و بە چەرخوفەلەکەکانی مێژوودا سەرەوخوار و سەرەوژوور بەرەو ئەو ئەشکەوتانە دەڕۆن کە بە منداڵی لە کتێبی ئەمیرئەرسەلاندا لە ژێر تەلیسمی جادووگەرێکدا نابینا دەکران.
سلێمانی، هێشتا لە بەراوورددا لەگەڵ دەستەخوشکەکانی تری لەم هەرێمەدا کە هەر گوندی گەورەن و بە مزگەوتی بێئەژماری گەورەوگران و ڕازاوە و تەنراو بە هەزارویەک مەلا و بە کولتوری شەڕەخوێن و بە ئەسپئەسپێنی عەشایەریی و سوڵحی عەشایەریی و بە دادگای لایەندار و بە دامەزراوەی نادیاری سەدان و هەزاران فەرمانبەرەوە، دەنازن. هەر شاری ڕۆشنبیرییە.
لە ٢٤٠ هەمین ساڵیادیدا لە سێبەری یەکێک لە شیعرەکانی قانع دا و بە سۆزی هەستی بەرزی نیشتیمانپەروەریی دڵدار ـەوە بە مەولەویدا دەچمە خوار و گوێ لە دەنگە بە سۆزەکەی قادر کابانی گۆڕونبوو دەگرم کە لە درزی پەچەی گۆران ـەوە بە سەر جادەی چۆڵ و سێبەردا تێپەڕ دەبێت. دەزانم ڕۆژێک دێت سلێمانی دەبێتەوە بە شارێک.
تێبینیی:
لە دیالێکتی سلێمانیدا دەگوترێت حاجی حان کە لە ڕاستییدا حاجی خان ـە. تورک ناتوانێت بڵێت خان، دەڵێن هان و ئیتر لە زاراوە سلێمانیەکەدا بووە بە حاجی حان. وشەی چەلەحانێ ـش بە هەمان شێوە هەر لە ژێر کاریگەریی تورکییدایە. وشەکە لە راستییدا چەنەخانێ ـیە، واتە خانەی چەنەلێدان. لە زاراوەی سلێمانییدا هەر لە خۆیەوە بووە بە چەلەحانێ کە هیچ مانایەکی نییە.