هەڵبژاردنەوەی ئیستەنبۆڵ
5/11/2019 11:53:00 AM
دڵزار عارف
دوای بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە ئیستەنبۆڵ لە لایەن لیژنەی باڵای
هەڵبژاردن، مشتومڕێکی گەورەی دروستکرد لە ناو خەڵک و پارتە سیاسیی و ناوەندە
ئەکادیمیەکانی تورکیا، چونکە هەموو لایەنەکانی دەرەوەی دەستەڵات، وای دەبینن
دووبارەکردنەوەی هەڵبژرادنەکان جگە لە بێ ڕێزی و شکانی شکۆی یاساو دیموکراسی شتێکی
تر نییە. تەنانەت هەر یەک لە ئەوروپا و
ئەمریکاش رەخنەی توندیان ئاڕاستەی بڕیارەکە کرد.
ئێستا وا بڕیارە لە ٢٣ حوزەیران دووبارە
هەڵبژاردن بکرێتەوە، ئەمەش لە هەناوی خۆی کۆمەڵێک کێشەی لەخۆیا هەڵگرتووەو بەدڵنیایەوو
کاریگەری دەبێت لەسەر شەرعیەتی دامودەزگاکانی دەوڵەت و قەیرانی بێمتمانەیی هاوڵاتیان
بەدوای خۆیا دەهێنێت، چونکە ئاکەپەو مەهەپە پاساوێکی مەعقولیان لەبەردەست نەبوو کە
بتوانن قەناعەت بە خەڵکو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بکەن بۆ دووبارەکردنەوەی
هەڵبژاردنەکە. ئاشکرایە پارتی دەستەڵاتدار نایەوێت بەهیچ جۆرێک ئیستەنبۆڵ لە دەست
بدات، چونکە لە زاکیرەی ئەردۆگان ئیستەبۆڵ یەکەم گۆڕەپانی سەرکەوتنیەتی و نایەوێت
بە ئاسانی بیدات بە هێزە نەیارەکانی، لە بەرامبەر هەر یەک لە جەهەپە و ئی پارتی و
هەدەپە و سەعادەت، دەیانەویت زۆر سەرسەختانە رووبەروی ئاکپارتی ببنەوەو ئیتر جڵەوی
حوکمی ئەم شارە لەدەستیان بهێننە دەرەوەو کۆتایی بە چیرۆکی سەرکەوتنەکانیان بهێنن،
چونکە ئۆپۆزسیۆنیش باش لەم راستیە گەیشتووە، ئەردۆگان بێ ئیستەنبۆڵ ناتوانێت
بەردەوام بێت و توشی شکەست و لێکترازان دەبێت، بۆیە هەردوو بەرەکە واتا بەرەی
ئاکەپەو مەهەپە لە بەرامبەر ئەتوانم بڵێم بەرەی ناچاری هەر یەک لە جەهەپە و
هەدەپەو ئی پارتی و سەعادەت و پارتی کۆمەنیست و کەوتونەتە بەرەکەی تر و زۆر توند
لەبەرامبەر یەک وەستاونەتەوەو هەردولای مکوڕتر و هەستیارتر کردووە لەسەر بەدەستخستنی
شارەکە، چونکە ئیستەمبۆڵ بە دڵو گیرفانی تورکیا دادەنرێت.
بڕیاری ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لەم شارە،
نەخشەی دابەشکاریەکەی زەقککردەوەو سەرتاسەری وڵاتی گرتۆتەوە ، ئێستا هێڵی هەردوو بەرەکەی
زیاتر تۆخکردەوەو چاوەڕێیش دەکرێت، زیاتر بەریەک بکەون و تا ئاستی
ئێسکشکاندن. بەڵام ئەوەی دەبینرێت رۆژبەرۆژ کاری ئەردۆگان و باخچەلی قورستر بووە،
چونکە هاوفکرو دامەزرێنەکانی ئاک پارتی وەک عەبدوڵا گول و داود ئۆغلۆ و علی بابا
جان، سەرسەختانە کەوتونەتە رەخنەو قسە لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و راشکاوانە
حکومەت و پارتی دەستەڵاتدار تۆمەتبار دەکەن و داوای چاکسازی و گۆڕینی رەوشەکە دەکەن.
بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن زەنگی ئاگادارکردنەوە بوو بۆ هەموو هێزو لایەن و
کەسایەتیە ناڕازیەکان، کە لەوەدەچێت گەیشتونەتە ئەو شوێنەی کە ئیتر پێوسیتە بێ
دەنگ نەبن و رووبەڕووی سیستەمە تازەکەی تورکیا ببنەوە.
لە لایەکی ترەوە پەیوەندیە نێودەڵەتیەکانی تورکیا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر
دەچێت، بە تایبەت لەگەڵ ئەمریکا لەسەر مەسەلەی کڕینی مووشەکی (S 400 )
رووسی، رۆژانە کۆنگرێسمان و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری بە
بەرپرسانی تورکیا دەدەن و داوایان لێدەکەن پاشگەزببنەوە لە کڕینی مووشەکەکە، چونکە
هەمیشە ئەو لێدوانە دووبارە دەکەنەوە، هەبوونی مووشەکێکی لەو جۆرە لەسەر خاکی
یەکێک لە ئەندامەکانی ناتۆ، واتا هەبوونی هەڕەشەیەکی جدیە لەسەر سیستەمی بەرگری
ناتۆ.. لە لایەکی تروەو کەیسی سوریا رۆژبەرۆژ ئالۆزتر و قورستر دەبێت و بۆتە
مۆتەکەیەک بۆ سیاسەت و دبلۆماسیەتی تورکی کە ناتوانن دەرچەیەکی گونجاوی بۆ بدۆزنەوەو بتوانن لەگەڵ هێزە دەسترۆێشتوەکان
لە سوریا بگەن بە رێکەوتنێک کە بەرژەوەندیەکانی تورکیای تێدا مەیسەر کرابێت ،
بەتایبەت مژاری ئیدلب و کورد دوو کێشەی ئالۆزن لەبەردەم دبلۆماسیەت و عەسکەری تورکی. جگە لەوە هەبوونی
چوار ملیۆن ئاوارەی سووری لەناو خاکی تورکیا، ئەمەش بۆخۆی بۆتە بارگرانی و فشارێکی
گەورەی ئابووری، کە لەوەدەچێت حکومەت هیچ سیاسەتێکی دروست واقیعیانەی نەبێت
لەبەرامبەریان
مەسەلەی ئابوری، لەهەموو بابەتەکانی تر زیاتر هاوڵاتیانی تورکیا پەرێشان
کرووە، هەڵاوسان و بێکاری و دابەزینی نرخی لیرە برستی لە هاولاتیانیان بڕیوە. کۆی
ئەو کێشانەی کە لە ناوخۆ و دەرەوە هەیە جارێکی تر راستەوخۆ دەبنەوە بەشێک لە کەرستەی کەمپینی هەڵبژاردن، بۆیە چاوەرێی هەڵمەتێکی
هەڵبژاردنی گەرم و توند دەکرێ لە نێوان هەردوو بەرەکە، بەڵام هەموو ئاماژەکان
جارێکی تر ئەوە دەردەخەن چانسی سەرکەوتنی ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆی جەهەپە زۆر زیاتر
بێت لە بنیامی یڵدرمی ئاکەپە، بۆ دڵنیابوون لەم ئەنجامە پێوسیتە چاوەڕیی ئێوارەی
٢٣ی حوزەیرانی داهاتوو بکەین.