188 کوردستان

حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی عێراق

03:35 - 03/07/2024

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

حکومەتی هەرێم بڕیاریدا یاسای خانەنشینی عێراق جێبەجێبکات و بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن، مانگی داهاتو لیستی موچەی خانەنشینی بە هاوتاکراوی رەوانەی بەغداد دەکرێت.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکە تایبەت بو بە هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن کەوتوە، لە کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە بە هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان لەگەڵ عێراق، بڕیارە لیستی موچەی مانگی تەموز-ی خانەنشینان بە هاوتاکراوی بنێردرێت بۆ بەغداد.

هەر ئەمڕۆ دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی راسپاردوە تا رۆژی دووشەممەی داهاتو لیستی موچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی رەوانەی وەزارەتەکە بکەن.

بۆ هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم، 100 ملیار دینار پێویستە، لە خشتەی بودجەی ساڵی (2024 و 2025)، کە پەسەندکراوە بەغداد مانگانە بڕی 965 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات، دوای هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان دەبێت حکومەتی عێراق ئەو بڕە پارەیەی زیاد دەبێت بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن