52 کوردستان

مەسرور بارزانی: بەڵینەکەمان جێبەجێ دەکەین و تا کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن مووچەخۆر دەبن بە خاوەنی هەژماری بانکی

03:59 - 03/07/2024

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی لە پۆستێکدا کە لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردوەتەوە، لەسەر ڕونکردنەوەکەی دادگای فیدڕاڵی دەڵێت: "ئەم پێشکەوتنەی ئەمڕۆ، زیاتر هانمان دەدات تا پرۆسەی #هەژماری_من خێراتر بکەین.

 

 ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی تەمووزی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە هەژماری بڵاوکردەوە و رایگەیاند: بەڵینەکەمان جێبەجێ دەکەین و تا کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن مووچەخۆر دەبن بە خاوەنی هەژماری بانکی.

 

هەروەها لەبارەی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، دڵنیایی دەدات.

 

دەقی پەیامەکە:

 پێشوازی لە ڕوونکردنەوەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی دەکەم سەبارەت بە بەشداربوونی بانکە حکومی و تایبەتەکان لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، #هەژماری_من.

 

وەک هەمیشە داکۆکیم کردووە، دەبێت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەمان مافی بەشەکانی دیکەی عێراقیان هەبێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆیان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، بەو مەرجەی بانکەکان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق @CBIiraq مۆڵەتیان پێبدرابێت و پەسەند کراو بن. ڕوونکردنەوەکەی ئەمڕۆ ئەو مافە بنەڕەتییە دووپات دەکاتەوە.

 

داوا لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەم بە زووترین کات خۆیان تۆمار بکەن.

 

ئەم پێشکەوتنەی ئەمڕۆ، زیاتر هانمان دەدات تا پرۆسەی #هەژماری_من خێراتر بکەین و بەڵێنەکەمان جێبەجێ بکەین کە تا کۆتایی ئەمساڵ، یەک ملیۆن مووچەخۆر ببن بە خاوەن هەژماری بانکی. هەروەها دڵنیایی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات و ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی دیکە خۆش دەکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن