64 کوردستان

ڕێکخراوی CPT: دوێنێ 45 تانک و زرێپۆشی تورکیا چوونە نێو گوندی سەرگەلێ لە قەزای ئامێدی

09:49 - 05/07/2024

زه‌مه‌ن - هه‌رێمی كوردستان

جوڵە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لەناو پارێزگای دهۆک بەردەوام لە زیادبووندان و بە وتەی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکایی دوێنێ پێنجشەممە 4ی 7ی 2024، سوپای تورکیا بە 45 تانک و زرێپۆشەوە بە دووری 6 کیلۆمەتر لە قەزای ئامێدی، هاتوونەتە نێو گوندی سەرگەلێ و لە ئەنجامی سێ جار لە بۆردومانەکانیان پتر لە نیوەی دارستان و ڕەز و باخی سنورەکەیان سوتاندووە.
گوندی سەرگەلێ بە دووری 6 کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی و لە ئێستادا تەنها 47 خێزان لەناو گوندەکەدا دەژین. بە پێی زانیاریه‌كان، جێگربوونی هێزەکەی تورکیا لە پشت گوندەکە بۆ ڕێگریی کردنە لە دزەکردنی چەکدارانی پەکەکە بۆ سەر هێزەکانی تورکیا.

کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکایی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە ئێمە، لە کاتژمێر 2 و 30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 45 تانک و زرێپۆشی سوپای تورکیا لە ڕێگەی ناحیەی بامەرنێوە بە قەزای ئامێدیدا تێپەڕیون و لە وێوە چوونەتە نێو گوندی سەرگەلێ. هێزەکە لە پشتی گوندی سەرگەلێ جێگیرکراوە و هەتا ئێستا سێ جار ناو گوندی سەرگەلێیان بۆردوومانکرووە."


کامەران عوسمان بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی وتیشی، "لەگەڵ هاتنی هێزەکەی تورکیادا، بە درێژایی شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا بۆردوومانی گوندەکانی نێوان گەلی ڕەشاڤا و گوهەرزێیان کردووە و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە 10 ڕۆژی ڕابردووشدا 55%ی دارستان و ڕەز و باخی گوندەکە بە تەواوەتی سوتاون."

رێکرخراوی سی پی تی ئەمەریکایی بڵاویکردەوە کە تورکیا لە مانگی دوازدەی ساڵی 2017ەوە هەتا مانگی چواری 2022، بە تەواوی 64 بنکە و بارەگای سەربازی لە خاکی هەرێمدا لە قوڵایی 12 بۆ 40 کیلۆمەتر دروستکردووە، سەرباری بوونی ئەو بارەگایانەش بەردەوام هێرشی سەربازی دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوەکە تەنها لە ساڵی 2023، تورکیا 1548 جار بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە جۆرێک زۆرینەی بۆردومانەکان لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگییەوە بوون کە ژمارەیان 1159 هێرشبووە، هەروەها 228 جاریش بۆردومانەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون، ئەوانی دیکە بە هەلیکۆپتەر و تۆپباران و تەقەکردن بوون.

مەسعود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی، سەبارەت بە جوڵە سەربازییەکانی ئەم دواییەی تورکیا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "زۆر ڕوونە تورکیا کۆمەڵێک ئامانجی هەیە لەناوچەکەدا، پێشووتر دەپەڕییەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست و لیبیا و زۆر شوێنی تر. لەوانە سەرکەوتوو نەبوو و بۆیە قەتیس مایەوە لە کوردستان. لە هەر شوێنێکیش پاساوی خۆی هەبوو لە کوردستانیش پاساوی بوونی پارتی کرێکارانە، بەڵام لە شوێنێکی وەکو بەعشیقە خۆ هیچ پەکەکەی لێنیە، کەچی سوپایەکی زۆری لەوێ کۆکردووەتەوە."

مەسعود عەبدولخالق پارتی دیموکراتی کوردستانی بە هاوکاری کردنی لەشکرکێشییەکەی تورکیا تۆمەتبارکرد.

هەتا بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، وتەبێژی پارتی لەسەر ئەم پرسە وەڵامی دەنگی ئەمەریکای نەداوەتەوە.

مەسعود عەبدولخالق وتیشی، "لێرە و لەوی وا باسدەکرێت کە عێراقیش لە گەڵ تورکیا دایە بۆ ئەم لەشکرکێشیە، بەڵام وەکو من تیگەشتووم عێراق لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا نییە و چەند ڕۆژیکی تر ڕەنگە بەیانی فەرمی هەبێت و ئەوە ڕەتبکاتەوە و ڕازیش نابێت بەم لەشکرکێشییە."
لە بەشێکی دیکەی ئاماری ڕێکخراوی سی پی تیدا ئەوە خراوەتە ڕوو تەنها لە ماوەی 15ی مانگی شەش بۆ 1ی مانگی 7ی 2024، واتا لەگەڵ دەستپێکی لەشکرکێشیەکە، تورکیا 151 جار بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی کردووە، ئەمە جگە لەوەی لە 6 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 833 بۆردومانی دیکەی کردووە و بۆردومانەکان بوونەتە هۆی ئەوەی دانیشتوانی چەندان گوند ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و گوندەکانیان چۆڵبکەن.

مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ڕاستیدا مەبەستی تورکیا لە هاتنە ناوەوە بۆ ناو خاکی کوردستان ئەوەیە هەرێمی کوردستان تێکبچێت، بەڵام تێکچوونەکە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێک لەگەڵ عێراق. چەند جارە لەگەڵ عێراق ئەو پێشنیارە دەکات کە ئەوان هێزەکانیان بکشێننەوە و هێزی عێراق ببنە جێگرەوە ئەوەش بە ڕوونی دیارە کە بە مانای ئەوەیە هەرێم تێکبچێت، بەڵام هەر ئەوەندە نا بە ئامانجی کۆمەڵێک ڕێکەوتن، کاتێک ئۆردوغان هاتە بەغدا دەیویست دەستکەوتێکی زۆری مادییان هەبێت بۆ تورکیا، لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجێکی تر کۆتایی هێنانە بە بوونی پەکەکە."

تورکیا سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانی، بەڵام نایشارێتەوە کە پلانی هێرشی بە فروانتری هەیە، بیانووکەشی پاراستنی وڵاتەکەی و سنورەکانێتی لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی لێیان دەڕوانێ.

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ڕاگەیەندراوێک یان لێدوانێکی لەبارەی هاتنە ناوەوەی فراوانی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان نەبووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن