149 کوردستان

مووچە دەکەوێتە سەر ڕێچکەی خۆی و پەنا بەخوا چیتر بابەتی مووچە نابێتە هەواڵی ڕۆژنامە و میدیاکان

09:19 - 07/07/2024

زەمەن - کوردستانى

 

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک هاونیشتمانی سنووری پارێزگای سلێمانی کە ئەمشەو بەشی یەکەمی بڵاوکرایەوە، گوێ لە داخوازی و داواکاری و کێشەکانیان دەگرێت و وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوە. لە پێشەکی قسەکانیشیدا ئامادەیی نیشان دەدات  پێکەوە"گفتوگۆیەکی خۆمانە و ڕاستگۆیانە لەسەر کۆمەڵێک بابەت" بکەن.

 

مەسرور بارزانى لە وەڵامی  پرسیارێکدا لەبارەی مووچە دەڵێت: "لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ گەیشتووینەتە تێگەیشتنی هاوبەش و بەردەوام دەبین، مووچە دەکەوێتە سەر ڕێچکەی خۆی و پەنا بەخوا چیتر بابەتی مووچە نابێتە هەواڵی ڕۆژنامە و میدیاکان".

 

هاونشیتمانییەکی دیکە لێى دەپرسێت، كەی كێشەی كارەبا چارەسەر دەبێت؟ لە وەڵامدا مەسرور بارزانى دەڵێت:  "خواست لەسەر كارەبا دوو هێندەی بەرهەمهێنانی كارەبایە، بەڵێنی چاككردنی كارەبا دەدەین و پلانمان هەیە كارەبا بكەین بە 24 كاتژمێر، بەڵام نازانین كەی پلانەكە تەواو دەبێت ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە كاری لەسەر دەكەین".

 

لە وەڵامی پرسیاری هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی چوارقوڕنە بەناوی "بڕیار سابر ئیبراهیم" سەربارەت بە خزمەتکردنی شاری سلێمانی هاوشێوەی هەولێر و دهۆک.  مەسرور بارزانى دەڵێت، "هەمیشە خۆم بە خزمەتکار و بچووکی هەمووتان دەزانم، ئەو ئەرکەی لەسەر شانمە بە ئەمانەتەوە وەرم گرتووە، خودا شاهیدە بە ئەمانەتەوەش ئیشەکانم کردووە و بەردەوامیش دەبم لەوەی ویژدانی خۆم و خوای خۆم و ئێوە لێم ڕازی ببن، ئەمە بۆمن گەورەترین سەروەت دەبێت ئەگەر خەڵک لێم ڕازی ببێت".

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن