مەزڵوم کۆبانێ: لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لە پەیوەندی بەردەوامداین و هەڵوێستی هەرێم بەرانبەر رۆژئاوا ئەرێنییە
03:29 - 28/01/2025
زەمەن _ کوردستانی
مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، هەڵوێستی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە رۆژئاوا ئەرێنییە و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لە پەیوەندیی بەردەوامدایە.
مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوار نیوز باسی لە رەوشی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و هێرشەكانی توركیا و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا و هەرێمی كوردستان كردووە.
سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بەرامبەر رۆژئاوا رایگەیاندووە، ئەو سەردانەی بۆ هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا سەردانێكی تایبەت بووە و لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەو سەردانەدا هیچ كۆبوونەوەیەكی تری ئەنجام نەداوە، تەنها پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم کردووە، بەڵام وەك ئاشكرایە لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەیوەندیی بەردەوامدان.
فەرماندەی گشتی هەسەدە ئەوەشی خستووەتە روو، بەشێوەیەكی گشتی هەڵوێستی هەرێم بەرامبەر رۆژئاوا ئەرێنیە و دەیانەوێت هاوكار بن لە دانوستانەكانیان لەگەڵ دیمەشق، دەشڵێت، "گرنگە لە رۆژانی داهاتوودا حزبە سیاسیە كوردییەكان لە رۆژئاوا كۆببنەوە، لە سەردانەكەمدا بۆ هەولێر، ئەو بابەتەمان باس كردووە و لایەنەكانی هەرێمیش پشتگیری ئەو هەنگاوەیان كردووە".
سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا مەزڵوم كۆبانێ ئەوەی خستووەتە روو، سوریا گۆڕانكارییەكی مێژویی بە خۆیەوە دەبینێت، بەڵام هێرشەكانی توركیا رێگری لەبەردەم هەوڵەكانی سەقامگیری و بنیادنانەوەی سوریا دروست دەکەن.
وتیشی، "داوام كردووە هێزە نێودەوڵەتییەكان فشار بخەنە سەر توركیا بۆ راگرتنی هێرشەكانی لە ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا".