نێچیرڤان بارزانى: لەگەڵ باڵیۆزى فەرەنسا جەختمان له يهكدهنگيى كورد له سوورياى نوێ‌دا كرده‌وه
09:10 - 29/01/2025
زەمەن - کوردستانى
سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز پاتريك دۆرێل باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له عێراق، ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و دۆخى سووريا و ناوچه‌كه، بيروڕايان گۆڕييهوه.
راشیگەیاندووە، له ديدارهكهدا دوايين پێشهاته‌كانى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا و تيمه‌كانى هه‌ردوولايان تاوتوێ كرد و هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆى لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان له‌سه‌ر بنه‌ماى لێكگه‌يشتن و ده‌ستوور.
هەر لە راگەیەندراوى سەرۆکایەتى هەرێمدا هاتووە، هه‌ردوولا بيروبۆچوونيان ده‌رباره‌ى دۆخى سووريا و دوايين پێشهاته‌كانى و پرسى كورد له‌و وڵاتە تاوتوێ كرد. له‌مباره‌يه‌وه، جه‌ختيان له گرنگيى تهبايى و يهكدهنگيى كورد و پاراستنى مافه‌كانى ته‌واوى پێكهاته جياجیاكان له سوورياى نوێ‌دا كرده‌وه.
دەشڵێت، گرنگیی پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له ناوچه‌كه و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه بوو كه به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى فه‌ره‌نسا له هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو.