عومەر گوڵپى: پارەى مووچەى مانگى 12 بۆ مووچەى مانگى 11 خەرجکراوە
07:14 - 29/01/2025
زەمەن - کوردستانى
ئەندامێکى لیژنەى دارایى لە خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت، پارەى مووچەى مانگى 12 بۆ مووچەى مانگى 11 خەرجکراوە، ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانى دواکەوتنى مووچە.
عومەر گوڵپى، ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێنجەمى پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەغداد بڕی 441 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 12 ناردووە، وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ مووچەی مانگی 11ی خەرجكردووە، ئەمە بووەتە هۆكاری دواكەوتنی تەرازووی پێداچوونەوە (میزان مراجعە) و دواجار دواكەوتنی مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵیش.
دەشڵێت، وەزارەتی دارایی عێراق گوتوویەتی چۆن دەبێت پارەیەك بۆ مووچەی مانگی 12 نێردرابێت، ئێوە لە خەرجیی مووچەی مانگی 11 بینووسن؟.. وەزارەتی دارایی هەرێمیش نازانێت چۆن چارەسەری ئەم كێشەیە بكات لە (میزان مراجعە)دا.
هەروەها راشیگەیاندووە، دەگەڕێینەوە بۆ زانیارییەكانی حكومەتی هەرێم، وەزارەتی دارایی هەرێم كە دەڵێت بۆ مووچەی ساڵی 2024 لە بەغداوە بڕی (10 ترلیۆن و 752 ملیار دینارمان بۆ هاتووە، خۆشمان بڕی 960 دینارمان خستووەتە سەر، ئەم دوو ژمارەیەش پێكەوە دەكاتە مووچەی دوانزە مانگ، بۆیە دەپرسین: كوا مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو.
باسی لەوەش كردووە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكەش پێویستە مووچەی مووچەخۆران لە بانك و بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی بێت كە دەڵێت لە بانكەكانی رەشید و رافیدەین و بازرگانی مووچە تەوتین بكرێت و ئامادەن، بەڵام هەرێم نایەت بۆ جێبەجێكردنی لەگەڵ رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ بە پێی یاسای بودجە و رادەستكردنی نەوت بە سۆمۆ تا هەموو بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە بێت بە (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان و پەرەپێدانەوە).