پێنج تیرۆریستی داعش لە دەوروبەری سلێمانی دەستگیرکران
10:13 - 28/01/2025
زەمەن - کوردستانی
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش, لەسێ ئۆپراسیۆنی سەرکەوتوو لەدەوروبەری سلێمانی، پێنج تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکردووە.
راشیگەیاندووە، لەماوەی ڕۆژانی ١٩-٢٣-٢٠٢٥/١/٢٦بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەچەند ئۆپراسیۆنێکدا، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تیرۆریستان توانیان پێنج تیرۆریستی داعش لە دەوروبەری سلێمانی دەستگیربکەن بەناوەکانی(ص ث ع)،(و ا ر)،(ص س ص)،(م ع ح)،(خ ب ع) سەرجەمیان داواکراوی دادگاکانی عێراق بوون.
دەشڵێت، تیرۆریستان بەمەبەستی خۆحەشاردان ڕوویان لە دەوروبەری سلێمانی کردبوو کەلەماوەی ڕابردوودا چەندین خولی شەرعی و سەربازیان بینیوە.
هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە، لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (٤)ی تیرۆر راگیراون و رووبەرووی یاساکراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.