ئایا ئەمریكا ناوچەی ئارام ڕادەگەیەنێت لە سوریا؟ا
1/30/2019 12:13:00 PM
ئومێد خدر
لەدوای هەواڵی بڵاوبونەوەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا باس و خواسی دروست كردنی ناوچەی ئارام لەسوریا گەرمتر بوە، ئایا ئەمریكا چۆن لە سوریا دەكشێتەوە؟ چارەنوسی كوردەكان چی دەبێت لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا؟توركیا ڕۆڵ و پێگەی دوای ئەوە چی دەبێت هەموو ئەوانە بونەتە باس و خواس و مانشێتی بەشێك لەو ڕۆژنامەو سایتانەی كە گرنگی بەكەیسی سوریا دەدەن كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا هەروەكو وتەبێژی كۆشكی كرملن ڕایگەیاند هەروا ئاسان نیە و دەكرێ چەندین ساڵ بخایەنێت، چونكە سوریا و ناوچەكەش بۆ ستراتیژی ئەمریكا گرنگە دەكرێ ئامانجی ئەمریكا لە بڵاوبونەوەی هەواڵی كشانەوەی هێزەكانی دروستكردن و ڕاگەیاندنی ناوچەی ئارام بێت پاڵپشت بەو هۆكارانە:
1-كوردەكان لەسوریا نزیكترین و متمانە پێكراوترین لایەنی سیاسی ئەمریكان یاخود دەتوانین بڵێین تاكە هاوپەیمانی ئەمریكان لەسوریا وە تەنها لەڕێگەی كوردەكانیشەوە دەتوانێ لەسوریا بمێنێتەوە ، كوردەكان سیاسەتی پراگماتی پەیڕەو دەكەن و دەتوانن خۆ بگونجێنن لەگەڵ ستراتیژی سیاسی و ئابوری ئەمریكا لە سوریا بەپێچەوانەی هێزەكانی تری ئۆپۆسزیۆنی سوریاو گروپە توندڕەوەكانی وەكو بەرەی نوسرە كە هەڵگری ئایدۆلۆجیایەكی دۆگماو توندڕەوی ئیسلامی سیاسی و مەزهەبین و كارتێكراون بەسیاسەتی توركیا.
2-دروستكردنی ناوچەی ئارام یارمەتی ئەمریكا دەدات لە جێ بەجێكردنی پلان و ئەجێنداكانی لەناویدا ڕیشەكێشكردنی داعش و گروپە توند ڕەوەكانی تر هەروەكو ترەمپ و كۆماریەكان لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییدا بانگەشەیان بۆ دەكرد.
3-ئەمریكا بەدرێژای شەڕی سوریا بەردەوام یارمەتی لۆجستی و سەربازی هێزەكانی یەپەگەو سوریای دیموكراتی داوەو مەشق و ڕاهێنانی پێ كردوون پارەی سەرف كردووە وا بەئاسانی دەستیان لێ هەڵناگرێت بەتایبەت ئەمریكیەكان كە لەسیاسەتی دەرەوە تیۆری واقعی پەیڕەو دەكەن و كار لەسەر بەدەستهێنانی قازانج دەكەن لەڕووی ئابوریەوە.
4-هەروەكو چاوەڕواندەكرێت لەچەند ساڵی داهاتوو ململانێ ی ئێران و ئەمریكا لەناوچەكە ڕوو لەهەڵكشان بكات بەتایبەت لەماوەی سەرۆكایەتی ترەمپ و كۆماریەكاندا بونی ناوچەی ئارام لەسوریا بۆ ئەمریكا یاریەكە ئاسانتر دەكات بۆ ئیحتوا كردنی ئێران و ڕژێمی ئەسەد.
5-كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەبێ زەمانەتی پاراستنی كوردەكان و ناوچەی ئارام وادەكات كوردەكان لەگەڵ ئەسەدو حكومەتی سوریا ڕێك بكەون ئەمریكاش بەوە دڵخۆش نیە، چونكە ئەمە دواجار دەچێتە خزمەتی سیاسەتی ئێران لەناوچەكە.-
6-ڕۆژئاوای كوردستان لەڕووی جیۆپۆلیتیكیەوە هەڵكەوتەیەكی گرنگی هەیەو دەكەوێتە چەقی ململانێ ی گروپە سونیەكان و گروپە شیعەكانی سەر بەئیران لە سوریا.
7-بونی ناوچەی ئارام وادەكات ڕۆڵی سیاسی و دیبلۆماسی ئەمریكا لەسوریا زیاتر بێـت بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی بەهێزبونی ڕۆڵی سیاسی نەیارەكانی .
ئومێد خدر