489وتار

پلاسخارت و ھەرێمی کوردستان

5/25/2022 9:00:00 PM
ئومێد خدر



بانگھێشت کردنی  حیزب و لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن پلاسخارتەوە بۆ کۆبونەوەی داخراو  چەند ڕۆژێکە بۆتە جێگەی مشتو مڕوباس و خواس.

پالاسخارت نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکانە، نەتەوە یەکگرتوەکان دەرھاویشتەو دەرئەنجامی جەنگی جیھانی دووەمە، واتە براوەکانی جەنگی جیھانی دووەم دروستیان کردوو، ھەیمەنەیان ھەیە بەسەریدا و تەحەکومی پێوە دەکەن و بەدیلی کۆمەڵەی گەلانە، ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی براوەی جەنگی جیھانی دووەمن و سەرکردایەتی بلۆکی ڕۆژئاوایان دەکرد لەبەرامبەر بلۆکی ڕۆژھەڵات کە یەکیەتی سۆڤیەتی جاران و روسیای ئێستا سەرکردایەتیان دەکرد.

 

بلۆکی ڕۆژئاوا  لەدوای ساڵی ١٩٤٥ کەجەنگی سارد دەستی پێکرد بانگەشەی بڵاوکردنەوەی فکرەی لیبراڵیزمیان دەکرد،  بڵاوکردنەوەی چەمکی دیموکراسیەت و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ ، پاراستنی مافی کەمینەکان، ئازادی بازاڕ و ئازادی میدیاو کاری ڕۆژنامەوانی و شەفافیەت و دیموکراسیەت ..ھتد لەسەردەمی جەنگی ساردا ئەم چەمکانە  گەیشتن بەبەشێک لەوڵاتانی ژێر ھەیمەنەو باڵادەستی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران روسیای ئێستا و سیتەمی دیموکراسی و ھەڵبژاردن تیاندا ھاتە ئاواراوە تا سەرئەنجام دیواری بەرلین ڕووخاو بلۆکی ڕۆژھەڵات تێکشکا، نەتەوەیەکگرتوەکانیش وەکو دەزگایەکی جیھانی و شەرعی  خۆی بەپارێزەری ئەم چەمکانە دەزانێت کە کەئەمریکاو بلۆکی ڕۆژئاوا بانگەشەی بۆ دەکات کار بۆ چەسپاندنی ئەو بەھاو فکرو ئایدۆلۆژیانە دەکات کە  ئەوان دەیانەوێت لەجیھاندا بڵاو ببنەوە لەم سۆنگەیەشەوە لەساڵی ١٩٩١ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان  لەبەرواری١٩٩١/٤/٥ لەکۆبونەوەی ژمارە ٢٩٨٢ بڕیاری ٦٨٨ ی دەرکردو ناوچەی دژەفڕینی ڕاگەیاندو فڕۆکەکانی ئەمریکاو فەڕەنساو ئەم بڕیارەیان بەکارھێناو جێبەجێیان کرد، ئەمەش دواتر بوو بەھۆی لەدایک بوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان.

 

ئێستاش کەپلاسخارت نوێنەرایەتی ئەم دامەزراوە جیھانیە دەکات جەخت لەسەر برەودان بەپرەنسیپەکانی دیموکراسەت و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی میدیاو ڕۆژنامەوانی بازاڕی ئازاد و ھەڵبژاردن دەکاتەوە، چونکە نەتەوەیەکگرتوەکان  وەک پارێزەری بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو ئەوروپا قەوارەی ھەرێمی کوردستان بەدەستکەوتی خۆیان دەزانن و نایانەوێت لەسەر ئەو نەخشەیە لابدات کەخۆیان دەیانەوێت  وەتا ئەو کاتەش بەرگری لێدەکەن کەبەرژەوەندیەکانی خۆیانی تێدا پارێزراوەو ئەو بەھاو پرەنسیپانە ممارەسەدەکەن  کە بەرژەوەندیەکانی ئەوان دەپارێزن.

 

ھەروەک بینیمان لەماوەی ڕابردودشدا ھەریەک لەنەتەوە یەکگرتوەکان و بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا بەیاننامەیان لەسەر ئازادی ڕۆژنامەوانی و گیراوانی بادینان دەرکردو ھاتنە دەنگ لەو کۆبونەوەیەشدا کەبڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە بکرێ لەگەڵ حیزبەکان  پێشبینی دەکرێ جەخت لەسەر ھەڵبژاردن و  دامەزراوەیکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی ھەرێم و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە  بکەنەوە واتە جەخت لەسەر ئەو بەھاو پرەبسیپانە دەکاتەوە کە بەرژەوەندیەکانی ئەوان دەپارێزێت.

 

ماوەتەوە سەر ئەوەی ئایا دەستەبژێری سیاسی ھەرێم گوێ دەگرن و ئەو ھەنگاوانە دەنێن کەبۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێم و دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی دیموکرات پێویستن یاخود بیری تەسکی حیزبی و کەسی ڕێگر دەبن و ڕۆژئاواو ئەمریکاش بیر لەبەدیل دەکەنە وە بۆ ڕۆژئاواو ئەمریکا گرنگ نیە کێ حوکم دەکات بەڵکو ئەوەی گرنگە  بۆ ئەوان  گرینگی جیپۆڵیتیکی ھەرێمی کوردستان  و چەسپاندنو دامەرزراندنی سیستەمی دیموکراسیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن