54وتار

چی دەگوزەرێت

3/30/2024 4:04:00 PM
ئومێد خدر

ماوەی چەند هەفتەیەکە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان لەدوای ڕاگەیاندنی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان تایبەت بەپرسی هەڵبژاردن و بەشداری نەکردنی لەهەڵبژاردنەکان جۆرێک لەشڵەژان و ناسەقامگیری پێوە دیارە هەروەها هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەدۆخێکی سەختی دارایی و دەرونیدا ڕۆژەکان بەڕێدەکەن، ئەم دۆخەی ئێستا دەرهاویشەی لێکەوتەی ڕیفراندۆمە، ڕیفراندۆم وەک مافی گەلێکی ستەمدیدە مافێکی ڕەوای گەلی کوردستان بو بەڵام کات و ساتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ کورد کارەساتبار بو بەتایبەت کە وڵاتێکی زلهێزی وەکو ئەمریکا زۆر پێداگری کرد کەڕیفراندۆم نەکرێت، یەکەم لێکەوتەی جەرگبڕی ڕیفراندۆم لەدەستدانی لەسەدا پەنجاو یەکی خاکی هەرێمی کوردستان و ئەم نیمچە سەربەخۆیەی هەرێم بو کەپێش ڕیفراندۆم باشوری کوردستان هەیبو. دوای ئەوە یەکەم کاری دادگایی فیدڕاڵی کەلەساڵی ٢٠٢٢ چالاک کراو دامەزرا

سەندنەوەی مەلەفی نەوت بو لەهەرێمی کوردستان کاری دوەمی دادگا بریتی بو لەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان دواتریش هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و دابەش کردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق و ڕاسپاردنی هەردوو بانکی ڕەشیدو ڕافیدەین بۆ کردنەوەی ژمارە حسابی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ، هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان ئەمانە ئەم بڕیارانەن کەدادگای باڵای فیدراڵی عێڕاق بڕیاری لەسەر دراون ، دوو کاریگەرترین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی  لەسەر هەرێم کەپێم وایە لەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کاریگەرترن پێدانی موچەو بەجێکردنی موچەیە لەلایەن  داداگای باڵای فیدڕاڵی عێڕاق، وەپێشم وایە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەهەرێمی کوردستان درێژەیان دەبێت لەداهاتودا ، لەسەر پرسی هەڵبژاردن و موچەی فەرمانبەران  حکومەتی هەرێم زۆر تەنگەتاوبوە تا ئەو ڕادەیەی کەپارتی هەڕەشەی ئەوە دەکات کەبەو شێوازە بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئایندەی هەرێمی کوردستان ناکات ، دۆخی سیاسی داهاتوی هەرێمی کوردستان لەبەردەم دوو سیناریۆیدایە:

یەکەم: پارتی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکات کە وابڕیارە سەرەتایی مانگی حوزەیران بەڕێوەبچێت، ئەگەر پارتی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات کەتائەم ساتە بڕیار وایە بەشداری نەکات ، دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان بەرەو خراپترو خراپتر دەچێت ڕەنگە دواتر دادگایی فیدڕاڵی بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکومەت بدات و مەترسی لەسەر شەرعیەتی قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست ببێت و هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەچێتە ناو تونێلێکی تاریکەوە.

دوەم: پێدەچێت لەدواساتەکانی پێشکەش کردنی لیستی کاندیدەکان کەکۆمسیۆن دوو جاری ماوەکە درێژ کردەوە پارتی لیستی ناوی کاندیدەکانی پێشکەش بەکۆمسیۆن بکات و بەشداری هەڵبژاردن بکات بەرامبەر جێ بەجێکردنی هەندێ داواکاری و کارئاسانیکردنی پارتی لەکۆمسیۆن و هەندێ بەڵێنێ پشتگیری ساسی لەگرینگترینیان جارێکی تر دانانەوەو قبوڵ کردنی مەسرور بارزانی بەسەرۆکی حکومەت، گرتنەوەی پارتی و  نزیک بونەوەی لەئێران لەڕێگای بەشێک لەدۆستەکانیان لەعێراق و بەتایبەت مالیکی و سەدر کەلەم دوایانەدا وەک باس دەکرێت لێک نزیک بونەوەیان هەیەو دەیانەوێت پارتی بخەنە ئەوە  بەرەیەی کە دەینەوێت محمد شیاع سودانی لاببەن. بەڵام لە هەردوو بارەکەدا نەخشەی سیاسی لەهەرێمی کوردستان دەگۆڕێت و پارتی جارێکی تر ئەو هەیمەنەی پێشوتری بەسەر ژیانی سیاسی لەهەرێمی کودستان نامێنێت بەتایبەت کاتێک کەکورسی کۆتاکان نەماوە. ئەگەری ڕوودانی سیناریۆی یەکەم زیاترە بەڵام زیانەکان و زەرەرمەندانی  سیناریۆی یەکه م تەنها  پارتی نیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن