سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگایی فیدڕاڵی عێڕاق
5/24/2023 9:23:00 PM
ئومێد خدر
ئەمڕۆ بۆ جارێکی تر دادگایی فیدڕاڵی عێڕاق دانیشتنی تایبەت بەدرێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی دوا خست بۆ 30-5_2023 ، چەند ئەگەرێک یان سیناریۆیەک لەبەردەم دادگای فیدڕاڵیدایە بۆ دانیشتنی داهاتوو سەبارەت بەچارەنوسی ماوەی درێژکراوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان. بەڵام بەهێزترین ئەگەرو سیناریۆ ئەوەیە کە دادگایی فیدڕاڵی لە دانیشتنی داهاتوو بڕیاربدات بەوەی کەدرێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نایاساییەو. وەهەمو ئەو بڕیارو یاسانەی کەپەرلەمان لەدوای تەمەنی یاسایی خۆی لە دوای 6-11-2022 نایاساین و هەڵدەوەشێنەوە. بۆچی ئەم ئەگەرە بەهێزە؟
یەکەم: ئەگەر دادگایی فیدڕاڵی بڕیارەکەی ئەوە بێت کە تەمەنی پەرلەمان یاساییە یان قەرارێکی تر بوایە هیچ پێویستی بەوە نەبوو چەند جارێک دانیشتنەکە دوابخات.
دووەم: هاوکات لەگەڵ بڕیاری بەنایاسایبونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دادگای فیدڕاڵی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێڕاق ڕادەسپێرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کردستان.
سێیەم: پارتی ئەم زانیاریەی هەیە کە دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی لەو چەشنە دەردەکات ڕەنگە تا ڕادەیەک لەگەڵی بێت چونکە لەکاتی بڕیاری بەنایاسایبونی درێژکردنوەی پەرلەمانی کوردستان تەواوی دەسەڵاتەکان دەدرێتە سەرۆکایەتی هەرێم کە سەرۆکەکەی پارتیە، بەڵام ئەوەی لەگەڵی نیەو ڕەتی دەکاتەوە ئەوەیە کە دادگا بڕیاردەدات کەکۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێڕاق هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەڕێوە ببات ، چونکە سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق یەکێیتیە واتە ئەندامی یەکێیتی نیشتیمانی کوردستانە کە ئەمە ترسە گەورەکەی پارتیە. هەربۆیەش پارتی ئەوەندە سورە لەسەر ئەوەی کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم کارا بکاتەوەو ، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کەپشکی پارتیە نوسراوی کردوە بۆ کۆمسیۆن و دام و دەزگاکانی تری حکومەتی هەرێم و وەنوسراوەکە لەڕۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاو کرایەوە.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە وایکرد دادگای فیدڕاڵی دنیشتنەکە دوا بخات ئەم کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بوو لەچەند ڕۆژی ڕابردو کە فراکسیۆنی پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێن کۆمسیۆن کارا کراوەتەوە ، بەمە پارتی نامەیەکی سیاسی نارد بۆدادگای فیدڕاڵی کە بەوە ڕازی نابن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێڕاق سەرپەرشتی و هەڵبژاردنی هەرێم بەڕێوە بکەن ، ئەو کۆبونەوەیەو دەرئەنجامەکەی ئەوەندی سیاسیە ئەوەندە یاسایی نیە، دەتوانین بڵێین هەر یاسایی نیە چونکە پارتی دەزانێت کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان خۆی نایاساییەو دادگای فیداڵیش هەر بەوشێوازە بڕیاردەدات، بەڵام پارتی تەنها لەو بڕگەیەی دادگای فیدڕاڵی ناڕازیە کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێڕاق ڕادەسپێرێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
ئەم چەند ڕۆژەی کەدانیشتنەکەشی دواخستوە دەیەوێ یەکێتی و پارتی لەسەر سیغەیەک ڕێک بکەون دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەو لایەنەی کە هەڵبژاردنەکە بەڕێوە دەبات، پەیامی ئەم ئێوارەیەی پلاسخارتیش ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیە بەهێزتر دەکات کەداوا دەکات حزبە سیاسیەکان بەپەلە بگەنە ڕێکەوتن دەربارەی هەڵبژاردن.