ئەستەمە پارێزگاری داهاتوی کەرکوک کورد بێت
12/20/2023 12:36:00 PM
ئومێد خدر
بەداخەوە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی
پارێزگای کەرکوک لەبەرژەوەندی کورد نیە!
ئەستەمە کورد بتوانێت کوردێک
بکاتە پارێزگاری کەرکوک هۆکاری ئەمەش بەشێکی زۆری پەیوەندیدارە بەناکۆکی لیست و
حزبە کوردیەکان کەنەیانتوانی یەک لیست دروست بکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ، هۆکاری دوەم ئەوەیە
کە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیش کورد یەکڕیز نیە و یەک دەنگ نابن و کورسیەکانیان یەک
ناخەن لەپێناو دانانی پارێزگارێکی کورد ، کەتائێستا کورد خاوەنی حەوت کورسیە لەکۆی
16کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ، عەرەب خاوەنی شەش کورسیەو تورکمانیش خاوەنی
دوو کورسیە. یەک کورسی کۆتاکان ماوە تا ئێستا یەکلای نەبۆتەوە دەنگدانی تایبەت یەکلای
دەکاتەوە، بۆچی ئەستەمە کورد بتوانێت پارێزگارێکی کورد دابنێت؟
یەکەم: پەرتەوازەیی و ناکۆکی کورد کەناتوانن
بەیەک تیم لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کاربکەن بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد.
دوەم: کەمی ڕێژەی کورسیەکانی کورد لەئەنجومەنی
پارێزگای کەرکوک کەتائێستا خاوەنی حەوت کورسیە.بەراورد بە هەڵبژاردنی 2005 کورد
کورسیەکانی کەمی کردوە زۆرینە دەبێ خاوەنی نۆ کورسی بێت.
سێیەم: عەرەبی سونە لیستەکەی ڕاکان جبوری و خەمیس خەجەرو
حەلبوسی و عەرەب بەگشتی خاوەنی شەش کورسیە ، عرەبی سونە و بەتایبەتیش خەمیس خەنجەننەرو
حەلبوسی کاریگەری گەورەی تورکیایان لەسەرە، هەروەها بەرەی تورکمانی کەخاوەنی دوو
کورسیە بەهەمان شێوە لەژێر هەژمونی تورکیادان دور نیە پارتی کە خاوەنی دوو کورسیە بەتەوافق لەگەڵ دوو هێڵەکەی پێشو کاربکەن
بۆ دانانی تورکمانێک بەپارێزگای کەرکوک.
چوارەم: عەرەبی سونە چاویان لەوەیە کە
جارێکی تر بەهەماهەنگی لەگەڵ تورکمانەکان ڕاکان جبوری دابنێنەوە بەڵام ئەگەر نەیانتوانی
ئەوە بکەن هەڵبژاردنی دوەمیان گفتوگۆکردنە لەگەڵ تورکمانەکان و پارتی بۆدانانی پارێزگارێکی
تورکمان.
پێنجەم: یەکێکی تر لەو ڕێگریانەی کەهەیە
لەبەردەم کورد بۆ دانانی پارێزگار لەیاسای ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دا هاتوە دەبێ
پێکهاتەکان تەوافق بکەن بۆ دیاریکردنی پارێزگار، بەڵام لەدواجاردا کێ خاوەنی نۆ
کورسی بێت ئەم دەبێتە خاوەن سفرە. لەم ڕوەوە ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ دەنگەکانیان
بو به هۆی ئەوەی کە کورد یەک کورسی لەدەستبدات دەنگەکانیان بچێتە خزمەتی عەرەبی
سونەو هێڵی تورکیا جا ئایا ئەمە نەزانین بوە یا ڕێکەوتن نازانین بەڵام زەڕبەیان لەکورد
دا.
شەشەم: یەکێتی کەخاوەنی زۆرترین کورسیە
و براوەی یەکەمە ، هاوپەیمانە کۆنەکەی نەیارە
سەرسەختەکەی کەپارتیە خاوەنی دوو کورسیە، ئەگەر نەڵێم موستەحیلە ئەستەمە پێی قبوڵ
بێت کە پارێزگار لەیەکێتی بێت، ئەگەر بشیانەوێت تەوافق بکەن ئەستەمە پێنج بەدوو
کورسی بگەنە ڕێکەوتن به هۆی ئەو ناکۆکیە مێژویەی کەهەیانە. پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی
پارێزگای کەرکوک دەنگۆیەک بڵاو بویەوە کە تورکمانێک دەبێتە پارێزگار، ڕۆژی دەنگدانیش
بەرپرسێکی پارتی وتی کوردستانیەک دەبێتە پارێزگاری کەرکوک.
لەبەر ئەم هۆکارانە ئەستەمە پارێزگاری
داهاتوی کەرکوک کورد بێت.
بەڵام لەکۆتایدا هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت
کە کەرکوک کوردستانە.