باڵیۆزخانەو نوێنەرایەتییەكانی عێراق لە دەرەوە لە گەندەڵییەوە گلاون
12/27/2020 2:09:00 PM
بڵێسە جەبار فەرمان
بەپێی راپۆرتی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، عیراق بە یەكێك لە گەندەڵترین وڵاتانی
جیهان دەژمێردرێت.
ئەم پەتایە نەك هەر دامەزراوەكانی حكومەتی لە ناوەوەی وڵات بەتەواوی گرتۆتەوە،
بەڵكو باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەكانیشی لە دەرەوە گرتۆتەوە، نوێنەرایەتیش واتا دەزگایەكی
حكومی كە نوێنەرایەتی وڵاتیك لە وڵاتێكی دیكەدا دەكات.
حكومەتان لە رێگەی كردنەوەی نوێنەرایەتییەوە هەوڵی پەرەدان بە پەیوەندیی دیپلۆماسی
و ئابووریی و زانستییەكانیان دەدەن. هەروەها بەرژەوەندییەكانیان لە وڵاتان دەپارێزن.
ئەركێكی تری نوێنەرایەتییەكان خزمەتكردنی هاووڵاتیانی خۆیانە لەو وڵاتانە و
كارئاسانیان لە ئیشوكارەكانیاندا بۆ دەكە لەگەڵ پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی وڵاتی
خانەخوێ.
هەمیشە وڵاتان نوێنەرایەتییان لەو وڵاتانە دەكەنەوە كە پەیوەندیی ئابووریی
توندوتۆلیان لەگەڵیاندا هەیە.
نوێنەرایەتییەكان خەرجییەكی ئێجگار زۆریان هەیە و نوێنەرەكان پلەكانیان لە
پلەی وەزیران باڵاترە.
واپێویستە بینای نوێنەرایەتییەكان هەمیشە لە شوێنی زۆر گرانبەهادا بن، چونكە
شكۆی وڵاتەكانی خۆیانن.
ئەو وڵاتانەی كە رەهەندێكی زۆریان لە تاراوگە هەیە و دژبە حكومەتەكانی خۆیانن،
لەلایەن چەكدارێكی زۆرەوە دەپارێزرێت و پاشكۆی سەربازیی و ئەمنیان هەیە بەدەر لە
پاشكۆی ئابووریی و زانستی.
عیراق 88 بارەگای نوێنەرایەتیی لە وڵاتاندا هەیە و گەندەڵیش زۆربەی نوێنەرایەتییەكانی
عیراقی گرتۆتەوە.
وەك چۆن لە ناوەوەی وڵات گەندەڵی زۆربەی هەرە زۆری دامودەزگاكانی وڵاتی گرتۆتەوە،
لە دەرەوەش بەهەمان شێوە. عیراق لە هەندێك وڵاتدا نوێنەرایەتیی هەیە كە هیچ پەیوەندییەكی
ئابووریی لەگەڵیاندا نییە و هیچ هاووڵاتییەكی عیراقی لەو وڵاتەدا نین، بۆ نموونە وڵاتێكی
وەك كینیا.
لەگەڵ ئەوەی عیراق لە كینیا نوێنەرایەتی هەیە و 34 كارمەند لەوێ كاردەكەن،
جگە لە باڵیۆزی عیراق، هیچ پەیوەندییەكی ئابووریی و زانستی ئەم دوو وڵاتە پێكەوە
نابەستێتەوە، تەنها چوار هاووڵاتی عیراق لەو وڵاتەدا دەژین.
عیراق نوێنەرایەتیی لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا و هەروەها نوێنەرێكی ئیسلامی
لە ڤاتیكان هەیە، كە تەنها چەند مەترێك لە یەكترییەوە دوورن.
یەكێكی دیكە دیاردەی گەندەڵییە لە نوێنەرایەتییەكان كە بریتیە لەو كارمەندانەی
لەوێ پلەی بەرزیان هەیە و بێ هیچ مەرجێكی دیپلۆماسی دانراون. مەرجێك كە تێیاندایە
پەیوەندیی خوێش و خزمایەتییە لەگەڵ سیاسییە گەورەكانی وڵات. بەشی هەرە زۆریان منداڵ
و خێزانی سیاسییەكانن و هیچ ئەزموونێكیان لەبواری پەیوەندیی و دیپلۆماسییدا نییە.
چاكسازیی پێویستە سێكتەری دەرەوەش بگرێتەوە
لەكاتێكدا كە عیراق لە دۆخێكی ئابووریی سەختدایە و نەبوونی خزمەتگوزاریی و
دامەزراندن هەزاران هاووڵاتی بردۆتە سەر شەقامەكان و كە هەر ئەو گوشارەی شەقامیش
بووە هۆی رووخانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی.
بە گژداچوونەوەی گەندەڵیی، یەكێك بوو لە بەڵێنەكانی كابینەكەی مستەفا كازمی
ئەوەش بەمەبەستی پڕكردنەوەی خەزێنەی حكومەت و چارەسەركردنی ئەو كورتهێنانەی كە
ئابووریی وڵاتی گرتۆتەوە، بۆئەوەش چەند هەنگاوێك گیراوەتەبەر كە لە بەرژەوەندیی
هاووڵاتیاندا نییە:
یەكێك لەو رێوشوێنانە، بەرزكردنەوەی بەهای دۆلارە كە زیانێكی زۆر بە بازاڕی
دراوی عیراق و كاڵای ناوخۆیی و گیرفانی هاووڵاتیان دەگەیەنێت.
رێگەیەكی تر، كەمكردنەوەی دەرماڵە و مووچەی فەرمانبەرانە لەگەڵ چەندین هەنگاوی
تر.
بە بۆچوونی من دەبێت كەمكردنەوەی نوێنەرایەتییەكان و چاكسازیی تیایاندا لە
پێش هەموو هەنگاوەكانی ترەوە بێت.
ئەگەر بێت و بەراوردێك لەنێوان چەند وڵاتێكی پێشكەوتوو و عیراقدا بكەین، دەبینین
كە بۆ پەرەدان بە ئابووریی و پەیوەندیی دیپلۆماسی وڵات، پێویست بە كردنەوەی ئەو هەموو
باڵیۆزخانەیە ناكات.
نەمسا كە یەكێكە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان و لە وڵاتە خۆشگوزەرانەكانە بۆ
هاووڵاتییەكانی، تەنها 80 نوێنەرایەتیی هەیە.
دانیمارك تەنها 67 نوێنەرایەتی و نەرویج 79 و سوید 88.
ئەم وڵاتانە داهاتی تاك تیایاندا بەرزە و ژیانی هاووڵاتی تێیاندا پارێزراوە.
حكومەتی عیراق دەبێت نوێنەرایەتییەكانی لەو وڵاتانەدا دابخات كە پەیوەندیی
ئابووریی لەگەڵیاندا نییە و كارمەندانی نوێنەرایەتییەكان كەم بكاتەوە و ئاڵوگۆڕ
بكات بە كەسانێك كە شایستەی نوێنەرایەتی كردنن.