555وتار

په‌رله‌مان وه‌ك ده‌زگایه‌ك بۆ مۆركردنی بڕیاره‌كان

4/5/2019 2:06:00 PM
دارا محه‌مه‌د

له‌ زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی نوخبه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتدار حوكمده‌كات‌ سه‌رۆكایه‌تی پۆسته‌ حكومی و حیزبیه‌كان تیایدا به‌ میراتی ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كانیان و هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی به‌شداریكردن له‌ حوكمڕانی و حیزبی سیاسیدا ده‌بێته‌ قۆرخی ده‌سته‌یه‌ك و نوخبه‌یه‌ك. له‌م شوێنانه‌دا هه‌ڵبژاردن هه‌موو مانا دیموكراسیه‌كانی خۆی له‌ده‌ستده‌دات و به‌شداریكردنی هاوڵاتیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا بوونی نامێنێت. لێره‌وه‌ ئه‌م نوخبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌‌ ده‌ست به‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ ئابوریه‌كانی وڵاتدا ده‌گرێت و ئیمپراتۆریه‌تێكی سیاسی و ئابوریی دروستده‌كات و پاراستنیشی پێویستی به‌ كۆكردنه‌وه‌ی هێزێكی سه‌ربازیی و چه‌كداریی گه‌وره‌ هه‌یه‌. ئه‌م هێزه‌ سه‌ربازیه‌ چه‌كداره‌ هێزێكی نیزامی نیه‌ كه‌ به‌ پێی یاسایه‌كی دیاریكراو رێكخرابێت و به‌ پێی فه‌رمانی حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌یه‌كی به‌رگریی بجوڵێنرێت. به‌ڵكو له‌ كۆمه‌ڵێك هێزی جیاوزی نانیزامی پێكدێت كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان وه‌لائیان بۆ كه‌س و ده‌سته‌و خێزانێك هه‌یه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌مانه‌وه پاره‌یان بۆ دابینده‌كرێ. له‌ دۆخێكی سیاسی له‌مجۆره‌دا هه‌موو ئه‌و ده‌زگایانه‌ی كه‌ ده‌بێت له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تدا بن ده‌كه‌ونه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ به‌ په‌رله‌مانیشه‌وه‌.



له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی له‌به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی مۆدێرنیزمدا كه به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وروپا به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینی له‌ شۆرشی پیشه‌سازی و پێشكه‌وتنی ئابوریی و ته‌كنه‌لۆژیی و سه‌ربازیی و جه‌نگیه‌وه‌، هه‌ستیانكرد كه‌ ئه‌وانیش ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وته‌دا بڕۆن و گۆڕانكاریی له‌ سیستمی سیاسیاندا بكه‌ن و ده‌ستورێك دابمه‌زرێنن. ئه‌مه‌ش له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی بتوانن شانبه‌شانی ئه‌وروپیه‌كان هه‌نگاو بنێن تا توانای ململانێكردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌وروپیه‌كاندا هه‌بێت كه‌ دژایه‌تی به‌رفراوانبوونی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانیان ده‌كرد. لێره‌وه له‌ دنیای ئیسلامدا له‌ سه‌رده‌می‌ سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌مدا له‌ ساڵی ١٨٧٧ دا یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان سازدرا. به‌ڵام كاتێك ئه‌م په‌رله‌مانه‌ پاش كه‌متر له‌ ساڵێك ده‌ستی كرد به‌ ره‌خنه‌گرتن له‌ سوڵتان سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌ته‌كانی و ناتوانایی سه‌ربازیی ئه‌و، سوڵتان له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ په‌رله‌مانی داخست و كاره‌كانی هه‌ڵپه‌سارد. هه‌تا سوڵتان له‌سه‌ر حوكم بوو په‌رله‌مان به‌ داخراویی مایه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ٣٠ ساڵی پێچوو ته‌نها ئه‌و كاته‌ په‌رله‌مان جارێكی دیكه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ سوڵتان له‌سه‌ر حوكم لابرا.



بێگومان ئه‌م مۆدێله‌ له‌ سیاسه‌تكردن‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ دنیای ئێمه‌دا هه‌یه.‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ٢٠١٥ دا  به‌ زۆر داده‌خرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات‌‌ پێگه‌و ماوه‌ی سه‌رۆك بخاته‌‌ ژێر پرسیاره‌وه‌،‌ ئه‌مه‌ش له‌ سیستمێكی حوكمڕانیدا كه‌ خۆی له‌سه‌ر ئه‌م مۆدێله‌ بنیاتناوه‌ كه تیایدا‌ سه‌رۆك بریتیه‌ له‌ سوڵتان‌ و خۆی له‌سه‌روو هه‌موو ده‌زگاكانه‌وه‌ دێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵناكرێت. په‌رله‌مان چ ده‌زگایه‌كه‌ بتوانێت له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی سوڵتان بكۆڵێته‌وه‌و پرسیاری له‌سه‌ر دروستبكات. په‌رله‌مان له‌م جۆره‌ سیستمه‌دا ده‌بێت ته‌نها فه‌رمانگه‌یه‌ك بێت بۆ مۆركردنی بڕیاره‌كانی سه‌رۆك و مه‌كته‌ب سیاسیه‌كان و نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار. هه‌تا ئێستا په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ ده‌زگایه‌كی یاسادانانی سه‌ربه‌خۆ كه‌ توانای رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا هه‌بێت و ببێته‌ ده‌زگایه‌ك بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ كاره‌كانی حكومه‌ت. په‌رله‌مانی ئێستای كوردستان به‌ شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌ كه‌ زۆر به‌ئاسانی هه‌موو بڕیاره‌كان و ویستی سیاسی ئه‌م حیزبه‌ تێده‌په‌ڕێنێت. تێڕوانینی پارتی و یه‌كێتی بۆ په‌رله‌مان ئه‌و شوێنه‌ نیه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی تیا پیاده‌ ده‌كرێت، به‌ڵكو ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ بڕیاره‌كانی هه‌ردوو نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ناو به‌یاسایی ده‌كات.



لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌ نمونه‌یه‌كی جیاواز بده‌م له‌م نمونه‌یه‌ی په‌رله‌مان له‌ سایه‌ی بوونی سوڵتانێكدا كه‌ په‌رله‌مان یه‌كسان ده‌كات به‌ فه‌رمانگه‌یه‌ك بۆ مۆركردنی بڕیاره‌كانی سوڵتان و نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار. له‌ ئێستادا‌ وڵاتی به‌ریتانیا خه‌ریكی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یه له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، حكومه‌ت له‌به‌رده‌م قه‌یرانێكی قوڵی رازیكردنی په‌رله‌ماندایه‌. بێگومان من لێره‌دا باس له‌ گرفته‌كان و ئه‌و كێشه‌ و مێژووه‌ ناكه‌م كه‌ ده‌توانین له‌ رێگه‌یه‌وه ره‌خنه‌ ئاراسته‌ی‌ سیستمی په‌رله‌مانی به‌ریتانی بكه‌ین، ئه‌مه‌ لێره‌دا مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره‌ نیه‌.‌ ئه‌و خاڵه‌ی ده‌مه‌وێ به‌ كورتی باسیبكه‌م ئه‌مه‌یه‌: په‌رله‌مانی به‌ریتانی به‌و رێكه‌وتنه‌ رازی نیه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی یه‌كێتی ئه‌وروپادا ئاماده‌‌ی كردووه.

 

سه‌رۆك وه‌زیران تا ئێستا سێ جار ئه‌م رێكه‌وتنه‌ی هێناوه‌ته‌‌ ناو په‌رله‌مان بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان تا حكومه‌ت بتوانێت بڕیار وه‌ربگرێت، به‌ڵام هه‌موو جارێك شكستی هێناوه‌ و ده‌نگی زۆرینه‌ی به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌. پاش ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان نائومێد بوو گه‌یشته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ حكومه‌ت ئاماده‌ نیه‌ گۆڕانكاری له‌و رێكه‌وتنه‌دا بكات، په‌رله‌مان وه‌ك ده‌زگایه‌كی یاسایی هاته‌ پێشه‌وه‌ و موباده‌ره‌كه‌ی له‌ حكومه‌ت سه‌نده‌وه‌ و ده‌ستیكرد به‌ تاوتوێكردنی ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌  به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ده‌نگدان له‌سه‌ری.

 

به‌پێی ئه‌م كارنامه‌یه‌ی په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و پرۆژانه‌ توانای به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی هه‌بێت، ئه‌وا په‌رله‌مان حكومه‌ت ناچارده‌كات كه رێكه‌وتن‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپادا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پرۆژه‌یه بكات. كه‌واته‌ خاڵی جه‌وهه‌ری لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مان وه‌ك ده‌زگایه‌كی به‌هێزی یاسایی به‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌شه‌وه‌ كه‌ سه‌ر به‌ حیزبی كۆنسه‌رڤاتیڤن و ئێستا له‌ ده‌سه‌ڵاتدان و حكومه‌تیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، ئاماده‌ نیه‌ له‌سه‌ر دۆزێكی گرنگی نیشتمانی پێگه‌ی خۆی لاواز بكات و بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری و ركێفی حكومه‌ته‌وه‌.



له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م نمونه‌یه‌دا كه‌ تیایدا په‌رله‌مان شه‌ڕ له‌ پێناوی سه‌ربه‌خۆبوون و پێگه‌و گرنگی خۆی ده‌كات له‌ وه‌رگرتنی بڕیاره‌كان و سازش نه‌كردن به‌ بنه‌ماكانیه‌وه‌. په‌رله‌مانی ئێستای كوردستان سه‌ربه‌خۆیی خۆی و ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه‌ ده‌بێت وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی بنه‌ڕه‌تی حوكمڕانی كاربكات له‌ده‌ستداوه‌. په‌رله‌مان له‌و فه‌رمانگه‌یه‌ ده‌چێت كه‌ زۆرینه‌یان كارمه‌نده‌كانی حیزبێكن، واته‌ پارتی، مۆرێكیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر بڕیارێك له‌ سه‌رۆكایه‌تی پارتیه‌وه‌ بێته‌خواره‌وه‌ ئه‌وان مۆری ده‌كه‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنی. باشترین نمونه‌ش بۆ ئه‌مه‌ ئه‌و كاره‌یه‌ كه‌ پارتی ده‌یكات بۆ كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان وه‌ك ده‌زگایه‌ك بۆ به‌ناو به‌یاساییكردنی ئه‌م بڕیاره‌ به‌كارده‌هێنرێت. كۆنترۆڵكردنی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ پێشهاتێكی مه‌ترسیداری موماره‌سه‌یه‌كی نادیموكراسیانه‌ی حوكمڕانیه.‌

 

ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی دیكه‌ كار له‌سه‌ر سنورداركردنی ئه‌م هه‌ژمونه‌ حیزبی و ئۆتۆكراسیه‌ نه‌كه‌ن و بڕیاریان داوه‌ ببنه‌ به‌شێك له‌و ماشێنه‌ی ده‌سه‌ڵات كه پارتی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌یده‌بات، ئه‌وا ئه‌م هه‌ژمونه‌ ئۆتۆكراسیه‌، واته‌ حوكمی تاكه‌كه‌سی و نوخبه‌یه‌كی بچوكی ده‌سه‌ڵاتداری خێزانی به‌ ته‌واوی ده‌ست به‌سه‌ر دۆخی سیاسی و حوكمڕانیدا ده‌گرێت، كه‌ ساڵانێكی درێژه‌ پارتی و یه‌كێتی به‌ هاوبه‌شی ئه‌م مۆدێله‌ له‌ حوكمڕانی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

 

ئه‌م هه‌ژمونه‌ حیزبیه‌ی دوو نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری ناو بازنه‌یه‌كی بچوكی پارتی و یه‌كێتی كاره‌ساتئامێزه‌، چونكه‌ دۆخی سیاسی و حوكمڕانی كوردستان به‌ جۆرێك به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن كه‌ ده‌بێت هه‌موو پۆسته‌ حكومیه‌كان هه‌ر له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و وه‌زیران و په‌رله‌مان و جێگره‌كانیه‌وه‌ هه‌ر خۆیان بن و پاشان ئه‌مه‌ دێته‌خواره‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌و زانكۆو خوێندنگه‌كان كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ره‌می و حیزبی به‌سه‌ر كه‌سانی خاوه‌ن وه‌لائی ئه‌م دوو حیزبه‌دا دابه‌شده‌كرێت‌. ئه‌م دۆخه‌ سیاسی و حوكمڕانیه هه‌ژمونخوازه‌ كه‌ له‌سه‌ر مۆدێلی سوڵتان و ره‌عیه‌ته‌كانی به‌ڕێوه‌ده‌برێت دواجار ده‌رگا به‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌كاته‌وه‌. 

٣ ی‌ نیسانی ٢٠١٩  ‌  ‌   ‌          ‌    ‌ ‌   ‌         

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن