33وتار

بە سەربازگەکردنی قوتابخانەی تەپە جلاو

12/29/2024 1:19:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

تۆپزاوا و گوندەکانی دەوروبەری لە سنوری پارێزگای کەرکوک جیا لە هەمو گوندەکانی سنوری کەرکوک زیاتر بەر شاڵاواوی دڕندانەی بەعسیەکان کەوتن. تۆپزاوا بو بە شوێنی چەقی لە ناوردبنی کورد، لێرەوە بە کۆمەڵ لە گۆڕنران، لێرەوە بە کۆمەڵ رەوانەی بیابانەکانی عێراق کران و لەوێش زیندە بەچاڵ. دوای ئەم کارەساتە گەورەیە، تائێستاش نەتواندراوە:

١-بە تەواوی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە هەڵبدرێنەوە و ئێسک و پروسکیان بهێندرێنەوە بۆ زێدی باو باپیرانیان.

٢- سەرەڕای داواکاری خەڵک و بەڵێنی بەرپرسانی حیزبی کوردی نەتواندراوە مۆنیومێنتی ئەنفال لە زیندانی تۆپزاوا دروست بکرێت. ئەمەش دیارترین نیشانەی کەمتەرخەمی بەرپرسانی حیزبی کوردی و حکومەتی عێراقە.
هەموان دەزانین و کۆکین لەسەری، هەمو ئەو تاوانانەی تا ٢٠٠٣ دژ بە پێکهاتەی کورد و تورکمان لە پارێزگای کەرکوک کراوە دەسەڵاتی بەعس و سوپاکەی لێی بەرپرسیارە، هەرد و دەسەڵاتی هەولێر و بەغدا بە راشکاوی باسی دەکەن و بە کاری دژ بە مرۆڤایەتی پێناسەی دەکەن و جارجاریش خەڵکی پێدەترسێنن. بەڵام، پرسیارەکە لە بەغدا و هەولێر ئەوەیە، کەمتەرخەمیەکانتان لە دوای ٢٠٠٣ بە رامبەر بەو تاوانانە ناوبنێین چی؟

١-یاساکانی بەعس وەک خۆیان ماون و تا ئێستاش لە کەرکوک کاریان پێدەکرێ.

٢-ئەو زەویانەی سوپای سەردەمی بەعس دەستی بەسەردا گرتبو، سوپای ئێستای عێراق بە موڵکی خۆی دەزانێ، وەک ئەوەی ئەم سوپایە مێراتگرەوەی سوپای پێشو بێت. لە رێگای دادگاوە هەنگاو دژی هاوڵاتیانی کورد و تورکمان دەنێت. سکاڵایەک پاڵپشت بە یاسا و بڕیارەکانی بەعس.
لەم رۆژانە سوپا سکاڵای لە چەند جوتیارێکی گوندی تۆپزاوا کردوە کە زیادەڕەویان لەسەر زەوی وەزارەتی بەرگری کردوە. لە کاتێکدا ئەم زەویانە لە سنوری مادەی ١٤٠ و بڕیاری بەعس ژمارە ٣٦٩ کە ئێستا لە پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسایەک ئاماد ەکراوە بۆ دەنگدان، تێیدا ئەم زەویانە دەگەڕێنێتەوە بۆ جوتیاران.

تازەترین هەنگاو مانەوەی سەرباز و کردنی هەیکەلی ئەو قوتابخانەیەیە بە سەربازگە لە گوندی تەپەجلاو، ئەو هەیکەلەی لە ٢٠١٤ لەسەر بودجەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەست بەدروستکردنی کراو بە هۆی شەڕی داعشەوە کاری تێدا وەستێندرا، ئێستا سوپا کردۆتی بە سەربازگە بە بیانوی ئەوەی لەسەر زەوی وەزارەتی دیفاع دروستکراوە. لەبەر بێ قوتابخانەییش منداڵانی گوندی تەپە جلاو ناچارن بۆ خوێندن بچن بۆ گوندەکانی تر. ئەم هەنگاوەی سوپا بەبەرچاوی بەرپرسانی کەرکوک و بەغداوە دەنرێت، جێی ئاماژەیە پێشتر خەڵکی ئەم گوندە بەرپرسانی بەغدایان لێئاگادارکردۆتەوە. 

 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن