61وتار

کوردستان بێ ئۆپۆزسیون!

12/29/2024 1:20:00 PM
سەردار عەزیز

لەو پرۆژە بەرفراوانە کە ئێستا کاری لە سەر دەکەم دەربارەی بونیادنانی کەلتور بۆ دەزگا لە کوردستان، قۆناغی ئێستا سیاسی کوردستان بە قۆناغی پۆست-ئۆپۆزسیون پۆلێن دەکەم. ئەم پۆلێنە بە مانای ئەوەنیە کە گروپی بە ناو ئۆپۆزسیون بونی نیە، بەڵکو چەندین گروپی لەو جۆرە هەیە، بەڵام وەک چۆن قاوەی دی-کاف قاوەکەی لێدەرکراوە، ئەوانیش قاوغە ئۆپۆزسیونن و هەموو خەسڵەت و بنەماکانی ئۆپۆزسیون بونیان لێدەرهێنراوە.

ئەوەی لە کۆنگرەی یەکگرتودا پلانڕێژی بۆ کراوە، یەکێکی ترە لە ئەم هەنگاوانە کە ئۆپۆزسیون هێندەی تر لە کوردستان لە هەموو خەسڵەتێکی ئۆپۆزسیون بوون پوچ دەکاتەوە.

لە کتێبی گەمەی گەلان مایەڵز کۆپلاند باس لەوە دەکات کە جیاوازی چیە لە نێوان سیاسییە ئەوروپیی و ئاسیایی و ئەفریقییەکان. ئەو دەڵێت بۆ ئەوەی بزانیت سیاسییەکی ئەوروپی یان ئەمریکی چیدەکات، ئەوا داتا دەکەیتە ناو کۆمپیوتەرێکەوە و پێت دەڵێن کە دەبێت چی بکەن. دیارە کتێبەکە نزیکەی نیو سەدە لەمەوپێش نوسراوە، ئەوا ئەمڕۆ زۆر ئاسانترە، بە پشت بەستن بە داتا و تەکنەلۆجیای زیرەک بزانیت سەرکردەی وڵاتێکی پێشکەوتوو چی دەکات. بەڵام کە دێتە سەر وڵاتانی تر یان هێزەکانی تر ئەوا دەبێت پشت بە حەز و ئارەزو و هەستیاریی و پلانی پاڵپشتکەران و هەموو ئەم لایەنە نەزانراوانە ببستیت بۆ ئەوەی هەندێک زانیاریت هەبێت لەوەی کە سیاسیی ئەم وڵاتانە چیدەکەن.

یەکێک لەو لایەن دڵتەنگانە لە ناو کایەی سیاسی کوردستاندا ئەوەیە کە کادیری سیاسی ناو حیزبەکان هەتابێت زیاتر و زیاتر دەستەمۆ و ملکەچ و بێدید دەبن. چیدی حیزب کانگای بیر و مشتومڕ و بیرکردنەوە و دونیابینی و فێربونی سیاسەت و حوکمڕانی نیە. بەڵکو کارگەی خەساندنی کادرن. 
ئایا یەکگرتوو کاتێک حیزبی شەخس و کەسایەتی و خێزانەکانە، هەر کادیرێکی بە هەمان ئاواز نەخوێنێت لە هێلانە بەردەدرێتەوە، چۆن دەتوانّێت باس لە جیاوازبونی بکات لە گەڵ یەکێتی و پارتیدا.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن