بابەتیبوون یان پەرپرسیارێتی؟
12/15/2024 3:09:00 PM
كامیل عومەر
بابەتیبوون یان پەرپرسیارێتی؟
مەوزوعیەت یان مەسئولیەت؟
بابەتیبوون (الموضوعیه) و بەرپرسیارێتی (المسؤلیه) دوو پێوەری رێسا پیشەییەكانی كاری رۆژنامەوانین، یان دوو بنەمای ئەخلاقی كاری رۆژنامەوانیو راگەیاندنن، كە گرنگە رۆژنامەوان لەكاتی وەرگرتنو داڕشتنو بڵاوكردنەوەی هەواڵو زانیارییەكاندا رەچاویان بكات.
بابەتیبوون واتای گواستنەوەی هەواڵ و رووداوەكانە بێلایەنانەو وەكو ئەوەی كە لە واقیعدا هەیە نەك وەك ئەوەی كە رۆژنامەوان یان دەزگا رۆژنامەوانیەكە دەیەوێت، بەواتایەكی دیكە؛ داماڵینی لایەنی خودی-زاتی بەسەر ناوەرۆكی بابەتە رۆژنامەنوسییەكانەوە، یاخود رەنگنەدانەوەی بیروبۆچونو خواستی كەسیو سۆزو هەواداراییو ئینتیما بەسەر كارە رۆژنامەوانیەكانەوە.
بەرپرسیارێتی (المسؤلیه) واتا رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و پرنسیپەكانی هاوكاریو ئاشتەوایی نێوان گەلان، تێكنەدانی ئاشتی كۆمەڵایەتیو دووركەوتنەوە لە هاندانو بانگەشەكردن بۆ شەڕو توندوتیژیو رقو كینەی نەژادیو ئاینی. رێزگرتن لەو بەها كەلتورییانەی كە كۆمەڵگە رێزیان لێدەگرێت. بڵاونەكردنەوەی ئەو هەواڵو زانیارییانەی زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی دەگەیەنن.
زۆرجار میدیاكان دەكەونە نێو ئەم دوو هەڵبژاردنەوە كە كامیان رەچاو بكرێت باشترە، بەتایبەتی لە دۆخە هەستیارو نائاساییەكانی وەك شەڕو ململانێو رووداوو كارەساتە سروشتیەكاندا.
بەپێی تێگەیشتنی لۆژكیانەو ئەزموونی میدیاو میدیاكارە پرۆفێشناڵەكانی وڵاتانی دونیا، لەدۆخە نائاساییو هەستیارەكاندا، پرەنسیپی بەرپرسیارێتی رەچاودەكرێتو ئەو هەواڵو زانیاریو رووداوانە بڵاوناكرێتەوە، كە زیان بە ئاسایشو ئارامی هاووڵاتیانو كۆمەڵگەو ئاسایشی نیشتیمانی دەگەیەنن، واتا لەئاست ئەو پرسو بابەتو رووداوانەی پەیوەستن بە ئاسایشی نەتەوەییو بەرژەوەندی گشتی وڵاتەكەیانەوە، بابەتیو بێلایەن نابن، وەكچۆن لە راگەیاندنەكانی وڵاتانی هاوپەیمانێتی دژی داعش (كە پێمان وایە خاوەندارێتی میدیا پرۆفێشناڵەكان دەكەن)، پڕوپاگەندە بۆ داعشو هێرشو پەلامارو سەركەوتنەكانیان نەدەكرا، هەروەها لە هیچ میدیایەكی ئیسرائیلیدا باس لە هێرشە سەكەوتووەكانی حەماس ناكرێتو بەپێچەوانەشەوە لە هیچ میدیایەكی فەلەستینو غەزەدا، گرنگی بە ئۆپەراسیۆنو پەلامارەكانی ئیسرائیل لە خاكی ئەو وڵاتەدا نەدراوە. له شهڕی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیلدا هیچ كهناڵێكی ئیسرائیل دهرگای نەخستووهته سهر پشت بۆ ئهوهی بهرپرسانی حزبوڵڵا تێیدا بۆچوونی خۆیان بگهیهنن و پڕوپاگهنده بۆ خۆیان بكهن، وهك ئهوهی میدیاو سۆشیاڵمیدیای كوردی لەشەڕی دژی داعشدا، ببوونهته دەهۆڵژەنی داعشو سەركەوتنو پەیامەكانی ئەوانیان بە زمانی كوردی و بەبێ بەرامبەر دەگەیاندە وەرگری كورد، وەكچۆن لەئێستادا بوونەتە سەكۆی گەیاندنی پەیامو هەڕەشەكانی هێزو گروپە نەیارەكانی كورد لە سووریا.
پیشاندانی سەركەوتنی هێزو گروپە چەكدارییەكانی سووریا بەناوی (سوپای نیشتیمانی سووریا)و هەروەها بڵاوكردنەوەی هەواڵو لێدوانی شەڕەنگێزانەی ئەو گروپانە دژی كوردانی رۆژئاوا "پێمان خستە سەر سەری هەسەدە"، یان بڵاوكردنەوەی بیرەوەرییەكی كۆنی وەزیرێكی پێشووی سووریا لەبارەی پەیوەندی نێوان ئەسەدو ئۆجەلان بەناونیشانی (ئەسەدو ئۆجەلان، دوو هاوڕێی هەمیشەیی)، هێندە ئاماژەی نابەرپرسیارێتی ئەو میدیا كوردییانەن لە هەمبەر ئەم دۆخەی رۆژئاوای كوردستان، هێندە ئەو متمانەو باوەڕە لای وەرگر دروست ناكەن كە ئەوان بابەتیانەو بێلایەنە رووماڵ دەكەن.
لەم دۆخە نائاساییەی رۆژئاوای كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، میدیاو میدیاكاری بەرپرس، بەرامبەر بە نەتەوەو هاونیشتیمانیانی، بێلایەن نابێتو ئەو هەواڵو زانیارییانیە بڵاوناكاتەوە، كە زیان دەگەیەنن یان بایەخیان بۆ دۆخی ئێستای كوردو پرۆسە سیاسیەكەی نیە لە رۆژئاوای كوردستان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی