54وتار

سیدنایا، بۆ ئێمە تازە نییە!

12/15/2024 4:04:00 PM
سوارە نەجمەدین

ئەگەر بنووسرێتەوە! بەشی هەرزۆری مێژووی ئێمە لە زیندانەکاندایە، ئێمە ئاشناى کوندجە تاریکەکانى زیندانین لە چاڵ و ئەشکەوتەکانەوە تا دەگات بە باڵەخانە توکمەکان: 

 مێژووى باشوور لە ئەبوغرێب و هەیئەى کەرکوک و ئەمنەسورەکە... 
مێژووى باکور لە زیندانى ئیمراڵى و ئاماد و ... تا سیاچاڵەکان
مێژووى رۆژهەڵات لە زیندانى ئەوین و تا چاڵە پەنهانەكان
مێژووى رۆژئاوا لە سیدنایاى تێكشكاو  تا چاڵە تاریکەکانى ڕەقە و شام
*** 
ئەوەى لە سیدنایا ڕوودەدات، شتێک نییە بە ئێمە ئاشنا نەبێت، ناکرێت تووشی شۆکمان بکات، ئاخر لە ئەبوغرێب و چاڵە قوڵەکانى عەرعەر و بیابانە کاکى بە کاکییەکانى خواروو هەزاران چیرۆکى کارەساتر هەیە. 

لە سێدارەدان و کوشتن و سەربڕین، پشت ئتوکردن، ددان دەرهێنان بە پلایس، چاوهەڵکۆڵین، شوشەتێبڕین، پیسایی دەرخواردان، لەبرسا کوشتن، بڕینەوە و دووکەرت کردن، تا دەگات بە دەستدرێژى نامووس.  کورد لە هەموو میللەتێک زیاتر ناموسی بەلاوە گرنگە، بۆیە هەمیشە بە ناموس هەڕەشەى لێ کراوە، خوشک و دایک و هاوسەر و کچى زیندانییەکانیان هێناوە و لە پێش چاویان دەستدرێژیان کردۆتە سەر. 
*** 
دنیا، بینى دواى ڕووخانى حیزبی بەعس لە عێراق و بە سوریا، چ کارەساتێک لە بەندینخانەکانیاندا ڕوویداوە، هێشتا دەسەڵاتى تورکیا و ئێران لەناو نەچوون، کەچى ئێران خاوەنى یەکێک لە مەترسیدارترین زیندانییەکان جیهانە، (زیندانى ئەوین) هەمیشە ناوى لە پاڵ زیندانەکانى (گوانتانامۆ، ئەلکاتراز، کەمپیی ٢٢ کۆریا..) دێت. تورکیاى سەر بە ئەوروپا، لە زۆرى ژمارەى زیندانخانە و دەستگیرکردنى ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانان ململانێی چین دەکات کە خاوەنى گەوەرترین ژمارەى دانیشتووانە.  

ئەو ڕۆژەى ئێران و تورکیا بە شۆڕش دەڕووخێن، ئەوکات تێدەگەین سیدنایا و ئەبوغرێب چ هۆتێلێکى پێنج ئەستێرەبوون. 
*** 
بیرم نییە لە کوێدا خوێندوومەتەوە، ئیسماعیل بێشکچى کاتێک بە بیانوى هاتنە دەرەوەى لە زیندان دەچێتە لاى یەڵماز گۆناى، پێى دەڵێت (یاتاخەکانت بۆ هێناوەتەوە؟ خۆ تۆ ماوەیەکى تر ئەچیتەوە زیندان). 

مامۆستا زارا تەنها لەبەر ئەوەى خوێندکارەکانى فێرى کوردى دەکرد، لە کونجى زیندان توندیان کرد، لێ هێشتا باشتر بوو لە دڵشاد مەریوانى، کە کەس نەیزانى تەرمەکەشی کەوتە کوێوە. 

ئێمە لەوەتەى هەین، بە بێ دادگاى زیندان دەکرێت، بە بێ بڕیار لە سێدارە دەدرێین، سەدانى ڕۆڵەى ئەم گەلە کەس نازانێت ئیسکەکانى لەکوێن، سەدان گەنجى جوانى ئێمە بوون بە خۆراکى مار و مێرو، تەنها ئەوەندەی کوردین، بەسە بۆ ئەوەى لەناومان بەرن. 

***
کوردستان بۆ خۆى زیندانێکى گەورەیە، بە چوار دیوار بەندى تورکیا و سوریا و عێراق و ئێران دەورە دراوە، هەر یەک لەم وڵاتانە بۆ کورد لە بەرزترین و دڕکاویترین دیوارى زیندانەکانى جیهان توندترن، سەدبارە باشتر بوو کوردستان دەورى بە ئاوى ئۆقیانووس بگیرایە  وەک لەم وشکانییە. نیشتیمانەکەمان لە دوورگەى ئاویى بووایە هەزارجار باشتر بوو لە دوورەگەیەکى ناو وشکانیدا بین. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن