92وتار

کێ بەرپرسە لەم دۆخە؟

7/27/2023 9:42:00 PM
د.شێرکۆ کرمانج

سێ لایەن بەرپرسن لەو دۆخەی ئێستای ھەرێم:

یەکەم، دەوڵەتی عێراقی کە سەد ساڵ بە سوننەوە شیعەیەوە، بە ئیسلامیی و عیلمانییەوە، ھەمیشە وەک داگیرکەر مامەڵەیان لەگەڵ کوردستان و کورد کردووە. مامەڵەیەک کە ئامانج لێی تەنیا ڕوتاندنەوە و بردنی سەروەت و سامانی نیشتیمانی کوردستان نەبووە بەڵکو داگیرکردنی عەقڵی کورد و بێکەرامەتکردن و بێمۆڕاڵکردن و لەمرۆڤخستنی ئینسانی کورد بووە.


دووەم
، دەسەڵاتدارانی ھەرێم کە سی ساڵە لە خەمی نەک کورد و کوردستان و خاک نیشتیمان نین بەڵکو لە خەمی ئەو حیزبانەش نین کە زیاد لە پەنجا ساڵە دایانمەزراندون. دەسەڵاتێک کە ئامادەیە چارەنووسی نەتەوەیەک بە قوربانی گیرفانی چەند بنەماڵەیەک بکات. دەسەڵاتێک کە نەک بنەما سیاسی و ستراتیجییەکانی نەتەوە ئاراستەیان ناکات بەڵکو ئەوە عەقڵی دیوەخان و ڕق توڕەیی و تۆڵەیە کە بووە بە بنەمای ھەڵسوکەوت و ڕەفتاری بەناو سیاسیان. دەسەڵاتێک کە سی ساڵە لەجیاتی بەھێزکردن و پڕتواناکردنی نەتەوە و کۆمەڵگە لە ھەوڵی بە کۆیلەکردنی ئینسانی کورد و کڕینی زیمەیەتی بەمەبەستی بەکارھێنانی لە گەمە سیاسییە دۆڕاوەکانی. دەسەڵاتێک کە سی ساڵە نەک یەک ھەنگاوی نەناوە بۆ لیکنزیکردنەوەی خەڵک و ئامێزان و نەتەوەسازی و نیشتیمانسازی و دەوڵەتسازی بەڵکو ھۆکاری ھەرە سەرەکیی بووە لە دروستکردنی درز و دیوار و ھەڵوەشاندنەوەی شیرازەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی. دەسەڵاتێک کە سی ساڵە نەک ھیچ ڕوئیایەکی نیشتیمانی و کوردستانیانەیان نەبووە بەڵکو ھۆکاری بنەڕەتی دروستبوونی خودنەفرەتی و لەبیربردنەوەی ھەستی کوردایەتی و شوناسی کوردستانی بووە.


سێیەم، ئۆپۆزسیۆن (ئیسلامیی و پۆپۆلیستیەکان) و چەند کەسایەتییەکی عەقڵداگیرکراوی جاش و خۆفرۆش بە ڕەنگ و ڕووی جیاواز، لە عێراقچییەکانەوە بیانگرە تا دەگەنە سیخوڕەکانی ئێران و تورکیا، کە دە ساڵە ھێندە لە ھەوڵی خۆبەدەستەوەدان و دژایەتیکردنی نیشتیمانپەروەریی-کوردستانیی بوون نیو ھێندە لە ھەوڵی دروستکردنی ئینسانی کورد و ڕێکخستنەوەی لە دەوری ستراتیجێکی بەدیل نەبوون. ئۆپۆزسیۆنێک کە ھێندەی لە خەمی ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێمی کوردستان و تەسلیمکردنەوەی بە عێراقە نیو ھێندە لە خەمی گرتنەدەستی دەسەڵات و سیاسەت و ستراتیجێکی بەدیل بۆ گەل و نیشتیمان نیە.


خەڵکی کوردستان تا ئەم سێ گروپە وەک خۆی ھەن نەناسێت و ھەوڵی دەرچوون نەدات لە گەمەکانی ئەو کەس و لایەنانە ناتوانێت ھەنگاوێکی دروستکەر بۆ دواڕۆژ و ڕزگاربوون لەو دۆخەی ئێستای تێیکەوتووە بنێت

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن