تێڕوانینێکی واقعبینانە دەربارەی پرسی کورد و ئاشتی لە تورکیا
3/8/2025 9:15:00 PM
عومهر ئیزهدخا
پرسی بزاوتی نەتەوایەتی کورد لە کوردستان و باکووری کوردستان بە دیاریکراوی، لە مێژوودا قۆناغ و هەوراز و نشێوی جیاواز و جۆراوجۆری بینیوە، هەرگیزیش کت و مت دۆخی بزاوتەکە لە پارچەیەکی کوردستان لێچووی بارودۆخ و هەل و مەرجی پارچەیەکی تر نەبووە، بگرە جیاوازی زۆر هەیە، بۆ نمونە لەمێژووی سەد ساڵی ڕابردوو ئەو فرسەتە زۆرانەی کە بۆ بزاوتی باشوور هاتونەتە ئاراوە لە هیچ قۆناغێکدا بۆ پارچەکانی تر نەڕەخساون، بەڵام سوود وەرگرتن لەو دۆخانە تەواو جیاوازە، ئەمەش واتای ئەوە ناگەیەنێت کە پرسی کورد لە پارچەیەکەوە بۆ پارچەیەکی تر کاریگەری نەبێت، ئەوەتا لەم قۆناغەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان گریمان دۆخی باکوور و پەیوەندی هێزەکانی پەکەکە ئەگەر لەگەڵ حکومەتی تورکیا بەجۆرێکی تر بووایە، ئایا حیسابێکی زۆر باشتر بۆ پێکهاتەی کورد لە سوریا لە سیستەمی نوێی دەوڵەتی سوریادا نەدەکرا؟!، بێگوومان بەپێچەوانەوە.
تێڕوانین لە بزاوتی گەلی کورد لە تورکیا پەیوەستە بە دوو فاکتەری سەرەکی، کە فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی لەخۆی دەگرێ، باکگراوەندی هزری پەکەکە و بەدیاریکراویش پاڕادایمی ئاپۆ سەبارەت بە نەخشەڕێگای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای کوردستان لەو پارچەیە؛ بەواتای سیستەمی هزری هێزی کورد لە باکوور، سەقفی داواکاری کورد لێ دیاری دەکرێ، سەقفی داواکاری کورد لە باشوری کوردستان بەجۆرێکی ترە لەگەڵ سەقفی داواکاری کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەهەمان شێوە سەقفی داواکاری کورد لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ باکوور جیاوازە، هەرچەند لەماوەی نزیک ٤٠ساڵی ڕابردوو گۆڕانێک لە تیۆر و بۆچوونی ئاپۆییزم لە چەند وێزگەیەکدا ڕوویداوە، تاکتیکی سەربازی و ئامرازی جەنگی هەپەگە بەردەوام کاریگەری گەورەی لەسەر چۆنیەتی وێنای پەکەکە بەرامبەر دەوڵەتی داگەیرکەری باکوور و تەنانەت هێزەکانی تری کوردیش هەبووە، کە ئەمەش تەواوکەری فاکتەری نێوخۆییە.
سیاسەتی هێز و دەسەڵاتی حکومەتی تورکیا، سیستەمی سیاسی دەوڵەتی تورکیا، پەیوەندیەکانی ئەم وڵاتە وەك یاریکەرێکی بەهێز لە گۆڕەپانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، جیۆپۆلەتیکی وڵاتی تورکیا.. فاکتەری دووهەم لەخۆدەگرێ، ئەمەش دەرخەری جیاوازی هەل و مەرجی باکوور لەگەڵ پارچەکانی تر دەردەخات.
بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەبابەتەکە دەکرێ کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ بوروژێنین؛ لەوانەش دیوی شاراوەی ڕاکێشانی دەستی تەوقەی دەسەڵاتی تورکیا لەچیدا خۆی دەبینێتەوە؟ ئایا زیان و بەرژەوەندییەکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری گەلی کورد سەبارەت بە دەوڵەتی تورکیا لەلایەك وەك دەوڵەتێک لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، وە لە لایەکیش زیان و دەستکەوتەکان سەبارەت بە خودی کەسایەتی ئۆردوغان و حیزبەکەی و ڕژێمەکەی لەکوێدا خۆی دەبینێتەوە؟ کە بەهەمان شێوە ئەم پرسیارگەلە سەبارەت بە داهاتووی کورد وەك نەتەوەیەك و دەستکەوتەکانی هێزی سیاسی کورد لەوپارچەیە لە لایەک ڕاستە.
وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەش درێژەیەکی زۆری پێویستە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لەماوەی ڕابردوو تورکیا لە لایەنی خەرجی سەربازی و ئابووری وڵاتەکەوە، زیانی گەورەی بەرکەووتووە کە مەزەندە ناکرێ، سەرباری زیانی گەورەی گیانی کە سەدان و هەزاران سەرباز و هاوڵاتی لە خەڵکی کورد و تورک تاکو ئێستا لێکەوتۆتەوە، بەجۆرێک نا ئارامی و جۆرێک لە پشێوی و بەرقەرارنەبوونی ئاسایش لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکە بە ئەنقەرەی پایتەختیشەوە سیمای سەرەکی وڵاتەکەبووە تا ئێستا، لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتیشدا ئەم پرسە وەک کێشەیەکی گەورەی تورکیا و ناوچەکە باسکراوە و خودی ئەمەش بەبەردەوامی تەحەدایەکی گەورەی بەردەم سیاسەتی تورکیا بووە وەک دەوڵەتێکی خاوەن لەمپەر، (نوقتەی زوعف)ی حکومەتی تورکیا لە سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی بریتییە لە پرسی کورد، بۆ بەرپرسانی ئەم وڵاتە بۆتە مۆتەکە و برەستیان لێ هەڵگراوە، ئەمەش دوای ئەم هەموو لەشکرکێشیەی کە لە چوار دەیەی ڕابردوو ئەنجامیانداوە و نەگەیشتون بە دەرنجامێك.
بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکییەتی ئەوروپا، پرسێکی گرنگی ڕابردوو و ئێستای تورکیابووە، کە سەبارەت بە دۆزی کورد، هەمیشە ئەم پرسە کاریگەری ڕاستەوخۆی نەرێنی بۆ ئەم بابەتە هەبووە لەلایەك، لە لایەکیش ڕۆڵی نەرێنی لەسەر پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا هەبووە.
بەڵام هەرچی سەبارەت بە دەستەکەوتەکانی وڵاتی تورکیایە لە ستراتیژی جەنگ لە ماوەی ڕابردوو، دەکرێ ئەم هەموو لەشکرکێشیەی بۆ سەر ناوچە کوردیەکانی عێڕاق و سوریا، زەمینی و ئاسمانی، ئەزموونێکی سەربازی گرنگ لە وێنای مانۆڕێکی بەردەوامی بەهێزی لایەنی سەربازی لێکبدرێتەوە، واتە ئەم ماوەیە هێزی سەربازی ئەم وڵاتە مانۆڕکی گەورەی سەربازی ئەنجام داوە و لەم لایەنەوە بەردەوام بەرەو بەهێزی ڕۆیشتووە، هاوکات لە دەیەی کۆتاییدا چەمکی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کە وەك ئامرازێکی ستراتیژیی گرنگ، ڕێگە خۆشکەربوو بۆ کۆنتڕۆڵکردن و دانانی بنکەی سەربازی لە ڕووبەرێکی زۆری خاکی عێڕاق و سوریا..سەرەنجامیش دروستکردنی هەژموونی گەورە لە سیاسەتی نێوخۆیی عێڕاق و سوریا.
بێگومان پەکەکە و کوردیش وەك پێکهاتەیەکی سەرەکی وڵاتی تورکیا، لەماوەی جەنگی چوار دەیەی ڕابردوو، لە زیان و دەستکەوت بەدەر نەبووە، بەرچاوترین زیان لایەنی مرۆیی و دارایی لە هێزی سەربازی پەکەکە و هاوڵاتیانی کورد بووە، کە کورد وەك نەتەوەیەکی چەوساوە بەردەوام توشی کوشتن و زیندانیکردن و لادان لە پۆستە باڵاکانی حکومەتی ئەو وڵاتە بۆتەوە، دیارترینیشیان لادانی پارێزگارە کوردییەکان و دانانی قەیوم لە جێگایاندا، دەستگیرکردن و دوورخستنەوەی هەزاران هاوڵاتی بەتۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە، هەروەها زیانی تری وەك وێرانبوونی ناوچە و سروشتی کوردستان لەم شەڕەدا.
لە پانتایی بواری سیاسی وڵاتی تورکیا، لە دوو دەیەی ڕابردوو، کورد توانیویەتی بەهەرجۆرێک بێت خۆی لەگەڵ یاساو سیستەمی سیاسی وڵاتەکە خۆی بگونجێنێ و بەشداری کارای هەبێت لە هەڵبژاردنەگشتییەکانی پەرلەمان و شارەوانییەکان، سەڕەڕای کۆت و بەندێکی یەکجار زۆری حکومەت بۆ سەر حیزبە کوردییەکان، کەچی توانیویانە بەڕێژەی باش سەرکەوتووبن، بەڵام سەرباری ئەمەش بوونی شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا ، بواری سیاسی هێزی کوردی بەردەوام لەق و شەق کردووە، بەڵام وەك ڕەگی ڕووەکێکی بەهێز بەرگەی ئەم هەموو نەهامەتیانەیان کردووە و هەر سەریان دەرهێناوەتەوە.
سەبارەت بە دەستکەوت و زیانی حکومەتی تورکیاش لە پرۆسەی ئاشتیدا، دەتوانین ئاماژە بۆ ئەمە بکەین، کە بە سەرگرتنی پرۆسەیەکی لەم شێوەیەو سەرەنجام بە نەمانی شەڕ، حکومەتی ئەم وڵاتە تەحەدایەکی گەورە و وەك ئۆردوغان خۆی دانی بەئەمە دانا کە شەڕێکی چل ساڵەیان لەکۆڵ دەبێتەوە، ئارامی وسەقامگیری دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگای تورکیا، لەڕووی خەرجی داریی سەربازی، حکومەتی ئەم وڵاتە داهاتێکی داریی زۆری بۆ دەگەڕێتەوە، بەهۆی ئەم سەقامگیریەی کە دێتە کایەوە دەکرێ بەهۆی گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاری لە ناوچە کوردنیشینەکان، وەبەرهێنانێکی گەورە بکرێت و ئابووری وڵاتەکە بەهێزترببێ، لەڕووی سیاسەتی نێودەوڵەتی، تورکیا بتوانێ مەرجەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ بەئەندامبوون جێبەجێ بکات، بە نەمانی ئەم کێشە گەورە ناوخۆییەی تورکیا، تورکیا دەتوانێ لە سیاسەتی دەرەکیدا زیاتر پەل بهاوێژێت بۆ هەژموونکردن بەسەر سیاسەتی وڵاتانی دەوروبەر، واتە بەشێوەیەکی گشتی بە چارەسەری ئەم پرسە جۆرێک لە بەهێزبوونی ناوخۆیی و دەرەکی دەوڵەتی تورکیای سەرەنجام لێ دەکەوێتەوە، سەرباری ئەمانەیش لە ناوخۆدا حیزبی دادوگەشەپێدان، وە هاوپەیمانیەتەکەی لەگەڵ مەهەپە، کە دەوڵەت باخچەلی قردێلەی ئەم پرۆژە نوێیەی بڕی ئەمجارە و بە پێشەنگی پرۆسەکە دادەنرێت، خەمێکی گەورەیان لەپێشە کە چۆن وابکەن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بتوانن لە دەسەڵاتدا بمێنن، چونکە بەپێی ئەو ڕاپرسیانەی کە کراوە ئەگەری زۆرە ئۆردوغان نەتوانێ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیدا بەدەستبهێنت، ئەمە بۆخۆی فاکتەرێکی گرنگە لەبەردەم پەلەکردنی حکومەتی تورکیا سەبارەت بەم بابەتە.
سەبارەت بەزیانی دەوڵەتی تورکیا لە پرۆسەیەکی ئاشتیدا سفرە، چونکە هەرخۆی هێزە کوردییەکان تاکو ئێستا بەشدارییەکی بەهێزیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و پەرلەمان و سەرۆکایەتیدا کردووە، ئەوەی تورکیا لەدەستی دەدات لەم پرۆسەیەدا هیچ شتێک نییە، جگە لەوەی دەتوانێ دەستکەوتی زۆر زیاتر بەدەستبهێنێت، سەڕەڕای ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگ بریتییە لە سەقفی داواکاری هێزی کوردی لەچوارچێوەی سیستەمی سیاسی تورکیادا، جێکردنەوەی داواکارییەکانیان ئەو سەختیە گەورەیە نییە، بەتایبەت ئەگەر سەرنج بدەین لە پاشخانی هزری پەکەکە، کە ئامانجی گەورەی بریتی نییە لە دابەشکردنی خاکی تورکیا و بێبەرین لە هەڵسوکەوتی ڕەگەزپەرستانە و جیاوازیکردن لەنێوان گەلان و جۆرێک لە دەمارگیری، دواجار دەتوانن هزرەکانیان بەشێوەی ئاشتی لەڕیگەی سود وەرگرتن لە هەل و مەرجی نوێ جێبەجێبکەن.
سەبارەت بە دەستکەوتی کورد بەشێوەی گشتی و پەکەکەش بەتایبەتی لەم پرۆسەیەدا دیارە، کە هەموو زیانە گیانی و ئابووریەکان و سەقامگیری کۆمەڵگا بەهەمان شێوە بۆ کوردیش ڕاستە کە کۆمەڵگای کوردی لە جەنگەوە بەرێت بۆ ژیانێکی پڕ ئارامی و بێ شەڕ، دۆخی کۆمەڵگای کوردی لە کوشتن و گرتن و باری ئەمنییتیەوە بڕوات بۆ باری سەقامگیری و ژیانێکی ئاسایی، بیانویەک لەبەردەم حکومەتی تورکیا بۆ شەڕ لەگەڵ هێزەکانی پەکەکە و هێزە سیاسیە کوردییەکان نامێنێ و هەروەك ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بەڕوونی باسی لە دەرفەتی کورد کردووە لەم دوایانەدا لە بەشداری دێموکراسیانەی ئەم وڵاتە بەهەموو کەم کوڕیەکانەوە، کە دەکرێ بە چەک دانان و ئەنجامدانی پرۆسەیەکی ئاشتی دەرفەتەکە زۆر باشتر ببێت بۆ کورد، واتە دوای بەئەنجامگەیشتنی پرۆسەی ئاشتی نەك هەر کێشە و شەڕ نەمێنێت، بەڵکو کوردەکان بتوانن لە هەڵبژاردنەکاندا دەستکەوتی زۆر گەورە بەدەستبهێنن و بەشدار بن لە پێکهێنانی ڕاستەوخۆی حکومەت لەڕیگای هاوپەیمانییەتەکانەوە، وە کورد بەدوور نییە لە بەدەستەوەگرتنی گەورەترین پۆستە باڵاکانی وڵاتەکە لەئەگەری بەرەوپێشچونی بارودۆخەکان بەشێوەی گریمانەکراو.
زانیاری گرنگ سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی بریتین لەو زنجیرە کۆبوونەوانەی کە پێشتر بەرپرسانی باڵای وڵاتی تورکیا لەگەڵ ئۆجەلان و بەرپرسانی پارتی دەم و شاندی ئیمڕاڵی باسیان لێوەکردووە و تاکو ئێستا ڕانەگەیاندراوە لە میدیاکان، زۆر زانیاری ورد و نهێنی هەیە کە کەمترینیان وێنای ڕاگەیاندراوەکەی ئۆجەلان لەخۆ دەگرێ کە تەنیا دەلالەت و بەشێکی گرنگە لە نەخشەڕێگاکە، دەرەنجامی هاوکێشەکە پەیوەستن بە جێبەجێبوونی پلانەکانی حکومەتی تورکیا لە لایەک و لەلایەکیش بۆچونەکانی ئۆجەلان لە لایەک و پلانەکانی پەکەکەش لە لایەکی تر، واتە خودی حکومەتی تورکیا بەپێی پلان و سیناریۆی جیاوازی ئەقڵانی بە کەمترین زیان و زۆرترین قازانج کاردەکات، لەکاتێکدا کە تاکو هەنوکە ستراتیژی جەنگ و لەناوبردنیان نەوەستاندووە، ئەمە بۆ پەکەکەش هەر ڕاستە، بۆ نمونە لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی پرۆسەکەدا لە چەند مانگی ڕابردوودا، پەکەکە هێرشێکی گەورەی کردە سەر بنکەیەکی سەربازی لە ئەنقەرەی پایتەخت، واتە تا ئێستا شەڕ بەشێوازێکی زۆر توند بەردەوامە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرجەستەکردنی هێز و لەدەست نەدانی کارت وە زاڵکردنی ئیرادەی زیاتر لەلایەن حکومەتی ئەم وڵاتەوە، وە لەلایەکیش نەبوونی متمانەی پێویست لەلایەن هەردوولاوە بەتایبەیش ئەگەر سەیر بکەین لەڕابردوودا پرۆسەکە چەندان جاری تر سەری نەگرتووە.
ئەگەر بە وردی بڕوانینە پرۆسەی ڕاگرتنی شەڕ و ئەنجامدانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بۆمان دەردەکەوێت کە ئیرادەیەکی بەهێز لە هەردوو لایەنی تورکی و کوردی بۆ ئەم بابەتە هەیە، بەڵام ئەوەی ڕێگری گەورەیە لەبەردەم پرۆسەکە بریتییە لە بێ متمانەییەکی مەزن لەو نێوەندەدا و لەلایەکیتریش، کە هەوێنەکەی لە بێ متمانەیی و ئەقڵیەی شۆڤێنیزم و ڕەگەزپەرستی بەرپرسانی تورکی سەرچاوەی گرتووە، بریتییە لە بوونی پلانی جۆراوجۆر کە پێدەچێت مەرامی ژەهراوکردن و فێڵکردن و زۆرداری ، لە پلانە هەرە لەپێشەکانی حکومەتی تورکیا بێت ، واتە بەکارهێنانی ئەم پرۆسەیە بەگەیشتن بە مەرامی دوژمنکارانە و هەڵگەڕانەوە لەو بەڵێنانەی کە دەدرێت، ئەوەی سەبارەت بە سیناریۆکانی ئەم پرۆسەیە پەیوەستە، دەکرێت دەرەنجام پەیوەنداربێت بە جێبەجێبوونی کام پلانەی حکومەتی تورکیا!، لەم یاریەشدا مامەڵەی زیرەکانەی هێزی کوردی دەتوانێت یەکلای بکاتەوە، ڕاستە لە بنەڕەتدا نیەتێک بۆ ئاشتی و ڕێککەوتن هەیە، بەڵام چۆن ڕێککەوتنێک و بەچۆن کارتێکەوە، دەرەنجامی ئەم پرۆسەی لە کۆتاییدا ویستی هەردوولا کە بەپێی ئەو کاتەی دانراوە لە کۆتاییدا دەردەخات، واتە دەرەنجامەکان کەوتونەتە سەر جێبەجێبوونی ئەو سیناریۆ جیاوازانەی کە نزیکن، بەڵام ئەگەر بەتایبەت بەرپرسانی ئەو وڵاتە تێڕوانینێکی لۆژیکی بەرامبەر داهاتووی وڵاتەکەیان هەڵبژێرن و بیر لە مێژوو بکەنەوە، بێگومان دەستکەوتێکی گەورەی دوور مەودایە بۆ هێزی سیاسی وڵاتەکەیان.