پێشلكارييەكانی ئازادیی ئەكادیمیی لەهەرێمی كوردستاندا و پێویستیی گەڵاڵەكردنی ڕێبەرنامەیەك*
3/8/2025 1:46:00 PM
د.شوان ئادەم ئەیڤەس
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی كەمیونیكەیشن و كولتوور و میدیادا و سەرۆكی ڕێكخراوی چاودێریی میدیا كوردیی (چمك)
ئیتر هەر بۆ سیاسیی ناباو و چالاكوان و ڕۆنامەوانان نا، بەڵكوو بۆ توێژی خوێندكاران، مامۆستایان، توێژەران و ئەکادیمییان بەگشتیی؛ کوردستانی بندەستی عێراق هەرێمێکی ئارام و ئازاد نییە، چوونکە ماف و ئازادیی دەربڕین و کارکردنی دەستەی وانەبێژ و ئەکادیمییانی کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانكۆ و نێوەندەکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی چووەتە قۆناغێکی مەترسییداری ئەوتۆ كە هیچكەسێك ئیرەیی پێنابات!
ئازادیی ئەكادیمیی و پێشێلكردنی
پێشێلكردنی ئازادیی ئەكادیمیی؛ لە خۆڕا و بێپێشینە نییە و نەبووە، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشاڵی لە مێژینەی هەیە و لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر و زۆرتر هەلی دەرکەوتنی بۆ ڕەخسێنراوە. تاوانى ناوزڕاندن (التشهیر)؛ بە هەردوو جۆری جنێوپێدان (السب) و تۆمەتخستنەپاڵ (القذف) و تەنانەت سووکایەتییپێکردن و شەقهەڵدان لە مامۆستایان لە پای داواکردنی مووچەی مانگانە یاخوود شاربەدەرکردن و کووشتنییان لە پای پابەندبوون بە ڕێنمایی و یاسا بەرکارەکان و گرتنەبەری ڕێکاریی کارگێڕیی و زانستیی؛ ترۆپکی مەترسییداریی ئەو دۆخە بوو کە ڕێگەی لەبەردەم زۆر کەسی دیکەیشدا خۆشکرد، تاوەکوو ئازایی و ئازادیی خۆیان لەوەدا تاقیبکەنەوە کە بە جۆر و شێوازی جیاجیا توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ بخەنە بۆسەوە و بەردەوامیش لە سەنگەردا بن بۆیان. هەربۆیە هەڵمەتی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی ئەکادیمییان و تۆمەتبارکردن و دادگەییکردن و دواتریش بە تاوانبارناساندنیان و سزادانیان؛ قۆناغێکی یاسایی دیکەی ئەو دۆخە مەترسییدارە بوو کە لە بری جەنگ و تۆڵە و سەربڕین، پەنا بۆ دادگە و سیستەمی دادوەریی برا. ئەم قۆناغە ئەگەر لە ڕوویەکەوە نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی یاسایی تاکەکان بێت، ئەوا بە بارێکی دیکەدا دەروازەیەکە بۆ سێرەگرتنی بە بەرنامە لە ئەکادیمییان، تاوەکوو ژیان و ماف و ئازادییەکانیان لە ژێر ڕەحمەتی ئاستی تێگەیشتن و پێگەیشتنی ئەوانەدا بێت کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەکادیمیی یاخوود توێژەر و مامۆستا و خوێندكاراندا هەیە و دەبێت. کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین لەلایەن یەکێک لە خوێندکارەکانیان لە نێوەندی شاری هەولێری پایتەختی سیاسیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی 2022دا؛ نموونەیەکی نزیک و دیاری پێشلکردنی ماف و ئازادیی ئەکادیمییا و ئەکادیمییەکانە کە بوو بە تۆمارێکی ڕەشی یاساشکێنیی ئەزموونی فەرمانڕەوایی کوردیی کە بەداخەوە، نە کەس پەندی لێوەرگرت و نە کەسیش یاسا و ڕێسای نوێی بۆ دووبارەنەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە واژۆ و جێبەجێکرد . هەر ئەوەیش زەمینەی دووپاتکردنەوەی لەبەردەم دەیان کەسی دیکەدا خۆشکرد کە هەمان ڕێچکەی بکووژ و کووژراو بگرنەبەر، چوونکە نە پاساوەکانی کوشتنی ئەکادیمیی کورد لە کوردستانی عێراقدا هێند بەهێز و لۆژیکیی بوون، نە سزادانی بکووژ و ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە تاوانی هاوشێوە هێند ورد و بیرلێکراوە بوون کە توێژەران و مامۆستایان هەست بە ئاسایش و ئارامیی دەروونیی و جەستەیی ئەوتۆ بکەن کە بەشێوەیەکی ئاسایی و دوور لە هەڕەشە و چاوترسێنکردن ماف و ئازادیی ئەکادیمیی خۆیان لە پیشەی مامۆستایی و توێژینەوەی زانستییدا پیادەبکەن!
ئازادیی ئەكادیمیی و پیادەكردنی
بەپێی سەرچاوە زانستییەكان بێت؛ ئازادیی ئەکادیمیی (academic freedom) بریتییە لە ئازادیی دەربڕین و كاركردنی مامۆستایان و خوێندکاران و دامەزراوە ئەکادیمییەکان بۆ بەدواداچوونی زانست و زانیاریی و هەر شوێنێک کە بەبێ دەستێوەردانی ناڕەوا یان ناعەقڵانی بیانباتە پێشەوە. بە دەربڕینێكی دیكە؛ ئازادیی ئەکادیمیی بریتییە لە ئازادیی بەشدارییکردن لە تەواوی ئەو چالاکییانەی کە لە بەرهەمهێنانی زانین (knowledge)دا بەشدارن، لەوانە: هەڵبژاردنی فۆکەسی توێژینەوە، دیارییکردنی ئەوەی کە لە پۆلدا چی فێر بکرێت لەگەڵ پێشکەشکردن و بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی توێژینەوە بۆ هاوپیشە و هاوکاران. لەو چوارچێوەیەشدا کۆمەڵگە ئەکادیمییەکان؛ بەهۆی توانای داڕشتن و کۆنترۆڵکردنی ڕەوتی زانیارییەکانەوە چەندینجار دەکرێنە ئامانجی سەرکوتکردن. بەتایبەت کاتێک زانایان هەوڵی فێرکردن یان گەیاندنی بیرۆکە یان ڕاستییەکان دەدەن کە بۆ گروپە سیاسییە دەرەکییەکان یان دەسەڵاتداران ناڕەحەتن، لەوانەیە خۆیان ببیننەوە کە بوونەتە ئامانجی سووکایەتیکردن بە گشتی، لەدەستدانی کار، زیندانیکردن و تەنانەت مردنیش. بۆ نموونە لە باکووری ئەفریقادا؛ پڕۆفیسۆرێکی تەندروستی گشتیی بۆی دەرکەوت کە ڕێژەی مردنی کۆرپەلە لە وڵاتەکەیدا زیاترە لەوەی کە ئامارەکانی حکومەت ئاماژەیان پێکردووە، بەهۆیەوە؛ کارەکەی لەدەستدا و زیندانییکرا. لەو چوارچێوەدا؛ دانێل گۆردن لە کتێبی ئازادیی ئەکادیمیی چییە؟ سەدەیەک لە مشتوومڕ؛ 1915– تائێستا (What is academic freedom? A century of debate, 1915 – present) باس لە مێژووی مشتومڕی ئازادیی ئەكادیمیی لە ساڵی 1915 تا ئێستا دەکۆڵێتەوە، بەتایبەت لەبارەی واتای ئازادیی ئەکادیمیی لە پەیوەندییدا بە چالاکیی سیاسیی لە کەمپی زانکۆدا. کتێبەکە خوێنەران بە سەرچاوەی زانکۆیی توێژینەوەی مۆدێرن لە ئەمریکا و پیشەییکردنی ڕۆڵی مامۆستای زانکۆ و سەرهەڵدانی چەمکە بەدیلەکانی ئازادیی ئەکادیمیی ئاشنا دەکات کە تەحەدای مۆدێلی پیشەیی دەکەن و وێنەی زانکۆ بە ڕادیکاڵ نیشاندەدات. هاوكات بیرمەندانی پێشەنگی ئازادیی ئەکادیمیی وەك: ئارسەر لۆڤجۆی، ئەنجێلا دەیڤس، ئەلێکساندەر مایکلێجۆن، ئێدوارد سەعید و ئەوانیدیکە باسدەكات. هەروەها چەند پرسیارێكی گەوهەریی دەوروژێمنێت، لەوانە: پەیوەندیی نێوان ئازادیی قسەکردن و ئازادیی ئەکادیمیی چییە؟ ئایا پێویستە ڕێگە بە کۆمۆنیستەکان بدرێت وانە بڵێنەوە؟ چی پەروەردەكردنی سیاسیی قبوڵنەکراو لە پۆلدا (indoctrination) پێکدەهێنێت؟ کاریگەرییەکانی لەسەر ئازادیی ئەکادیمیی لە درووستکردنی بەشی توێژینەوەی ڕەشپێستەکان و خوێندنی ژناندا چین؟ ئایا بایکۆتی ئەکادیمیی وەک ئەوانەی ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکرێن، ڕۆحی ئازادیی ئەکادیمیی پێشێلدەکەن؟ ئەمانە و چەندین پرسی هاوشێوە لەلایەن نووسەرەوە تاووتوێدەكرێن و لەبری ئەوەی وەک دادوەرێک بۆچوونیان لەسەر بخاتەڕوو، ئاماژە بە پاڵنەری پشت هەریەك لە ناکۆکی یاسایی، فەلسەفی، سیاسیی پرسەكان دەكات و پاساوەكانیان ئاشكرا دەكات. ئەم کتێبەی گۆردن؛ سەرنجی توێژەران و خوێنەرانی زانستە کۆمەڵایەتیی و مرۆییەکان کە ئارەزووی ئازادیی زانستیی و كاركردنی ژیانی ئەکادیمییان هەیە ڕادەکێشێت و بووەتە سەرچاوەیەكی بەپێزیش بۆخستنەڕووی خەباتی ئازادیی ئەكادیمیی و مشتومڕەكانی ئەكادیمییان لە وڵاتانی ئەوروپا و خۆرئاوا لە ساڵی 1915ەوە تائێستا.
ئازادیی ئەکادیمیی و پێكهاتەكانی
توخمە بنەڕەتییەکانی ئازادیی ئەکادیمیی بۆ مامۆستایان؛ بریتین لە ئازادیی لێکۆڵینەوە لە هەر پرس و بابەتێک کە خەمی هزرییان بورووژێنێت. ئەوەیش بۆ ئەوەی ئەنجامی دۆزینەوەکانیان؛ پێشکەش بە خوێندکاران و هاوکاران و کەسانی دیکە بکەن یاخوود داتا و دەرئەنجامی توێژینەوەکانیان بەبێ کۆنترۆڵ و سانسۆر بڵاوبكەنەوە؛ هەروەها بەو شێوەیەی کە لە ڕووی پیشەییەوە بە گونجاوی دەزانن، توێژینەوە بكەن و وانە بڵێنەوە. بۆ خوێندکارانيش؛ توخمە بنەڕەتییەکان بریتین لە ئازادیی خوێندنی ئەو پرس و بابەتانەی کە پەیوەندییان پێوە هەیە، تاوەكوو بۆ خۆیان بە ئەنجام بگەن و بۆچوونەکانیان دەرببڕن. لەو سۆنگەیەوە دەتوانرێت بوترێت: ماف و ئازادییە ئەکادیمییەکان پەیوەستن بە ئازادیی هزریی لەناو دامەزراوە پەروەردەیی و ئەكادیمییەكاندا کە خۆیان لەمانەی خوارەوەدا دەبیننەوە:
ئازادیی ڕەخنەگرتن و بیركردنەوەی ڕەخنەیی.
ئازادیی فێربوون و فێرکردن و گوزارشتکردن لە دەرئەنجامەکانی توێژینەوەی زانستیی و بڵاوکردنەوە.
ئازادیی دەربڕینی بیرۆكە و بۆچوون؛ بە مەرجێک دەست بۆ پێگەی یاسایی دامەزراوە ئەكادیمییەكان نەبرێت. ئەوە جگە لە بوونی یەکسانیی لە هەموو چالاکی و توێژینەوەیەکی ئەو کەسانەی لەو دامەزراوانەدا کاردەکەن.
ئازادیی کارکردن لە دامەزراوە پەروەردەیی و ئەكادیمییەكاندا و بەهەندوەرگرتنی مەرجی لێهاتوویی و پاکیی لە شێوازی دامەزراندن و پیادەكردنی یەکسانیی بەسەر هەموو ئەوانەی لەو دامەزراوانەدا دەخوێنن و وانەدەڵێنەوە یان كاردەكەن. هەروەها ڕوونیی لە بنەما و بنچینەکانی وەرگرتن بۆ ئەوانەی تێیدا كاردەكەن.
ئازادیی تۆماركردنى سكاڵا و لێپێچینەوەی یاسایی بۆ ئەوانەی لە دامەزراوە پەروەردەیی و ئەكادیمییەكاندا كاردەكەن، تاوەكوو پەنا بۆ دامەزراوە یاساییەکان و سیستەمی دادوەریی ببەن و ماف و ئازادییە زەوتكراوەكانیان بەدەستبهێننەوە. واتە لەم دامەزراوانەدا دەبێت شەفافییەت و لێپرسینەوە و دادپەروەریی و دەرفەت (حەوکەمە) بۆ ئەكادیمییان هەبێت.
بەدەر لەوانە؛ زۆر ماف و ئازادیی ديكە هەن کە پێویستە بۆ ئەکادیمییەکان دابینبکرێن، لەوانە: مافی بەشدارییکردن لە داڕشتنی سیاسەتى گشتیی و پلانی دامەزراوەکاندا، هەروەها مافی خۆپیشاندان، مافی دامەزراندنی سەندیکا و ڕێکخراوەکان و تەنانەت مافی ئەنجامدانی کاری سیاسییش.
ئازادیی ئەکادیمیی و كۆنگرەكانی
لەپێناو هەرچی زیاتر دەستەبەركردنی ماف و ئازادیی ئەكادیمییدا؛ زۆر چالاکیی جۆربەجۆر لەسەر ئاستی نێوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتیی كراون و دەكرێن، گرنگترینیان لە ساڵی 2015دا بوو لە وڵاتی تونس كە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیی بۆ سەربەخۆیی زانکۆکان لە قۆناغی گواستنەوەدا ڕێكخرا و نزیکەی 15 توێژینەوەی زانستيی لەسەر ئەو بابەتە پێشکەشکران. هەروەها ساڵی 2013؛ کۆنگرەیەکی ئەکادیمیی بۆ ئازادییە ئەکادیمییەکان لە ئوردن ڕێکخرا و گرنگییەکی تایبەت بەم بوارە درا و لە كۆتاییدا چەند بڕیارێك دران، لەوانە:
داننان بە ماف و ئازادییە ئەکادیمییەکان. بەبێ هیچ مەرجێک حکوومەت و زانکۆکان لە دەستووری كاركردنی خۆیاندا دان بە ماف و ئازادییە ئەکادیمییەکاندا بنێن.
داننان بە پڕەنسیپی پاراستنی پارێزبەندیی ئەکادیمیی لە ڕوانگەی توێژەر و توێژینەوەی زانستییەوە.
دانانی پێوەری ئەکادیمیی و ئەخلاقیی بۆ بەرزکردنەوەی پلەی زانستیی و هەبوونی جۆرە دادپەروەرییەک لە وەرگرتنی کەسانێک لە دامەزراوە ئەکادیمییەکاندا.
هەبوونی حەوکەمەی ئەکادیمیی کە ئەكادیمییان بتوانن لەبەرامبەر هەر جۆرە گەندەڵییەکدا بوەستنەوە.
مافى دامەزراندنی سەندیکا و ڕێکخراوی تایبەت بە ئەكادیمییان لە ڕوانگەی دابینکردنی ئاسایشی فەرمانڕەوایی تا بارودۆخیان چاک بکرێت.
هەڵبەتە کارکردن لە بواری ئەرك و ماف و ئازادییەکانی کۆمەڵگەی ئەکادیمیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەروا سادە و ساكار نییە و نابێت، چوونکە زۆربەی ئەو هەرێم و دەوڵەتانەی دەكەونە ئەو سنوورە جوگرافییەوە کێشەیان لەگەڵ پیادەكردن و پاراستنی بەندەكانی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و پایەكانی سیستەمی دیموکراسیدا هەیە، بەڵام ئەو کۆمەڵگەیەی کە جۆرێك لە كرانەوە و گۆڕانکاریی دیموکراسیی و ئازادییان تێدایە، بە تایبەتی لە دوای شۆڕشی بەهاری عەرەبیی لەساڵی 2010دا، كەم و زۆر “ئازادیی ئەكادیمیی” بووەتە پرس و بابەتێكی جێبایەخی گشتیی و نێوەندە پەروەردەیی و ئەكادیمییەكانیان كاری لەسەر دەكەن. هەربۆیە پێویستە گرەنتییەكی دەستووریی بۆ دامەزراوە ئەکادیمییەکان لەناو دەستوورەکاندا هەبێت كە دەستەبەری ماف و ئازادیی فێربوون، توێژینەوەی زانستیی، داهێنان، بەدەستهێنانی زانیاریی، ئاڵوگۆڕی ئەو زانیارییانە و ئازادیی بڵاوکردنەوە و چاپکردن و ڕادەربڕین بکات.
ئازاديی ئەکادیميی و دۆسییەكانی
لە ئاستی نێودەوڵەتییدا؛ چەندین دۆسییەی پێشلكاریی ماف و ئازادیی ئەكادیمیی تۆماركراون، لە دیارترینیان ئەمانەی خوارەوەن:
دۆسییەی زانکۆی کالیفۆرنیا، بێرکلی (2017): زانکۆکە ڕووبەڕووی کاردانەوە بووەوە لەسەر مامەڵەکردنی لەگەڵ وتاردەرانی خاوەن بۆچوونی مشتومڕاوی، ئەمەش بووە هۆی گفتوگۆکردن سەبارەت بە هاوسەنگیی نێوان ئازادیی قسەکردن و پاراستنی ژینگەیەکی سڵامەتی زانكۆ.
دۆسییەی ستیڤن سالایتا (2014): سالایتا لە زانکۆی ئیلینۆیس مامۆستا بوو کە بەهۆی تویتە مشتومڕاوییەکانی سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، ئۆفەری کارکردنی هەڵوەشێنرایەوە. ئەم دۆسییەیە؛ مشتومڕێکی ديار و بەرچاوی لەسەر ئازادیی ئەکادیمیی و کاریگەریی گوشاری بەخشەرەکان لەسەر بڕیارەکانی زانکۆ لێکەوتەوە.
دۆسییەی بانگهێشتنەکردنی وتاردەران: سەبارەت بە وتاردەرانی بانگهێشتکراو کە بۆچوونی مشتومڕاوییان هەیە؛ زانکۆ جۆراوجۆرەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەوە. ئەمەش بووە هۆی مشتومڕ لەسەر ئەوەی كە ئایا پێویستە دامەزراوە ئەکادیمییەکان؛ ڕێگە بەو وتاردەرانە بدەن یان چۆن و بە چ شێوەیەك پەیوەندیی بە ئازادیی ئەکادیمییەوە هەیە؟
لە ئاستی نێوخۆییشدا؛ لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا چەند دۆسییەكی پێشلكردنی ماف و ئازادیی ئەكادیمیی هەن كە ئەگەر سنوورێكیان بۆ دانەنرێت، ئەوا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرفراوانتر و جۆراوجۆرتر دەبن و دووبارەبوونەوەشیان ئەگەرێكی كراوەیە. لەدیارترینی ئەو دۆسیانەیش؛ ئەمانەی خوارەوەن:
دۆسییەی بەزاندنی حەڕەمی زانكۆ: ڕۆژی پێنجشەممە (05ی كانوونی یەكهەمی 2024)؛ لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی شەڕ لەنێوان خوێندکارێک و برای خوێندکارێکی دیکەدا روویدا و بەهۆیەوە هەردووکیان بریندار بوون، چوونكە لە دەرەوەی زانکۆ پەیوەندییان بە هاوڕێکانیانەوە کردووە و ئەوانیش چوونەتە نێو شەڕەکە کە کاتژێر 11:45 خولەک دەستیپێکرد. دواتر شەش کەس لە دەرەوەی زانکۆوە هاتوون كە خوێندکار نەبوون، بەڵکوو برادەری یەکێک لە خوێندکارەکان بوون و هاتوونەتە ژوورەوە و ئاڵۆزییان درووستکردووە. بەدوای ئەو ڕووداوەدا؛ هەندێك لە خوێندكارانی زانكۆكە ڕاگەیانراوێكیان بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتبوو: لەلایەن کەسانێکی نەناسراو و دەرەوەی زانکۆ، هێرشکراوەتە سەر زانکۆمان و خوێندکارێکمان لە بەشی تەکنیکی میدیا بریندار دەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو کەسانەی هێرشیان کردۆتە سەر ئەو خوێندکارەمان حەرەمی زانکۆیان شکاندووە و پێشێلی مافی خوێندکارانیان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەسانە چەقۆ و شەکرشکێن و کلکەخاکەناز و داری گەورەیان پێبووە و بوونەتە هۆکاری ترساندن و پشێوی بۆ زانکۆکەمان. هاوکات ئەو کەسانەی هەستاون بەم کارە هەتا ئێستا دەستگیر نەکراون، بۆیە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیمان وەکو خوێندکارانی بەشی تەكنیكی میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین بەزوویی بکەرانی ئەو ئاژاوەگێڕییەی ئەمڕۆ دەستگیربکەن و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە. بەدوای ئەوەیشدا؛ سەرۆكایەتیی زانكۆكە لە ڕوونكردنەوەیەكدا وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ڕاستیی ڕووداوەكە، بەڵام “گەورەكردنی لەلایەن میدیاكانەوە” بە هەڵمەتێكی دژ بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ناوبردبوو، بەتایبەت لە هەمان رۆژدا هەواڵی تۆماركردنی ڕیكۆردێكی نوێی زانستیی زانكۆكەیان بڵاوكرابوەوە. ئەگەرچی لە ڕوونكردنەوەكەدا ئەوەیش ئاشكراكرابوو كە ئەو دوو خوێندكارەی بەشەڕ هاتوون؛ دەدرێن بە لیژنەی جڵەوگیریی زانكۆ و ڕێکارییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام هیچ ئاماژەیەك بە شكاندنی حەڕەمی زانكۆ و ڕێوشوێنەكانی لێپێچینەوە لەوانەی هێنرابوونە ناو زانكۆ نەدرابوو كە ببوونە هۆی ئەوەی مەترسیی لەسەر سڵامەتیی ژیانی خوێندكاران، مامۆستایان و فەرمانبەران درووستببێت!
دۆسییەی سزادانی ئەكادیمیی: ڕۆژی دووشەممە (03ی حوزەیرانی 2024)؛ لەسەر دانانى پرسیاری تاقیكردنەوەی وانەی ئیتیكی میدیا بۆ خوێندكارانی قۆناغی دووهەمی بەشی ڕاگەیاندنی كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانكۆی هەڵەبجە لە وەرزی خوێندنی 2020–2021دا، دادگای كەتنی سلێمانی/دوو سزای سێ مانگ بەندكردنی بەسەر پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس مامۆستای زانكۆ و سەرنووسەری گۆڤاری دەرگاوان سەپاند و پاش دووجار تانەلێدانی لە دادگاكانی پێداچوونەوەی هەولێر و سلێمانی، بڕیاری سزاكە وەكخۆی مایەوە و دۆسییەكە هەڵنەوەشایەوە.
دۆسییەی كوشتنی ئەكادیمییان: لە ڕۆژی سێشەممە (28ـی حوزەیرانی 2022)يشدا؛ قوتابييەكی زانكۆی سۆران لەنێو حەڕەمی زانکۆدا هەڵدەكوتێتەسەر پ.د.کاوان ئیسماعیل، ڕاگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین و بە دەستڕێژی گولـلە دەیكوژێت. هەر لەو ڕووداوەدا پاسەوانێکی مەدەنیی زانکۆ بریندار دەكات و بەدوایدا هەڵدەکوتێتەسەر ماڵی پ.د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و لە ماڵەکەی خۆیدا دەیکوژێت.
دۆسییەی هێرشكردنەسەر ئەكادیمیی: وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستيی بهتوندی ئیدانهی هێرشكردنهسهر د.عهباس عهبدولقادر ڕەباتيی؛ مامۆستا له زانكۆی ههولێری پزیشكيی دهكات، لهههمانكاتدا داوا له دهزگا ئهمنیهكان دهكات بهزوترین كات ڕێكاری یاسایی لهبهرامبهر ئهو كهسانه بگیرێتهبهر كه هێرشیانكردۆته سهر ئهو پزیشكه.
دۆسییەی سكاڵاتۆماركردن لەسەر ئەكادیمییان: ئەنجومەنی زانكۆی گەرمیان لەسەر نووسینی كۆمێنت، چوار مامۆستای زانكۆكە دەداتە دادگە و سەرۆكی زانكۆكەيش ئاماژە بەوەدەكات لێدەگەڕێن یاسا و دادگە ئەو بابەتە یەكلايى بكاتەوە كە بەهۆی هەڵوێستی ئەو مامۆستایانەوە بووە، بەتایبەت لە كاتی دابەشنەكردنی موچە و ڕەخنەگرتنیان لە شێوازی بەڕێوەبردنی زانكۆ و پرۆسەی خوێندنی نێو كەمپەسی زانكۆ.
دۆسییەی ڕێگرییكردن لە توێژینەوەی ئەكادیمیی: لە مانگەكانی ئادار و نیسانی 2020دا؛ وەزارەتی تەندرووستیی و خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان بە پاساوی “پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی“؛ ڕێگەیان بە پ.ی.د.سازان قادر مەولوود نەدا لە تاقیگەكانی زانكۆی سەلاحەدین توێژینەوە لەسەر جینۆمی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بكات و هۆكارەكانی سەرهەڵدان و تەشەنەسەندنی لە كوردستاندا ئاشكرا بكات!
ئازادیی ئەكادیمیی و پاراستنی
ئەو نموونانەی خرانەڕوو؛ مشتێكن لە نموونەی خەروارێك لەو پێشلكاریی و تاوانانەی دەرهەق بە مامۆستایان و توێژەران و توێژی ئەكادیمیی كوردستان كراون و دووبارەبوونەوەشیان ئەگەرێكی كراوە و بەردەوامە. جا بۆ سنوورداركردنی پێشلكارییەكانی ماف و ئازادیی ئەكادیمیی لە هەرێمی كوردستاندا؛ پێویستە یاسایەك یان ڕێبەرێك گەڵاڵە بكرێت، تاوەكوو ئەكادیمیا و ئەكادیمییەكانی كوردستان لە دەربڕینی بۆچوونەکانیان و كارەكانیاندا ئازا و ئازادبن و بتوانن بەبێ ترس لە سانسۆری پێشوەختە و دیسیپلینی دامەزراوەیی بەدواداچوون بۆ كێشە و پرسەكانی كۆمەڵگە بكەن. واتە جۆرێك لە پشتەوانە (حصانە)یان بۆ دابین بكرێت كە لەسەر بەرهەم و كارە زانستییەكانیان كە بەمەبەستی پەروەردە و فێركردن و تێگەیاندن دەیكەن، ڕووبەڕووی دادگە و دادگەییكردن نەبنەوە و تۆمەتبار و تاوانبار نەكرێن. ئازادیی لێکۆڵینەوە و وانەوتنەوە و هێنانەوەی نموونەی زیندوو لە واقیعی كۆمەڵگە لەلایەن مامۆستایان و خوێندکاران و ئەندامانی فاکەڵتیەوە بۆ ئەرکی ئەکادیمیا زۆر زۆر گرنگە. ئەگەرچی بەپێی یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2008ی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی و یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەریی لە كوردستان بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە پاراستنی ماف و ئازادیی ئەكادیمیی دراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری دادوەر و دادگەكانی هەرێمی كوردستان تائێستایش یاسای ژمارە 111ی ساڵی 1969ی سزاكانی عێراق وەك سەرچاوەی سەرەكیی بڕیاردان بەكاردەهێنن، زۆرجار ئەو یاسایانە فەرامۆش دەكەن كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچوون. كەواتە بۆ ڕێكخستنەوەی ماف و ئازادیی ئەكادیمیی؛ گەڵاڵەكردنی یاسایەكی تایبەتمەند يان ڕێبەرێك زۆر گرنگ و هەنووكەیی و پێویستە. بۆ ئەو مەبەستەیش چەندین ڕێنمایی و چوارچێوەی نووسراو هەن کە ئامانجیان پاراستنی ماف و ئازادیی ئەکادیمییە لە دامەزراوەکانی جیهاندا. لێرەدا چەند نموونەیەکی بەرچاو دەخرێنەڕوو كە دەكرێت سوودیان لێوەربگیرێت، لەوانە:
بەیاننامەی کۆمەڵەی پڕۆفیسۆرانی زانکۆكانی ئەمریکا (AAUP): چەندین بەڵگەنامەی بڵاوکردووەتەوە کە بنەماکانی ئازادیی ئەکادیمیی دەخاتەڕوو، لەوانە: بەیاننامەی بنەماکانی 1940 لەبارەی ئازادیی ئەکادیمیی و ماوەی کارکردن. ئەم بەیاننامەیە جەخت لەسەر مافەکانی ئەندامانی فاکەڵتی دەکاتەوە بۆ وانەوتنەوە و لێکۆڵینەوە و بڵاوکردنەوە بەبێ دەستوەردان، هەروەها ئەو بەرپرسیارێتیانەی کە لەگەڵ ئەو ئازادییانەدا دێن.
ڕاسپاردەکانی یونسکۆ سەبارەت بە ئازادیی ئەکادیمیی: ڕێكخراوی یونسکۆ چەند ڕێنماییەکی داڕشتووە و هانی وڵاتانی ئەندام دەدات بۆ پێشخستنی ئازادیی ئەکادیمیی و پاراستنی. هاوكات جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ پێشخستنی مەعریفە و ڕۆشنبیریی زۆر پێویستە. پێشنیازەکانیان بریتین لە پەروەردەکردنی ژینگەیەک کە زانایان بتوانن بە ئازادیی بۆچوونەکانیان دەرببڕن و بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە بەشداریی توێژینەوە و بەرهەمهێنانی داتا و مەعریفە بکەن.
جاڕنامەی بەرلین سەبارەت بە دەستڕاگەیشتن بە زانینی کراوە لە زانست و زانستە مرۆییەکان (2003)دا: لە کاتێکدا بە پلەی یەکهەم سەرنجی لەسەر دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی کراوەیە، ئەم جاڕنامەیە دەستدەخاتەسەر گرنگیی ئازادیی ئەکادیمیی لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی و دڵنیابوون لەوەی کە دۆزینەوەی توێژینەوەکان و دەستڕاگەیشتنیان بۆ خەڵک گرنگە.
ڕێنماییەکانی کۆمەڵەی زانکۆکانی ئەوروپا: یەکێتی ئەوروپا بەڵگەنامەیەكی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا باس لە ئازادیی ئەکادیمیی و سەربەخۆیی دامەزراوەیی دەکات، هەروەها داوا لە زانکۆکانی ئەوروپا دەکات ئەم بنەمایانە بۆ پەروەردەکردنی ژینگەیەکی ئەکادیمیی زیندوو بپارێزن.
هەڵبەت ئەو ڕێنماییانە وەک چوارچێوەیەک یاخوود ڕێنيشاندەرێك بۆ توێژی ئەكادیمییان و دامەزراوە ئەکادیمییەکان دانراون؛ لە پێناو پەرەپێدانی سیاسەت و پراکتیکەکانیان لە دەوری ئازادیی ئەکادیمیی بۆ گرەنتییكردن و دڵنیابوونەوە لەوەی زانایان دەتوانن بەبێ سنووردارکردنی ناڕەوا بەدواداچوون بۆ کارەکانیان بکەن. هەروەك بەیاننامەی زانکۆی شیکاگۆ سەبارەت بەئازادیی ئەکادیمیی (1967) جەختی لە گرنگیی ماف و ئازادییە ئەکادیمییەكان لە نێوەندەكانی خوێندنی باڵادا کردوەتەوە کە زانایان دەبێت لە بەدواداچوونی زانست بەبێ سانسۆر یان ترس لە کاردانەوە ئازاد بن. هەربۆیە گەڵاڵەكردنی ڕێبەرێك بۆ دەستنیشانكردنی ماف و ئازادیی ئەكادیمیی لەهەرێمی كوردستانی عێراقدا؛ زۆر گرنگ و پێویستە. وەگەرنا ئاستی سووكایەتیی، گرتن، ڕاوەدوونان و كوشتنی ئەكادیمیییان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و ئەوەیش دەبێتە پێشهاتێكی زۆر مەترسییدار لەسەر مانەوە و بەردەوامیی توێژی ئەكادیمییان و كاركردنیان لە بواری پسپۆڕیی خۆیاندا!
سەرچاوەكان:
ئاكرەیی، نەژدەت 2022: ماف و ئازادییە ئەكادیمییەكان. ماڵپەڕی گوڵان، لە ڕۆژی شەممە (21ی كانوونی یەكهەمی 2024) بەدەستهێنراوە لەم بەستەرەی خوارەوەدا: https://www.shorturl.at
ئەیڤەس، شوان 2024: ئازادیی ئەكادیمیی و پێشلكردنی لە هەرێمی كوردستاندا. سەمیناری سمیستەری یەكهەمی كۆلیژی تەكنیكی كارگێڕیی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ڕۆژی 24ی تشرینی دووهەمی 2024دا، لە هۆڵی كۆنفرانسی كەمپی كۆلیجە تەكنیكییەكان لە چوارچرا پێشكەشكرا.
Bullinger, H.J., Einhäupl, K.M., Gaehtgens, P., Gruss, P., Henkel, H.O., Kröll, W., Winnacker, E.L., Larrouturou, B., Mittelstrass, J. and Galluzzi, P., 2003. Berlin declaration on open access to knowledge in the sciences and humanities. Open Access to Knowledge in the Sciences and Humanities, pp.20-22.
Chapter, T., 1973. American Association of University Professors. Re-port of the Special Committee of Inquiry. Kent, Ohio, 1119.
CHMK, 2024. Refusing to restrict the academic freedom of university lecturers and media researchers. CHMK Website. Accdess on 18 December 2024 in https://chmk.org/academic-freedom-restricting-a-legal-case-of-dr-shwan-adam-aivas-as-an-example/
Datsko, O., 2018. Сooperation of European University Association with European educational organizations: modern trends. Педагогічні науки: теорія, історія, інноваційні технології, (4), pp.3-10.
Gordon, D., 2022. What Is Academic Freedom? A Century of Debate, 1915–Present(p. 178). Taylor & Francis.
Karem, H., 2024. Defending Academic Freedom: A Call to Abolish Unjust Sentences. CHMK Website. Accdess on 20 December 2024 in https://chmk.org/defending-academic-freedom-a-call-to-abolish-unjust-sentences/
Karran, T., 2009. Academic freedom in Europe: reviewing UNESCO’S recommendation. British Journal of Educational Studies, 57(2), pp.191-215.
* ئەم بابەتە بۆ یەكهەم جار لە چوارهەم ژمارەی مانگی شووباتی 2025ی گۆڤاری پۆڵەتیك چاپكراوە و پاشتر لە ماڵپەڕی چمك بڵاوكراوەتەوە.