148وتار

پیرۆزبای ٨ مارس لە کێ و لە چی!

3/8/2025 1:14:00 PM
رەهێڵ دزەیى

ژنان هەموو ساڵێ لەم ڕۆژەدا ئاهەنگ دەگێرن بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، هەرێمی کوردستانیش بێبەش نین لەم ئاهەنگ گێڕانە. 

لە وڵاتانی پێشکەوتوو ژنان توانیویانە لە ڕێگای خەبات و تێکۆشانیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان کۆمەڵگاکەیان بگۆڕن، ژنان بە یەکەوە لەگەڵ پیاوان بە بەرپرسیاریەکی زۆرەوە بە ئەرکەکانیان هەڵدەستن بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگاکەیان. 

ژن بەشێکی گرنگە لە کۆمەڵگا و کایەکانی، دۆزی ژن و ماف و ئازادیەکانی پەیوەستە بە هوشیاری هەموو کۆمەڵگا و  ئازاد بوون و بەدەستهێنانی مافەکانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. 

دوای ئەو هەموو ساڵە لە خەباتی ژنان لە هەرێمی کوردستان، چیان بەدەستهێنا؟ توانیویانە تێڕوانینی کۆمەڵگا و ژنان بگۆڕن لە پرۆسەیەکی گرنگی وەک هاوسەرگیری؟ تا ئێستاش پرۆسەی هاوسەرگیری شێوازێکە لە فرۆشتنی ژن. دایکان لە پێش باوکان هەر داوکاری کچەکەیان دێت، داوای ئاڵتون و پارە و ناوماڵی زۆر دەکەن، هەرچەند کچەکەیان ئاڵتونی زۆری بۆ بکڕێ زیاتر دڵخۆش دەبن و لە ناو کەس و کاریان شانازی پێوەدەکەن، بێ ئاگا لەوەی ئەو  ئاڵتون و پارەیە بەهای کچەکەیتیان و زاوا نرخەکەی داوا. 

هەر دایکە لە پەروەردە کردنی منداڵەکانی جیاوازی دەکات کوڕەکەی بەشێوازێک پەروەردە دەکات، بۆ هەموو کارەکانی ناو ماڵ پشت بە مێینەکانی ناوماڵەکەی ببەستێت و بەهایەکی گەورەتری پێدەدات، کچەکەشی بەشێوازێک پەروەردە دەکات، زۆر ئاسایی بێت و بەڵکو ئەرکیەتی خزمەتی کوڕەکان بکات، بەهایەکی کەمتر لە کوڕەکانی پێدادەت. 

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زۆری سەرنەکەوتنی پرۆسەی هاوسەرگێری ئەم شێوازەی پەروەردەکردن و پرۆسەی هاوسەرگیریەیە. کچ کە داواکاری هەیە لە کوڕ بۆ ئەوەی بەیەکەوە ژیانێک دروست بکەن، ئەو مافەی هەیەتی لەدەست دەدات، کە نرخی خۆی پێدرا، مافی ئەوە لەدەست دەدات داوا بکات هاوسەرەکەی هاوکاری بکات لە کاری ناو ماڵ و جێبەجێ کردنی بەشێک لە داواکاریەکانی. 

پرۆسەکە لە هاوسەرگیری دەگۆڕدرێت بۆ پرۆسەی (شوکرد و ژن هێنان) ناکرێ داوای هەموو مافەکانت بکەیت، بێ ئەوەی بە ئەرک و بەرپرسیاریەکانت هەڵنەستیت. ناکرێ نرخ بۆ خۆت دانێت، لە بەرامبەردا داوای شکۆت بکەیت. 

بۆ ئەوە بتوانین بە سەربەرزی پیرۆزبای ٨ مارس لە یەکتربکەین، گرنگە کار لەسەر گۆڕین تێڕوانینی کۆمەڵگا بکەین بۆ سەرجەم بابەتەکان، نەک تەنها پرۆسەی هاوسەرگیری. 

بۆ ئەوەی توانا و خەباتی ژنان بەهەدر نەچێ بەرهەمداربێت، گرنگە لە سستمی پەروەردە فێرکردن دەستپێبکەین، فەلسەفەیەکی پەروەردەیی پێشکەوتوو جێگیر بکرێ، بەشێوازێک نەوەکان پەروەردە بکرێن یەکسان بن لە ماف و ئەرکەکانیان، کەسایەتی بەهێز و باوەڕبەخۆ و خاوەن هوشیاری بن، ڕێز لە توانا و گرنگی یەکتربگرن بۆ بەروەرپێشچوونی وڵات، توانای ژن و پیاو وەک یەک بەگرنگ بزانین بۆ بەڕێوەبەری کایەکانی کۆمەڵگا ئەوکات ژن بە زۆربەی مافەکانی دەگات و لە چەوساندەوەی و نادادی ڕزگاری دەبێت، دەبێتە خاوەن کەسایەتیەکی بەهێز و متمانە بەدەستدێنێت. 

بێکەس ڕاستی پێکاوە کە دەڵێ:-
(نێر و مێ ھەردوو بە جووتە بۆ وەتەن ھەوڵێ نەدەن.
دوورە دەرچونی لە دیلی مەل بە باڵێ نافڕێ).



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن