37وتار

ئەردۆگان و فۆبیای بەرگریی ئیسرائیل لەکورد !

3/8/2025 9:17:00 PM
نیاز سه‌عید عه‌لی

لەنوێترین لێدوانیدا و لەچوارچێوەی کۆبوونەوەیەکیدا، لەگەڵ ژمارەیەک لەئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ و سوپا؛ ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری توورکیا، لەبەشێکی قسەکانیدا داوایەک ئاراستەی کورد ئەکات و تیایدا ئەڵێت؛ (داوا لەکورد ئەکەم، وەک نەوەکانی سەڵاحەدینی ئەیوبی؛ پێکەوە ڕووبەڕووی زایۆنیزم ببینەوە) .
ئەم لێدوانەی ئەردۆگان، ترس و نیگەرانیی پێوەدیارە و ئاماژەیە بۆ بوونی ناکۆکی و ململانێیەکی تازە لەنێوان ئیسرائیل و توورکیا؛ وەک دوو هێزی ئقلیمی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لەدوای ئەو پێشهات و لێکەوتە و گۆڕانکاریە نێگەتیڤیانەی؛ کە لەچەند مانگی ڕابردوودا، بەزیان بەسەر جوگرافیای ناوچەی هەژموون (هیلالی شیعی) و هاوسەنگیی هێز و هاوکێشە سیاسیەکانی پەیوەست بەڕۆڵ و بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانی (میحوەری مقاوەمەتی ئیسلامیی جیهانی بە ڕابەرایەتیی ئێران)دا هات .
جێی ئاماژەیە لەپاش ئەو ڕووداو و گۆڕانکاریانە؛ توورکیا و ئیسرائیل زیاتر لەوڵاتەکانی تر، وەک دوو هێزی ڕکابەر؛ ناکۆکی و پێشبڕکێ و ململانێ ئەکەن، لەپێناوی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی، کە بە پاشەکشەی هەژموون و پێگەی (میحوەری مقاوەمەتی ئیسلامیی جیهانی) لەناوچەکەدا دروستبوو ! 
ئەتوانین ئاماژە بە دوو ڕەهەند بکەین، کە بوونەتە هۆی پاڵپێوەنان و هۆکاری دروستبوونی ترس و نیگەرانی، لەلای ئەردۆگان و بریتین لە :
١- پاش ڕووداو و گۆڕانکاریەکانی سووریا و ئەو سەرکەوتنانەی کە ئیسرائیل لەسووریا و لوبنان و فەلەستین بەدەستیهێنا؛ لێپرسراوە باڵاکانی ناوەندی بڕیار و دەسەڵات لەئیسرائیل؛ چەندینجار ڕایانگەیاندوە، کە تەنها بەو سەرکەوتن و گۆڕانکاریانەوە ناوەستن، بەڵکو خواستی زیاتریان هەیە و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دائەڕێژنەوە .
یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەهەستیاری و بەوردی؛ سۆراخ و چاودێریی پلان وسیاسەت و  هەنگاوەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا ئەکات؛ بریتیە لەتوورکیا و پێیوایە لەناو ئەو پەیامەی ئیسرائیلدا؛ توورکیا و سووریا ئەبنە ئامانج؛ ئەویش لەڕێگەی هاوکاری و پشتیوانیی لەکورد لەو دوو وڵاتەدا، بۆ بوون بە خاوەنی دەوڵەت .
ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین؛ درک بەوە ئەکەین کە توورکیا لەکاردانەوەدا؛ گووشار و پەلەپەل ئەکات، بۆ شکستپێهێنان بە هەنگاو و پەلهاویشتنەکانی ئیسرائیل و ئابڵۆقەدانی،  لەلایەک کار بۆ بەهێزکردنی پێگە و باڵادەستی و هەژموونی سیاسی و سەربازیی خۆی لەناو سووریادا ئەکات؛ لەلایەکی تریش کار بۆ شکستپێهێنان و لەباربردن و نەهێشتنی هێز و قەوارەی چەکداریی کوردیی لەو دوو پارچەیەی کوردستاندا ئەکات، وردتر کار بۆ نەمان و پاکتاوکردن، یان هەڵوەشانەوەی (پەکەکە) لەکوردستانی باکوور و هێزەکانی سووریای دیموکراسی(هەسەدە) لەکوردستانی ڕۆژئاوا ئەکات، چونکە لەدید و تێڕوانینیدا؛ پێیوایە ئەو دوو هێزە، ئەبنە ئامراز بۆ دابەشکردنی توورکیا و سووریا، لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا، بەپشتیوانیی هەندێک وڵاتی ئەوروپی ! 
٢- ئیسرائیل جیاوازتر لەقۆناغەکانی ڕابردوو؛ بۆ ئامانجی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز بەبەرژەوەندیی خۆی لەناوچەکەدا و سەرلەنوی داڕشتنەوەی جیهانبینیی خۆی بۆ سیاسەتی دەرەکی و چالاککردنی ڕۆڵی ستراتیژی و گەشەپێدانی بەرژەوەندیە دەرەکیەکانی؛ هەنگاو بۆ پەلهاویشتن و ڕۆڵ نواندنی گەورە و زیاتر و دروستکردنی پێگە و هەژموون ئەنێت لەدەرەوەی ئیسرائیل، بەتایبەتی لەلوبنان و سووریای نوێ و وڵاتانی تری ناوچەکە .
لەچوارچێوەی پەیام و سیاسەتی تازەی ئیسرائیلدا، چەندینجار لێپرسراوانی باڵای ئیسرائیل؛ ڕایانگەیاندووە کە پشتیوانی و داکۆکی لەکەمایەتیەکان لەسووریا بەگشتی و پێکهاتەی ئایینیی دروز و کورد بەتایبەتی ئەکەن؛ هەرچەندە لەلێدوانەکاندا دروز زیاتر و زەقتر و کورد کەمتر؛ ناوی دێت .
لەسۆنگەی پەیامەکانی ئیسرائیل؛ سەبارەت بە ناوهێنان و بەرگریکردن و پشتیوانیکردن لەکەمایەتیەکان؛ کە ئیسرائیل ئەیەوێت بیکاتە میکانیزمەیەک بۆ پەلهاویشتنی دەرەکی؛ (مەزڵوم عەبدی)ی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراسی؛ داوای لەئیسرائیل کرد، هەنگاوی پراکتیکی و جدی بنێت بۆ پشتیوانی و پاراستنی کورد لەسووریا؛ ڕوونتر بەرگری و پاراستنی کورد، لەمەترسی و هەڕەشە و پەلاماردان و هێرشە  بەردەوامەکانی توورکیا و هێزە بریکار و پابەند و وابەستەکەیان لەسووریا؛ کە بریتیە لە(سوپای نیشتمانیی سووریا)ی سەر بە (ئیئتیلافی نیشتمانیی هێزە شۆڕشگێڕ و ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا) . 
لەلایەکی تر ئەگەر ئەو لێدوانەی ئەردۆگان، بخەینە بەردەمی شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن؛ بەتایبەتی کە ئەو لێدوانەی بەدەمامکێکی ئیسلامی داپۆشیوە و ئەیەوێت وای دەربخات کە وڵاتەکەی؛ لەبەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێیەکی ئایینیدایە، لەگەڵ ئیسرائیلی خاوەن قەوارەی زایۆنیزم، ئەوا ئەتوانین لەچەندین ڕووەوە پەردە لەسەر بوونی هەڵە و ناکۆکی و دژبەیەکیی؛ لەناو پەیامی ئەردۆگان و ڕەفتار و هەڵوێستەکانی دەوڵەتی توورکیادا هەڵبدەینەوە؛ بەم جۆرەی خوارەوە : 
١- ئەردۆگان لەو لێدوانەیدا کەوتۆتە هەڵەیەکی مێژوویی گەورەوە؛  هەڵەکە ئەوەیە کە سەڵڵاحەدینی ئەیوبی ڕووبەڕووی زایۆنیزم نەبووەتەوە؛ چونکە لەسەردەمی سەڵڵاحەدیندا ئایینی جوو؛ نە خاوەنی ڕێبازی ئایدیۆلۆژیی زایۆنیزم بووە ، نە خاوەنی قەوارەی زایۆنیزم ، قودسیش کە سەڵڵاحەدینی ئەیوبی ڕزگاری کرد، لەژێر دەستی زایۆنیزم نەبوو، بەڵکو لەژێردەستی سوپایەکی ئایینیی ڕۆژئاوایی وڵاتانی ئەوروپی بوو، بەناوی سوپای لاتینیی کاسۆلیکیی، کە بەهۆی هەڵگرتنی نیشانەی خاچێک،  وەکو هێمای خەمباری و هاوسۆزی بۆ لەخاچدانی مەسیح و درێژەپێدان بەڕێبازی ئایینیی مەسیح بەخاچپەرستەکان ناسرابوون؛ بەتایبەتی لەلایەن موسوڵمانەکانەوە  . 
٢- هیچ وڵاتێکی ئیسلامی و عەرەبی؛ هێندەی دەوڵەتی توورکیا، پەیوەندیی بازرگانی و هەواڵگری و دیبلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا نەبووە، ئەگەر ئەم لێدوانە بۆ چەواشەکاری و فریودان نیە؛ با ئەردۆگان هەموو پەیوەندیەکانی نێوان توورکیا و ئیسرائیل، بەتەواوی و بەڕیشەیی بپچڕێنێت و بەپراکتیکی بکەوێتە دوژمنایەتیی ئیسرائیل ! .
٣- دەوڵەتی توورکیا یەکەم دەوڵەتی ئیسلامیە، کە لەساڵی (١٩٤٩)دا و پاش چەند مانگێک لەڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، بەفەرمی دانی نا بەڕەوایی دەوڵەتی ئیسرائیل و لەساڵی (١٩٨٦)یشەوە؛ بەپێنج ساڵ پێش ئیسرائیل، باڵیۆزی خۆی ناردووە بۆ تەلئەبیب و لەساڵی (١٩٩١)یشەوە؛ ئیسرائیل باڵیۆزخانەی لەئەنقەرە کردۆتەوە .
شایەنی باسە تا ئێستاش  پەیوەندیەکانی نێوانیان بەردەوامە؛ هەرچەندە لەناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە، ساردیەکی تێکەوتووە، بەڵام نەپچڕاوە .
٤- قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان توورکیا و ئیسرائیل، لەساڵی (٢٠٠١)ەوە؛ کە ساڵی هاتنە سەرکاری پارتەکەی ئەردۆگانە بۆ سەر سیستەمی فەرمانڕەوایی؛ ساڵ لەدوای ساڵ ڕوو لەهەڵکشان بووە، هەرچەندە لە(٢٠٢٤)دا کەمی کرد، بەڵام هەر بەردەوامە، بۆ نموونە لەساڵی (٢٠٢٣)دا؛ کۆی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان؛ زیاتر لەحەوت ملیار دۆلاری تێپەڕاند  .
٥- لەکاتێکدا هاووڵاتیانی زۆرینەی وڵاتە  عەرەبی و ئیسلامیەکان، بە فەلەستینیەکانیشەوە؛ ناتوانن بە بێ ڤیزا گەشت بۆ توورکیا بکەن، کەچی هاووڵاتیانی ئیسرائیل؛ بە بێ ڤیزا  ئەتوانن گەشت بۆ توورکیا بکە، ئەمە سەرەڕای بوونی چەندین بەڵگە و نموونەی تر لەدیماگۆکیەتی ئەردۆگان؛ چ لەهەڵوێست و بەڕێوەبردنی پەیوەندی و سیاسەتەکانیدا لەگەڵ ئیسرائیل، چ لەگەڵ لۆبی جوو لەئەمریکا .
با چیتر ئەردۆگان دەستی چەور و چڵکنی دەست لەناو دەستی خۆی لەگەڵ زایۆنیزم؛ بەکورد نەسڕێت، بەڵکو ناخ و مێشکی پر لەڕق و دوژمنایەتیکردنی بۆ کورد پاکبکاتەوە، لەبری سڵکردنەوە لەپەیامی مەزڵوم عەبدی؛ کە داوا لەئیسرائیل ئەکات بیانپارێزێت لەدەستدرێژی و پەلاماری توورکیا و هێزە نۆکەرەکانیان لەسووریا، با چیتر پەلاماردان و هێرش نەکاتە سەریان و کۆتایی بەشەڕ و دوژمنایەتیکردنیان بهێنێت؛ بۆ ئەوەی ئەوانیش لەناچاریدا، هانا بۆ پاراستن و پشتگیریی ئیسرائیل نەبەن  .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن