32وتار

چارەسەری كارەبا لە قەزای پێنجوێنە!!

3/8/2025 1:15:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

بیرمەندی ئەمریكی فۆكۆیاما كە خاوەنی تیۆری (كۆتایی مێژوو)ە، لەدنیادا مشتومڕی زۆر دروست كرد لەسەر فكری لیبڕاڵ و كۆتایی مرۆڤ. لە دیداری سلێمانی بەشداربوو، مایكی كەناڵێكی كوردی چووە بەردەمی پرسیاری فكری و سیاسی لێكرد، زۆر بە هێمنیەوە گوتی: حكومەتی سەركەوتوو باش، ئەو حكومەتەیە كارەبا بۆ خەڵكەكەی دابین بكات. 

لەرۆژانی رابردوو، بڕیار وابوو رێككەوتننامەیەك لەنێوان دەوڵەتی ئۆكرانیاو ئەمریكا ئیمزا بكرێت، كە ماددە كانزایی و سروشتیەكانی ناو ئۆكرانیا بۆ ئەمریكا بن، لەبەرامبەر پێدانی ئەو پارە زۆرەی ئەمریكا داویەتی بە ئۆكرانیا لە شەڕی لەگەڵ روسیا!. 

كارەبا ئەمڕۆ هۆكاری شارستانیەتە، ناتوانیت خاوەنی پێشكەوتن و پیشەسازی و خۆراك و سوتەمەنی و ژیانی رۆژانەت بیت بە بێ كارەبا، لە فەرمانگە نوسراوێكت پێ ناكرێت ئەگەر كارەبا نەبێت كۆمپیوتەرەكەتی پێ داگیرسێنی، بچوكترین كردەی ژیانی رۆژانەی ئێمە پەیوەندی بە كارەباوە هەیە, بۆیە ژیان بێ كارەبا سەخت و دژوارو دواكەتووانەیە. 

حكومەتی هەرێمی كوردستان سی ساڵە پشتی بە مۆلیدە بەستووە بۆ دابینكردنی كارەبا، ئێستا بۆ ئەوەی كارەبای نیشتمانی بكاتە بیست وچوار كاتژمێر، هاتووە پڕۆژەیەكی روناكی راگەیاندووە كە گەڕەك بە گەڕەك دەیكاتە بیست و چواركاتژمێری، بەڵام ئەوەی كە دۆخەكەی زۆر سەخت و ئاڵۆز كردووە نرخی مانگانەی ئەم كارەبایەيه، هەمومان كرێچین و دەبێت مانگانە نیوەی پارەی موچەكەت كە بەهەزار دەرد وەریدەگری، بیدەیتە نرخی كارەبا. نرخەكەی زۆر گرانەو لە توانای دەخلی مانگانەی خێزانەكان نیە. بۆیە دەكرێت پێشنیارێك بخەینەروو، ئەگەر گونجاوە كاری لەسەر بكەن، ئەگەر گونجاویش نیە بۆ ساحێبە قەڵبەكەی بگەڕێننەوە:

لەیەكێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن، راپۆرتێكی باس كرد كە تیمێكی بیانی، هەڵە نەبم ئەمریكی بوونە، هاتونەته شاری پێنجوێن و خاك و سروشتەكەیان پشكنیوە، دەركەوتووە پێنجوێن لە ئاستی جیهان یەكەمە لە یەدەگی (مس)، تەنانەت باسی ناوچەیەكیان دەكرد كە یەكەمە لە جیهان، بەڵام بە گوێرەی زانیاریەكانی ئەم تیمە بێت، پێنجوێن لەویش زیاتر خاوەنی مسەو ئێستا یەكەمە لە جیهان. ئەگەر سەیری شاری پێنجوێن بكەین دەبینین خاك و خۆڵ و بەردو داری ئاڵتونە، ئەم خاكی پێنجوێنە زۆر گەوهەری بەنرخی تێدایە لە رووی كشتوكاڵ و گەشتیاری و كانزاو مس و ئاسن یەكەمی بێ ركابەرە. 

ئینجا وەرن لەگەڵ ئەمریكا، چین، یابان، توركیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، هەر دەوڵەتێك كە مسی دەوێت، وەرن رێككەوتنێك بكەن وەك ئەوەی ئۆكرانیاو ئەمریكا كە لەسەرەتای وتارەكە باسم كردووە، بڵێن ساڵانە ئەوەندە تەن مست پێ دەدەین، تۆش ژێرخانی كارەبامان بۆ چاك بكەو وزەی كارەبامان بەجۆرێك بۆ چاك بكە، خەڵك و حكومەت و ئەم كوردستانە بحەسێتەوەو هەر ماڵەی 40 ئەمپێری 24 كاتژمێری پێ بدەن و نرخێكی گونجاوی بۆ نمونە 50 هەزاری مانگانەی لێوەربگرن. ئەم دەوڵەتە مسەكەی دەستدەكەوێت و ئێمەش كارەبا. ئەگەر پێشتان وایە ئەمە ناكرێت، ئەی بۆچی ئۆكرانیاو ئەمریكا بڕیاربوو رێككەوتنێكی لەمجۆرە بكەن، دیارە لە یاسای نێودەوڵەتی كێشەی نیە. ئەگەر لۆبی باشی بۆ بكرێت و دڵسۆزانەو نیشتمانیانە كاری لەسەر بكرێت، دڵنیام زۆر بە ئاسانی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن