پرۆژەی روناكی و نەبوونی مەرجە یاساییەکانی وەزارەتی کارەبا
3/8/2025 7:18:00 PM
چۆمان محەمەد
حكومەتی هەرێمی كوردستان بریاریداوە بە دابینكردنی كارەبای ۲٤ كاتژمێری بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەژێر ناوی(پرۆژەی ڕوناكی) هەرچەندە ئەم بریارە زۆر درەنگ وەختەو دەبوو زوتر هەوڵی چارەسەری كێشەی كارەبا بكرێت بەڵام هەر جێگەی دەستخۆشیە،ئێمە دژی دابینكردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان نین بۆ هاوڵاتیان،بەڵام پرۆژەی روناكی بەو شێوەیەی حكومەت پلانی بۆداناوە كێشەی تێدایەو مەترسی هەیە بۆ زیاتر خراپكردنی بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیان،چونکە ئەو بڕە پارەیەی دیاریكراوە بۆ پرۆژەكە بۆ هەر كیلۆ واتێك سەروو ۱٥٠ دینارە،لەكاتێكدا كرێی كارەبای حكومی بۆ ماڵ وشوێنی نیشتەجیبون بریتیە لە ۱۸ دینار،سەرباری ئەوەیی ئەم زیادكردنە بەشێوەی زانستی و تصاعدی زیادی نەكردوە وبنەمایەكی لۆژیكی نیە ،لەڕوانگەی یاسایشەوە گرفتی تێدایە،چونکە بەپێی بڕگەی ٤ لەمادەی ٤ لەیاسایی وەزارەتی كارەبا ژمارە ٦ سالی ۲٠۲۱ ی پەرلەمانی كوردستان سێ مەرج پێویستە لەكاتی زیادكردنی كرێی كارەباكە پێویستە ڕەچاو بكرێن كەبریتین لە(۱_گۆرانكاری لەباردۆخ وتێچویی كارەبا،۲_بژێوی هاوڵاتیان،۳_ئابوری هەرێم)لێرەدا بەسەرنجدان لە واقیعی ئێستای هەرێمی كوردستان ،گەر گۆرانكارییش روبدات لەتێچوی كارەبا بەهۆی پرۆژەی روناكیەوە بەوشێوەیە نیە بەو بڕە زۆرە زیاد بكرێت،هەروەهاژیانی هاوڵاتیان و ئابوری هەرێم ئەوەندە باش وسەقامگیر نیە هاوكاری ئەم زیادكردن بێت دۆخی خەڵكیش لەو پەڕی خراپیدایە،گەر هەر نیەت و ویستان بوە زیاد بكرێت با لەسەر بنەمایی لۆژیك و زانست و باروگوزەرانی خەلك بێت،راستە نرخی كارەبا رێكخستنەوەی پێویستە، چونکە تێچوی زۆرە بەڵام بەم شێوازو فۆرمەی ئێستا گونجاونیە، بەداخەوە لەرابردودا هەر شتێك حكومەت ویستبێتی جێبەجێی بكات بۆی چۆتە سەرو تێپەریوە،بەهۆی ئەوەی خەڵك و هاوڵاتی بۆ مافی خۆی ئامادەی فشارو رەخنەوهەول نیە بۆ وەستاندنی ئەم بەرنامانەی حكومەت،بۆیە پێویستە داواكاری گشتی رۆڵی هەبێت لەم پرسانەدا،ئەركی هاولاتیانیشە هەموو رێگەیەكی مەدەنی ویاسایی و فشار دروست بكەن تاوەكو پێداچونەوە بەم نرخانەدا بكرێت بەشێوەیەك رەچاوی گوزەرانی خەڵكی تێدا بكرێت