666 کوردستان

بەڕێوەبەری خوێندنگەیەک لە سلێمانی سەری 7 قوتابی دەتاشێت

08:33 - 22/04/2025

زەمەن - کوردستانى

 

لە خوێندنگەیەکى سنوورى قەزاى بازیان سەربە پارێزگاى سلێمانى، مامۆستایەک سەرى حەوت قوتابى تاشیوە، کەسوکارى قوتابییەکان دەڵێن، مامۆستاکە منداڵەکانیانى ئەتککردووە.

 

بەگوێرەى زانیارییەکان، خوێندگەکە ناوى خوێندنگەى رازە و لە بەردەقارەمانە، بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە دوێنێ بە قوتابییەکانى گوتووە سەریان بتاشن و لێیان توڕەبووە، ئەمڕۆ لەکاتى ریزبوونى قوتابییەکان، لەناو 300 قوتابى قوتابخانەکە، حەوت قوتابییانى دەرهێناوە و سەرى بۆ تاشیون.

 

کەسوکارى یەکێک لە قوتابییەکان دەڵێت، قوتابییەکان تۆزێک پەرچەمیان هەبووە، قژیان ئەوەندە زۆر نەبووە، بەڵام بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە بەزۆر سەرى بۆتاشیون، هەروەها دەڵێت، ئەو منداڵانە بارى دەروونییان تێکچووە و ترساون و هەندێکیان ناوێرن بچنەوە قوتابخانەکە.

 

ئێستا کەسوکارى منداڵەکان سکاڵاى یاساییان لەدژى بەڕێوەبەرى قوتابخانەى راز لە بەردەقارەمان تۆمارکردووە دژى ئەو رەفتارەى ئەنجامیداوە.

 

نەژاد عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەبارەى رووداوەکەوە رایگەیاند، هەر کارێک لە دەرەوەی پەروەردە و فێرکردن بێت، دەبێ رەزامەندیی وەزارەتی پەروەردەی بۆ وەربگیرێت، ئەو مامۆستایەش مۆڵەتی وەرنەگرتووە، بۆیە بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت.

 

هەروەها راشیگەیاند، ئەگەر قوتابییەکانیش قژیان نائاسایی بێت، دەبێ دایک و باوکیان بانگ بکرێت، نەک سەریان چاککبکرێت، ئەوە سەرپێچییە لە رێنماییەکانی وەزارەت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن