118 کەلتور

کتێب: ڕۆشنبیرێک، ڕێکخراوێک و دۆزی کورد

09:17 - 20/12/2023

 بەکر شوانی
لەم ڕۆژانەدا لە وەرگێڕانی کتێبی "ڕۆشنبیرێک، ڕێکخراوێک و دۆزی کورد" بوومەوە کە لە نووسینی کۆمەڵناسی ناسراوی تورک دد. ئیسماعیل بێشکچییە. دوای کتێبی "نامەیەک بۆ یونسکۆ"، ئەمە کتێبی دووەمی بێشکچییە کە من لە چوارچێوەیەکی پرۆژەیەکی تۆری میدیایی ڕووداودا لە زمانی تورکییەوە وەری دەگێڕم. "نامەیەک بۆ یونسکۆ"، پایزی ئەمساڵ چاپ کرا و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان دەست دەکەوێت. هەرچی کتێبی "ڕۆشنبیرێک، ڕێکخراوێک و دۆزی کورد"یشە، لە قۆناغی پێداچوونەوە و نووسینی ژێرنووسدایە و تا کۆتایی ئەم مانگە دەگاتە شوێنی مەبەست بە ئومێدی ئەوەی لە مانگەکانی سەرەتای ساڵی 2024دا چاپ و بڵاو بکرێتەوە. ناوەڕۆکی ئەم کتێبە بریتییە لە شەڕێکی سەختی نێوان دوو کەسایەتیی گەورە و ناوداری تورک؛ د. ئیسماعیل بێشکچی و عەزیز نەسین. بابەتی ئەو شەڕە بریتییە لە دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە تورکیا و پارچەکانی تری کوردستان و مەیدانی شەڕەکەیش ئەنقەرە و ئیستانبوڵ و هەندێک لە شارەکانی ئەوروپایە لە دەیەی هەشتەمی سەدەی ڕابردوودا. عەزیز نەسین لەو سەردەمەدا سەرۆکی سەندیکای نووسەرانی تورکیا بووە و لەو شەڕەدا لە دژی بێشکچی، سەندیکای لە پشتەوە بووە. بێشکچیش بە بیر و تێڕوانینەکانی خۆیەوە چووەتە ئەو شەڕەوە و ڕۆژنامەی "کوردستان پرێس"یش کە لەو ساڵانەدا لەلایەن حزبی ڕزگارییەوە لە ئەوروپا دەرکراوە، لە پشتی بووە. تام و چێژی گفتوگۆکانی ناو ئەم کتێبە لەوەدایە کە هەموویان لە سەردەمی پێش پەیدابوونی سۆشیالمیدیادا و ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو ئەنجام دراون. بێشکچی لەم کتێبە بە قەوارە بچووک و بە ناوەڕۆک گەورەیەدا پانۆرامایەکی ڕووداوەکانی دنیای نووسین و هەڵوێستی نووسەرانی تورکی ئەو سەردەمە لەمەڕ دۆزی کورد دەخاتە ڕوو، پانۆرامایەک کە پێویست دەکات هەموو خوێنەرێکی کورد بەوردی تەماشای بکات. بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی بابەتەکانیش زیاتر بۆ خوێنەران ڕوون ببێتەوە، من وەک وەرگێڕ سەرووی 40 ژێرنووسم بۆ کتێبەکە نووسیوە. خوێنەرانی بەرێز، هاوڕێیانی هێژا، ئەمە ڕێکلام نییە بۆ کارێکی وەرگێڕان لەلایەن خۆمەوە، بەڵکو چەند دێرێکە لە ڕووی خەمخۆرییەوە ئاراستەی ئێوەی بەڕێزی دەکەم بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا خوێندنەوەی ئەم کتێبە لە دەست خۆتان نەدەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن