175 جیهان

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لە زاری چەند دیپلۆماتکارێکەوە دەڵێت سەعید جەلیلی لەکاتی دانوستانە ئەتۆمییەکاندا "کارەسات" بووە

04:45 - 03/07/2024

زەمەن _ جیهانی

 

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی چوارشەممە، 3ی مانگی حەوت لەسەر پیشینەی دیپلۆماسی سەعید جەلیلی کە یەکێکە لە دوو کاندیدەکەی حکومەتی ئێران بۆ جێگرتنەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی، نووسیوێتی "ئەو لەسەر مێزی دانوستان بانگەشەی بۆ هەموو شتێک کردووە بە بێ ئەوەی هیچ پلانێک پێشکەش بکات."

ئەم ڕاپۆرتە سەبارەت بە بێتواناییە دیپلۆماسییەکانی جەلیلی دەشڵێت "هەرچەندە ئەو ساڵانێک سەرۆکی دانوستانکاری ئەتۆمی تاران بووە، بەڵام هیچ دانپێدانانێکی لەلایەن دیپلۆماتکارە ڕۆژئاواییەکانی بەشداری دانوستاندنەکان وەرنەگرتووە. ئەو هەموو شتێکی تێکەڵ دەکرد و بە ناڕوونی قسەی دەکرد."

جەلیلی ئەو کات ڕایگەیاندبوو "هەروەک چۆن چنینی فەرشەکانی ئێران بە وردبینی و وردە وردە بەرەوپێش دەچێت، ان شاءاللە، ئەم پرۆسەی دیپلۆماسیەش بە هەمان شێوە بەرەوپێش دەچێت."

ویلیام بێرنز، دانوستانکاری ئەوکات و بەڕێوەبەری ئێستای سی ئای ئەی ڕایگەیاندوو "جەلیلی لە کاتی دانوستانەکاندا کاتێک ویستویەتی خۆی لە وەڵامی ڕاستەوخۆ بەدوور بگرێت، توانیوێتی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ناڕوون و ئاڵۆز قسە بکات" و ئاماژەی بەوەشکردووە "جەلیلی جارێک وتوێتی کە هێشتا هەندێجار لە زانکۆی تاران وانە دەڵێتەوە، من ئەو کات ئیرەییم بە خوێندکارەکانی نەبرد."

هەروەها دیپلۆماتکارێکی فەرەنسی کە ناوی نەهێنراوە، خولێکی دانوستانەکانی لەگەڵ جەلیلی بە "کارەسات" وەسف کردووە.

دیپلۆماتکارێکی دیکەی یەکێتی ئەوروپا کە تێبینییەکانی لەلایەن ویکیلیکسەوە لە ساڵی 2007دا بڵاوکرایەوە، هەڵسەنگاندنێکی هاوشێوەی کردووە.

ئەو دیپلۆماتکارە باسی لەوە کردووە کە یەکێک لەو بەرپرسانەی یەکێتیی ئەورووپا کە لەو ڕۆژەدا بەشداری کۆبوونەوە تایبەت و گشتییەکانی جەلیلی کردووە، بە بێتوانایی یان خۆدزینەوەی جەلیلی لە وەڵامەکان سەری سوڕماوە و ئەوی بە "بەرهەمێکی ڕاستەقینەی شۆڕشی ئیسلامی" ناوی بردووە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەسۆشیەیتد پرێس بۆچوونەکانی جەلیلی کە لەلایەن نەیارانیەوە بە "ستایلی تاڵیبان" ناودیڕ دەکرێت، مەترسی ئەوەی هەیە کە جارێکی دیکە ببێتە هۆی توڕەیی گشتی لەنێو ئەو کەسانەدا کە هێشتا ناڕازیین لە حکومەت دوای سەرکوتکردنی خوێناویی خەڵک لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە لە ناڕەزایەتییەکانی دوای کوشتنی ژینا ئەمینیدا.

دوێنێ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا بڵاویکردبووە کە لە شەقامەکانی تاران دوای دەنگدانەکەی 28ی مانگی شەشی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئێران، خەڵکێکی زۆر بە ئاژانسەیان ڕاگەیاندووە کە ئەوان گرنگی بە هەڵبژاردنەکان نادەن.

لەیلا سیدی، خوێندکاری زانکۆی تەمەن 23 ساڵ بەو ئاژانسەی ڕایگەیاندووە "دەنگم نەداوە و نایشیدەم، چونکە کەس داوای لێبوردنی بۆ ژینا و ئەو نەهامەتیانەی دواتر نەکرد کە گەنجان ڕووبەڕووی دەبنەوە، نە رێفۆرمخوازان و نە توندڕەوەکانیش."

ئەحمەد تاهیری، خوێندکاری دەروونناسی تەمەن 27 ساڵ ڕایگەیاندووە "دەنگم نەدا، چونکە سەرۆکەکانی پێشوو بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکرد و هەینی داهاتووش دەنگ نادەم".

محەممەد عەلی ڕەباتی ئەندازیاری ئەلیکترۆنی تەمەن 43 ساڵ و باوکی دوو منداڵ گوتویەتی "بێباکی ئاشکرای دەسەڵاتدارانی ئێران بەرامبەر بە فشارە ئابوورییەکانی خەڵک وای کردووە دەنگ نەدەم."

پزشکیان، ڕکابەری جەلیلی لە هەڵبژاردنەکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X نووسیوێتی کە حکومەتەکەی بەرەنگاری حیجابی زۆرەملێی پۆلیس و سنووردارکردنی ئینتەرنێت دەبێتەوە، بەڵام تاهیرە نەمازی، مامۆستای بیرکاری تەمەن 31 ساڵ ڕاگەیاندووە"دەنگ نادات، چونکە هیچ کام لە کاندیدەکان پابەندبوونێکی ڕوونیان لەسەر ئەم پرسانە نەداوە".

ئەوانەی دەنگیان نەداوە و قسەیان لەگەڵ ئ ئەسۆشیەیتد پرێس کردووە "بڕیارەکەیان بە بڕیارەکەی تایبەتی خۆیان وەسفکردووە، نەک بەشێک لە بایکۆتێکی ڕێکخراو بن".

ڕێکخراوی بیرمەندی ماکرێز سۆفان کە بنکەکەی لە نیویۆرکە لە شیکارییەک بۆ کەمی ڕێژەی بەشداریکردن لە نیویۆرک ڕایگەیاندووە ئاستی بەشداریی کەمی دەنگدەران ڕەنگدانەوەی نکۆڵیکردنی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێرانە، بەتایبەتی سەرکوتکردنی ڕەخنەگران وئەو ژنانەی کە یاساکانی حیجابی ئیجباری ڕەتدەکەنەوە.

سەرچاوە/AP


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن