گوللە هاوەنێک بەر ماڵێک کەوت
08:00 - 04/07/2024
زەمەن - کوردستانى
ئێوارەی ئەمڕۆ گوللە هاوەنێک بە ماڵێکی گوندی گوهەرز لە سنووری پارێزگای دهۆک کەوت. بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی نەبوو.
بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە، ماوەی هەفتەیەکە شەڕ و پێکدادانی چڕ لە دەوروبەری قەزای ئامێدی هەیە و دانیشتووانی ناوچە سنووریەکانی هەراسان کردووە.
دانیشتوویەکى گوندەکە رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا، نزیکەی 8 گوللە هاوەن و تۆپ لە دەوروبەری گوندی گوهەرز کەوتوونەتە خوارەوە. گوتیشی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
هاوکات، گوتیشی کە ماوەی هەفتەیەک بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە، دانیشتووانی گوندی گوهەرز ناتوانن بچنە نێو رەز و باخەکانیان: "چەندین جار داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە رێگە بە هاووڵاتییان بدەن بچنە نێو رەز و باخەکانیان. بەڵام هیچ رێگەمان پێنەدراوە."