158 کوردستان

دەقی ڕاپۆرتی چاودێری دواین ئۆپەراسیۆن و جموجۆڵی سەربازی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا

02:42 - 07/07/2024

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا، سوپای تورکیا دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ لە دەڤەری بەرواری باڵا و لە شەش گوندی ناوچەکەدا مانۆڕی سەربازی ئەنجامدا. لە ٢٥ی حوزەیراندا، سوپاکە زاڵگەیەکی لە نێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بلاڤێ جێگیرکرد. لە ڕۆژی دواتردا سوپای تورکیا دەستیکرد بە دروستکردنی حەوت بارەگای سەربازی نوێ لەسەر لوتکە چیای گوندەکانی کانی تویا، شیڤێ، زریزێ، دێمکە، بلیجان، کۆرکا و گرێ بی لەسنوری قەزای باتیفا. لە ساتەوەختی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیاوە، تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT لە نزیکەوە چاودێری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکات و کاریگەرییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی بە بەڵگەنامە دەکات. دانیشتووانی گوندی دەرگەلێ موسا بەگی، بە ڕێکخراوی CPT یان ڕاگەیاند کە لە ڕۆژی ٢٧ی حوزەیراندا، سەربازانی تورکیا چوونەتە ناو گوندەکەیان و ناچاریان کردوون کە گوندەکەیان جێبهێڵین.

ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا، لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و لەسەر زەمین ئەنجامدەدرێت. لە دەڤەری بەرواری باڵادا سوپای تورکیا بە قوڵایی (١٥) کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان. پێشتر و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی - هەورە بروسکەدا سوپاکە بە قوڵایی (٧) کیلۆمەتر تاوەکو گوندی هرورێ هاتبوو و بارەگای سەربازی لەو ناوچەیەدا دامەزراندبوو.

لە سەرەتای دەسپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە نوێیەدا تاوەکو ئێستا، تورکیا (٢٣٨) جار بۆردوومان و هێرشی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و زۆربەی هێرشەکان بۆسەر پارێزگای دهۆک بوون. بەهۆی ئەم بۆردوومان و هێرشانە، زیاتر لە (٢٠) هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستانی ئەو ناوچەیە سوتاون، بەتایبەتی لە گوندەکانی، گوهەرزێ، بەلاڤ، بەرچێ، سەرگەلێ، کانێ و ئاشکێ دێرێ لە قەزای ئامێدی. سەرباری ئەوە، نزیکەی (٥٥٪)ی دارستان و ڕەز و باخی هاووڵاتییانی مەدەنی گوندی سەرگەلێ بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە سوتاون. ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی تورکیا بوونەتە هۆی چۆڵبوونی (١٦٢) گوند لە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە (٦٠٢) گوندیش لە ژێر مەترسی چۆڵبووندان.

دانیشتووانی گوندی سەرگەلێ بۆ CPT پشتڕاستیانکردەوە کە لە بەرەبەیانی ٤ی تەمووزدا، هێزێکی سوپای تورکیا بە نزیکەی (٤٥) زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونەتە ناوگوندەکەیان و هێزەکە لە پشتی گوندی سەرگەلێ جێگیربوون. ئەمەش بووەتە هۆی چڕبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو گوندەکەدا. گوندنشینانی سەرگەلێ، ترسیان هەیە کە ئامادەیی سەربازی سوپای تورکیا و پێکدادانی پەکەکە و سوپای تورکیا لەناو گوندەکەدا درێژە بکێشێت و ببێتە هۆی ئاوارەبوونی گوندنشینان و چۆڵبوونی گوندەکەیان.

لەسەرەتای کانوونی دووەمەوە تاوەکو کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٤، سوپای تورکیا (١٠٧٦) هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. لەم ژمارەیە (٥٢٦) هێرش و بۆردوومان بۆسەر پارێزگای دهۆك، (٤٠٥) هێرش و بۆردوومان لە سنوری پارێزگای هەولێر، (١٣٥) هێرش و بۆردوومان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و (١٠) هێرشی تریان بۆسەر سنوری پارێزگای نەینەوا بوون. لە (٩٣٪)ی بۆردوومانەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ئەنجامدراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٣، سوپای تورکیا (١٥٤٨) جار بۆردوومان و هێرشی بۆسەر خاکی  هەرێمی کوردستانی ئەنجامدابوو.

سەرباری شەهیدبوونی (٨) هاووڵاتی مەدەنی لەم ساڵدا، لە هێرشەکانی سوپای تورکیادا ژێرخانی ئابووری و خانوو و باڵەخانەی مەدەنی بە ئامانج گیراون و زیانییان بەرکەوتووە. لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵدا، قوتابخانەی گوندی مژێ لە لە قەزای ئامێدی بووە ئامانجی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و بەتەواوی وێرانکرا. لە دواین ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیادا، بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، کەنیسەی گوندی میسکا لە قەزای ئامێدی زیانی بەرکەوت. لە ئێوارەی ڕۆژانی ٤ و ٥ی تەمووزدا، دوو پارچە تۆپ لەناو ماڵەکانی گوندی گوهەرزێ کەوتنە خوارەوە و سەرباری زیان گەیاندن بە خانووی سێ هاووڵاتی مەدەنی، ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکیش زیانی بەرکەوت.

تیمی کوردستانی عێراقی CPT، بە نیگەرانییەکی قوڵەوە لەدواین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا و کاریگەرییەکانی بۆسەر هاووڵاتیانی مەدەنی و سەر و ماڵی گوندنشینان دەڕوانێت. لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ترسمان هەیە لە ئاوارەبوونی سەدان خانەوادەی مەدەنی لە سنوری قەزای ئامێدی.

تیمی کوردستانی عێراقی CPT


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن