20 ئابوری

وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەسەر مووچە بڵاوکردەوە

10:21 - 19/09/2024

زەمەن - عێراق

وەزارەتی دارایی عێراق ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە توانای ئەوەیان نەبێت مووچەی چەند مانگی داهاتووی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێم بدەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد، لەم دواییانەدا هەندێک لایەن لێدوانێکیان لە زاری تەیف سامی، وەزیری دارایی بڵاو کردووەتەوە، گوایە وەزارەتەکە توانای دابەشکردنی مووچەی چەند مانگی داهاتووی فەرمانبەران نییە.

دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەم دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی، هیچ لێدوانێکی لەم بارەیەوە نەداوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، پابەندبوونی تەواوی خۆی بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، چاودێری کۆمەڵایەتی و کەرتە ئەمنییە جیاوازەکانی عێراق دووپات دەکاتەوە.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن