1459 کوردستان

مووچەى دوو توێژ هاوتاى عێراق دەکرێت

07:20 - 19/09/2024

زەمەن - کوردستانى

 

مووچەی شەهیدان و بریندارانى هەڵەبجە و زیندانیانى سیاسیى هەرێمى کوردستان بۆ هەموارى یاسایەکى عێراق زیاد دەکرێت، بەشێوەیەک کە مووچە و 'ئیمتیازات'یان هاوتاى هاوشێوەکانیان لە حکومەتى فیدراڵى دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ى ئەیلول ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکى نێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانى عێراق، لەگەڵ نوێنەرانى دامەزراوەى زیندانیانى سیاسیى و ئەنجوومەنى دەوڵەت دراوە.

جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق لەوبارەیەوە رایگەیاند، هەموارى یاساى دامەزراوەى زیندانیانى سیاسیى لە ئەنجوومەنى دەوڵەتە و لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا بڕگەیەک بۆ هەموارەکە زیاد بکرێت، کە مووچە و ئیمتیازاتى شەهیدان و بریندارانى هەڵەبجە، لەگەڵ زیندانیانی سیاسیى هەرێمى کوردستان بۆ پڕۆژە یاساکە زیاد بکرێت و جیاوازى پارەکەشیان لە پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان تەرخان بکرێت.


جەمال کۆچەر راشیگەیاند، بڕیاردراوە لە ماوەى هەفتەیەکدا ئەنجوومەنى دەوڵەت هەموارى یاساکە بەو گۆڕانکارییەوە بنێردرێت بۆ پەرلەمان و لەماوەیەکى کەمدا پەسەند بکرێت بۆ ئەوەى بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

بە گوێرەى یاساى دامەزراوەى زیندانیانی سیاسیى عێراق، کەمترین مووچەى زیندانى سیاسیى یەک ملیۆن و 200 هەزار دینارە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن