137 کوردستان

ژمارەیەک کۆچبەرى کورد لە زیندانەکانى تونس ئازادکران

07:42 - 19/09/2024

زەمەن - کوردستانى

 

32 کۆچبەر کە زۆرینەیان خەڵکى هەرێمى کوردستانن و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تونسەوە دەستگیر کرابوون، ئەمڕۆ ئازادکران.

 

موسەننا ئەمین، ئەندامى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق لەوبارەیەوە رایگەیاند، کۆچبەرەکان لە ناوچەى سوسە لە تونس دەستگیرکرابوون، بە نایاسایى لەو وڵاتە ماونەتەوە، هێشتا 14 کۆچبەرى دیکە ماوە ئازادبکرێن کە لەناویاندا کۆچبەرى کوردى تێدایە.

موسەننا ئەمین گوتیشى، باڵیۆزخانەى عێراق کارى بۆ ئازادکردنى ئەو کۆچبەرانە کردووە و لە بنکەى پۆلیس بەندکرابوون و نەیهێشتبوو بگەنە ئەوەى دادگایی بکرێن، بڕیارە هەموویان دیپۆرت بکرێنەوەو هەندێکیان پاسپۆرتەکانیان لە دەستداوە و پاسپۆرتى کاتییان بۆ دروست دەکرێت و ئەوانەى دیکە چاوەڕێى ئەوەن تکتى گەڕانەوەى فڕۆکەیان بۆ دابین بکرێت.


لە 15ى حوزەیرانى ئەم ساڵ، وەزارەتى دەرەوەى تونس بڕیاری دا ڤیزە لەسەر گەشتى هاووڵاتییانى عێراق بۆ وڵاتەکەى هەڵبگرێت، بەو مەرجەى گەشتیارەکە لە 15 رۆژ زیاتر نەمێنێتەوە. لە ماوەى 180 رۆژدا یەک جار بۆى هەیە ڤیزەى خۆڕایی وەربگرێت، پێشتر هۆتێلى گرتبێت و تکتى گەڕانەوەی فڕۆکەشی بڕیبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن