سەرۆکی فەڕەنسا: بەرامبەر جەنگاوەرانی کورد بەوەفا دەبین
04:20 - 06/01/2025
زەمەن - كوردستانی
سەرۆکی فەرەنسا دڵنیایی دەداتە کوردانی ڕۆژئاوای
کوردستان و دەڵێت: لە سووریا پشت لە کورد ناکەین.
ئەمڕۆ دووشەممە، 06-01-2025، ئیمانوێل ماکرۆن،
سەرۆکی فەرەنسا لە گوتاری کۆبوونەوەی ساڵانەی باڵیۆزەکانی فەرەنسا، باسی لە دۆخی ئێستەی
سووریا، شەڕی غەززە، شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و چەندان پرسی دیکە کرد.
سەرۆکی فەرەنسا لە گوتارەکەیدا بەڵێنی دا
"پشت لە کوردانی سووریا ناکەین و هاوسۆز دەبین لەگەڵیان." وەکوو خۆی گوتی:
"کوردەکان ڕووبەڕووی گرووپە تیرۆریستییەکان، بە تایبەتی ڕێکخراوی تیرۆریستانی
داعش بوونەتەوە."
لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی سووریاش، ماکرۆن
دووپاتی کردەوە "فەرەنسا لە پرۆسەی دوورمەودای ڕاگوزەری سووریادا یاوەر دەبێت
تاوەکوو سووریایەکی ئازاد و سەروەر کە ڕێز لە فرەچەشنی نەتەوەیی و سیاسی و تائیفی
خۆی بگرێت؛ دابمەزرێنرێت."
ماکرۆن لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران،
جەختی لەوە کردەوە "ئێران ئالنگاریی سەرەکیی ستراتیجی و ئەمنییە بۆ فەرەنسا،
ئەوروپییەکان و هەموو ناوچەکە."