57وتار

رایەک سەبارەت بە فۆرمەکانی دەستێوەردانی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست

1/6/2025 9:37:00 PM
لاوک سەلاح

بەدرێژای مێژوو، رۆژئاوا  لێرە بووە، بە فۆرمی جیاواز لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بووە، لێرە، دەستکاری مێژووی کردووە و ئەکتەری سیاسی دروست کردووە، تەنانەت راڕەوی نوێی بۆ رووداوەکان دروست کردووە، لە بەرامبەر ئەودا، بەداخەوە، خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ساتی خۆیدا یان درکیان بە دەستێوەردانەکە نەکردووە، یاخود ئەو کاتەی کە حەقیقەت و فۆرمی دەستێوردانە سیاسیەکان دەرکەوتوون، درەنگ بووە.
ئێمە، خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەراست، هەمیشە و بەدرێژایی مێژوو دوو گرفتی ستراتیژییمان هەبووە، یەکەمیان نەبوونی نوێنەرایەتییەکی سیاسی کە توانای هەبوو بێت ئیدارەی هەموو ناوچەکان لە ناوەوە و لە بەرامبەر دەرەوەدا پێکەوە بکات، دامەزراوە سیاسییەکانی رۆژئاوا بە درێژایی مێژوو سوودیان لەم راستییە وەرگرتووە، دووەمیان؛ نقووم بوون لە ململانێ مێژوویە داخراوەکانی ناوچەکە، چ دەوڵەتەکان یاخود نەتەوەکان بوو بێت، ئەم راستیەش کاریگەری هەبووە و رێگر بووە لە دارشتنی تێگەیشتنێکی سیاسی فراوان لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا و پلانەکانی بۆ ناوچەکە بە گشتی، راشکاوترین نموونە، پاشا کۆرەی رەواندوزە کە هەر چەندە فیکرەی دروستکردنی تۆپێکی سەربازی هەبووە بۆ بەرگریکردن لەو ناوچانەی کە ئیدارەی دەکرد و فۆرمێکی سەرەتا گرنگ بووە بۆ دامەزراندنی دەستەڵاتی ناوخۆ، بەڵام، دواتر، کەوتە بۆسەی دوژمنەکانییەوە لەبەر نەبوونی توانایەکی گشتی بۆ ئیدارەدانی ململانێکە بە پێی توانای ئەو کاتە. لە راستیدا خاڵی دووەم، پەیوەندییەکی ئۆرگانی بە دەرفەت و ئاستەکانی خۆێندن و هۆشمەندی سیاسی و قۆناغەکانی پەرەسەندنی کۆمەڵگەوە هەبووە کە هەمیشە بۆ ئێمە وەک کورد لەبار نەبووە و ئێمەی لە مێژوودا وەک "قوربانی" هێشتۆتەوە. وێنەی قوربانی لە دیمەنە گەورەکەدا زۆربەی پانتاییەکە داگیر دەکات.
ئینجا، بابێینە سەر بابەتی ناونیشانی وتارەکە، لەو ساتەوەی کە هەردوو ئامرازی دەستتێوەردانی سەربازی لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتەکان و هاندانی ئۆپۆسیزۆن لە وڵاتەکانی وەک لیبیا و یەمەن و میسر و سوریا بەو جۆرەی کە دامەزراوە فەرمییەکانی رۆژئاوا دەیخواست سەرکەتوو نەبوو، بێگومان لەگەڵ بەکارهێنانی ئامرازی دەستێوەردانی مرۆیی وەک پاساو بۆ دەستێوەردانە سەربازییەکە، رۆژئاوا، لە نموونەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، بەتەواوی گۆرانکاری لە گەمە سیاسییەکدا کرد، کۆبوونەوەکەی ئەمریکا لەگەڵ تاڵبان لە وڵاتی قەتەر ئاماژەیەکی روون بوو کە سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە ریشەوە گۆری و سەنگەرە سیاسی و نەخشە سیاسییەکانی گۆڕی، ئەمەریکا چیتر کاری لەسەر گۆڕینی رژێم و "تەبەناکردنی" دۆسییەکانی مافی مرۆڤ ناکات، ئەوە بە کێشەی ناوخۆ لە قەڵەمدەدا، ئەمەریکا هات لەگەڵ تەوژمە سیاسییە ئیسلامییەکان، ئەوانەی تا دوێنی ئافرەتییان رەجم دەکرد، رێکەوتنی سیاسی ئیمزا کرد بۆ ئەوەی مانەوەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست سەلامەت بێت، ئەمە لە لایەکەوە، لاوازی ئەو نوێنەرایەتییە سیاسییە ناوخۆیە دەردەخات کە ئەمریکا لە ماوەی رابردوو لەو وڵاتانە پشتی پێبەستن و وەک وەکیلی خۆی تەماشای دەکردن بەڵام ئەوان هەم لە ئاستی رووداوەکاندا نەبوون و هەم ئەو توانایانە نەبوو کە پارسەنگی بەرژوەندییە نیشتمانییەکان لەگەڵ بەرژەوەندی رۆژئاوا رابگرن. تەماشای ئەکتەرە سیاسییەکانی ئەفگانستان بکەن کە زۆریەیان نەوەک هەر لە ئەمریکاوە هاتبوونەوە بەڵکو بەشێک بوون لە دامەزراوە فەرمییەکانی ئەمریکا وەک بانق و دامەزراوە سیاسییەکان، بەڵام بەهۆی گەندەڵی سیاسی و داراییەوە شکستیان هێنا لە هێنانەکایەی حکومرانییەکی نیشتمانی.
هەمیشە بوونی رۆژئاوا لە ناوچەکانی رۆژهەڵات، تەنیا بوونێکی سیاسی رووت نەبووە و نییە، بەڵکو خوێندەوەیەکی گشتگیرە بۆ توانا سیاسی و کەلتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ناوەوە و دەرەوەدا، ئەوەی جێی سەرنجە، ئەگەر لە رابردوودا رۆژئاوا بە تەنیا کاری لەسەر بەرهەمهێنانەوەی مێژووی ناوچەکە کردبێت بۆ بەرژوەندی خۆی، ئەوا لە فۆرمی نوێیدا کاری لەسەر کاریگەری ئایین کردووە، راستە لە هێنانەوەی خومەینیدا کارکردن لەسەر ئایین وەک مەلەفێکی دەرەکی بوو، دژی ئایدۆلۆژیای کۆمیونست و دەوڵەتی پێشووی سۆڤیەت بووو، ئەمە وەک کاری لە پێشینە، بەڵام لەم چەند 'دە"ی رابردوودا فۆرمی دەستێوەردانەکە لە هەناوی ئایینەوە بوو، ئەمەش بەتەنیا خۆی نەیکردووە بەڵکو لەگەڵ ئەکتەرە سیاسییە  ناوخۆییەکاندا ئەنجامیداون و هەریەکەیان بۆ سوودی خۆیان لاپەرەکانی ئاینییان بەسووودی سیاسی بەکار هێناوە. ئەکتەرە سیاسییەکانی ناوچەکان سەرمەشقی ئەم کارە بوون.
لە مێژوودا، ململانێ ئایدۆلۆژییەکان بۆ بەرژوەندییە سیاسییەکان و بۆ دابینکردنی وزە بووە، لە ئیستا و لە پاش هەرەسی ئایدۆلۆژیا، ململانێ لە زیندووکردنەوەی خەلافەت لە فۆرمی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسیدا بۆ هەمان مەبەستە، بێ گوێدانە ئەوەی کە ئەم فۆرمە لە دەستێوەردان لە پانتای سیاسدا دەگوێزرێتەوە بۆ هەڵتەکاندنی هەناوی کۆمەڵگە ئەوەش بە ناشرینکردنی کۆڵەکە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە، بە گەرانەوەی کۆمەڵگە بۆ تێگەیشتنە پەراوێز و تارمایی و " سەرابییەکان"ی ئایین.
دیاردەی تیرۆریزم ئەوەندەی دیاردەیەکی دەوڵەتییە، بەو توانا لۆجیستیکیانەی کە نمایش دەکات، ئەوەندە خاوەنداریەتیەکەی گروپی ئیسلامی نییە، دەلیلی ئەم قسەیەش هاتنە پێشەوەی ئەکتەرە سیاسییە ئیسلامییەکانن کە تا دوێنی توندرەو بوون و تۆمەتی ئیرهابیان لەسەر بوو، بەڵام ئێستا دەبنە نوێنەری دەوڵەتداری و حکومرانی، ئەمەش قسەی سەرەوەمان دەسەلمێنیت کە رۆژهەڵات هەمیشە گرفتی هەبووە، هەمیشە بەدەست نەبوونی سەرکردایەتییەکی سیاسی بەردەوام و میانرەو و دادپەروەر ناڵاندوویەتی، سەرکردایەتییەکی سیاسی کە ئیدارەی وڵات لەسەر بنەمای دادپەروەری سیاسی و دارایی وەک یەک بکات.
بەداخەوە، ئەوەندی رۆژئاوا کار لەسەر رێکخستنەوەی مێژووی ئێمە دەکات بەو فۆرمەی پێویستی پێیەتی و بە ئاراستەی بەرژوەندییەکانی خۆی راپێجی دەکات، ئێمە هیچ هەوڵێکمان بۆ "سەرلەنوێ کەشفکردنەوەی" مێژوو نییە. دەزگایەکمان نییە شتەکان وەک خۆیان ببینێت، دوور لە ئایدۆلۆجیای پێشوەخت. دەزگایەک پرۆسەی بەئاگابوونەوە و هۆشمەندی سیاسی بێنێتە ئاراوە کە مێژوو بە ئێستاوە ببەستێتەوە و بە پێچەوانەوە.  
ئەوەندەی مەسەلەکە پەیوەندی بەئێمەوە وەک نەتەوەوە هەیە، هەر وەک جاران، گرفت و ئالۆزییەکانی مێژوو  بەردەوامن، لە فۆرمی نوێدا بەردەوامن، بەڵام بە هەمان گرفتەوە کە ئەویش نەبوونی نوێنەرایەتیکردنێکی سەرتاسەری ناوچەکانە، ئەم لاوازییە ناوچەکە لەبەردەم هەرەشەکانی ئاییندە لاواز دەکات، وا دەکات رەشەبا لە هەموو لایەکەوە بونیاتت هەڵتەکێنێت. هەر بۆیە، رەنگە، ئەم جارە دوا فرسەتی مێژوو بێت کە تواناکان یەکبخرێن و رێکخرێن و دیمەنە گەورەکە ببینین، ئەوەی لە ئیستادا بوونی هەیە نزیکە لە هەرەسەوە، نەوەک لە پەرەسەندنەوە، ئەمە نوقڵانەیەکی رۆشنبیرانە نییە، تەنانەت مانۆرێکی سیاسی نییە، ئەمە پرسیاری رووبەرووبوونەی مێژووە لە فۆرمە ستەمکارەکانیدا، هەوڵێکە بۆ دەرباز بوون لەوەی کە لە مێژوودا روویدا روونەداتەوە.
پوختەی قسە؛ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بەوەیە کار لەسەر بەردەوامی و مانەوەی نوێنەرایەتی سیاسی بکەین، واتە “Sustainable Political  Leadership”   . ئەم زاراوایە لە پەرەسەندنی ئابووری بەردەوامەوە دەقۆزمەوە، ئێمە وەک کورد پێویستمان بەوەیە کار لەسەر هێنانەکایەی دامەزراوەی نیشتمانی سەرکردە بکەین کە نوخبەیەکی سیاسی پیشەیی دابین دەکات و  دڵنیای سیاسی بۆ ناوەوە دابین دەکات و لەبەردەم هەرەشە دەرەکییەکاندا خاوەن حیکمەتی سیاسی و پرۆژەی سیاسییە نەوەک سەرقاڵی کێشەی لاوەکییە.

هیوادارم ئەو رۆژە ببینیم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن