65وتار

شیکردنەوەی دەستپێشخەریەکەی (دەوڵەت باخچەلی) و پەیامەکەی (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان).

1/2/2025 12:18:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس




پاش تەوقەکردنەکەی نێوان (دەوڵەت باخچەلی) سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (MHP) و (تونجەر باکرهان) هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (DEM PARTI) ڕۆژی ٢٠٢٤/١٠/١ لە پەرلەمانی تورکیا و پەیام و ڕاگەیاندنەکانی (رەجەب تەیب ئەردۆغان) بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە تورکیا.

ڕۆژی ٢٠٢٤/١٠/١٣ (رەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پرسی کورد رایگەیاند، ئەگەر تیرۆر لە بابەتەکەدا نەبێت هەمو کات ئامادەی چارەسەرکردنی کێشەکانن.

ڕۆژی ٢٠٢٤/١٠/٢٢ (دەوڵەت باخچەلی) سەرۆکی (MHP) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی (pkk) رابگەیەنێت و بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کە زیاتر لە چل ساڵە بەردەوامە کۆتایی پێ بێنێت.
هەروەها (دەوڵەت باخچەلی) لە وتارێکدا لە کۆنفرانسی سەدەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی (زیا گۆکاڵپ) مێژوونوس‌ و زمانزان، باسی لە پێکەوە ژیانی کورد و تورک کرد و خۆشەویستی نێوان تورک‌ و کورد بە فەرزێکی ئایینی‌ و سیاسی لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند ئەگەر تورکێک هەیە کوردی خۆشنەوێت، تورک نییە، ئەگەر کوردێکیش هەیە کە تورکی خۆشنەوێت، کورد نییە.

ڕۆژی ٢٠٢٤/١٠/٣٠ (تونجەر باکرهان) هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (DEM PARTI) لەکۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی بە (رەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆک کۆماری تورکیای راگەیاند، کورد چاوەڕوانی هەنگاوی کردەییە، هەنگاونان بۆ ئاشتی بەرپرسیاریەتی ئێوەیە وەکو سەرۆک کۆمار، ئێوە دەتوانن ئەو بەرپرسیاریەتییە هەڵبگرن.

لەگەڵ هەوڵە دەرەکی و نهێنییەکاندا بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئاشتی نێوان تورکیا و کورد، ئەمانە پێشەکییەک بوون بۆ سەردانی هەریەک لە (پەروین بوڵدان) و (سڕی سورەیا ئۆندەر)، په‌رله‌مانتارانی دەم پارتی (DEM PARTI) لە ڕۆژی شەمە ڕێکەوتی ٢٠٢٤/١٢/٢٨ بۆ لای (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (pkk) له‌ دورگه‌ی ئیمڕالی كە لە ساڵی (١٩٩٩)ەوە لە زینداندایە.
هەردوو پەرلەمانتارەکە ڕایانگەیاند کە (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) هەڵسەنگاندنی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی پرسی کورد هەبووە و تویه‌تی "ئەم سەردەمە سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە".

شایەنی باسە دوای نزیکەی (٢٥)ساڵ لە زیندانیکردنی و دەیان ساڵ خەباتی چەکداری هەردوو پەرلەمانتارەکە باس لەوە دەکەن (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) ڕایگەیاندووە بۆ دەربازبوون لە مەترسییەکانی ئایندەیەکی تاریک کە دەسەپێندرێن، لەگەڵ پێشهاتەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا پێشنیازی بۆ چارەسەری هەمیشەیی پرسی کورد هەیە و چارەسەری ئەرێنی پێشکەش دەکات.

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی دوو پەرلەمانتارەکە پەیامەکانی (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) بریتیبوون لە:

١- بەهێزکردنی برایەتی (تورک و کورد) وەک بەرپرسیارێتی مێژویی و پێویست و گرنگ بۆ چارەنوسی گەلان.

ئەمەش وەڵامێکی ڕاستەوخۆی (دەوڵەت باخچەلی) یە کە ڕایگەیاند "ئەگەر تورکێک هەیە کوردی خۆشنەوێت، تورک نییە، ئەگەر کوردێکیش هەیە کە تورکی خۆشنەوێت، کورد نییە".

٢- هەروەها (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) بە دوو پەرلەمانتارەکەی ڕایگەیاندووە هەموو ئەو هەوڵانەمان وڵاتەکە دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە شایەنیەتی و لە هەمان کاتدا دەبێتە ڕێنیشاندەرێکی زۆر بەنرخ بۆ وەرچەرخانێکی دیموکراسی.

ئەم پەیامە ئەوە دەگەیەنێت (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) بڕوای وایە وەک هاوڵاتییەکی تورکیا بەشداری دەکات لە پرۆسەی ئاشتیدا و دەتوانرێ لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسی لە تورکیادا چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد بدۆزرێتەوە.

٣ - بەشدارکردنی ئەرێنیانەی هەمو لایەنە سیاسیەکان لە تورکیا و دورکەوتنەوە لە بەرژەوەندی تەسک و کاتی، بەگرنگیشی زانیوە (پەرلەمان) ئەنجومەنی باڵای نەتەوەیی تورکیا ( Türkiye Büyük Millet Meclisi ) لایەنێکی بەشداری ئەو پرۆسەیە بێت، بە بەشداری لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەهەند وەرگرتنی پێشنیازەکانیان.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم باس لە گرنگی ئەم خاڵە بکەم ئەویش بەشداری هەموو لایەنە سیاسیەکانی تورکیایە لەم پرۆسەی ئاشتەواییەدا بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە، دواتر بە دەستوری کردن و یاسایی کردنی ئەنجامەکانی دانوستان و ڕێکەوتنەکان وەک چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرسی کورد لەڕێگای پەرلەمان (TBMM).

٤- (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) ئاماژەی بەوە داوە ڕوداوەکانی غەزە و سوریا ئەوە دەسەلمێنن کە بە دەستوەردانی دەرەکی هەوڵ دەدرێت ئەو کێشانە بکرێت بە گەنگەرین و برینی قووڵی هەمیشەیی، هەربۆیە چارەسەری ئەو کێشەیەش گەیشتوەتە ئاستێک کە چیتر نابێت دوابخرێت.

لێرەدا پێویستە بڵێین گەر (عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان) و (pkk)، لە ڕابردوودا ئەو بڕوایەیان هەبوایە کە دەستی دەرەکی برینەکان قوڵتر دەکەن و خۆیان دەرباز بکردایە لە کاریگەری و هەژمونی دەرەکی بەسەر (pkk) بەدڵنیاییەوە لەمێژبوو کێشەی کورد لە باکور دەرچەیەکی دەدۆزییەوە بەرەو چارەسەرکردن.

٥- (عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان) بە شاندەکەی ڕاگەیاندووە کە ئەم هەڵوێستەی بە دەوڵەت و لایەنە سیاسیەکان بگەیەنرێت، کە ئامادەیە هەنگاوی پۆزەتیڤ و پێویست بنێت و بانگەوازی پێویست ئەنجام بدات.

سەبارەت بەم خاڵە پێویستە کۆمەڵە پرسیارێک بکرێت:
- ئایە (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) داواکەی(دەوڵەت باخچەلی) پەسەند دەکات، ئامادەیە بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی (DEM PARTI) لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی (pkk) رابگەیەنێت؟.
- ئایە دوای دەیان ساڵ خەباتی چەکداری و قوربانیدان و نزیکەی (٢٥) ساڵ زیندانی (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) ئامادەیە دەستبەرداری خەباتی چەکداری بێت و تێکەڵ بە پرۆسەی سیاسی بن لە تورکیا؟.
- تاچەند ئەگەر ئەو بڕیارە بدات (pkk) لەگەڵ چەک دانانن؟.
- گەر (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) داواکەی(دەوڵەت باخچەلی) پەسەند بکات و ئامادە بێت لە پەرلەمان هەڵوەشاندنەوەی (pkk) رابگەیەنێت و بڕیاری چەک دانان بدات لەبەرامبەر چی دەبێت و ئەو ماف و ئازادیانە چین کە بۆ کورد دەستەبەر دەبن ...؟، هیچ ئەجندایەکی پێش وەختە هەیە؟.
- لەهەموشی گرنگتر تا چەند دەوڵەتی تورکیا ڕاستگۆن لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد؟، یان جوڵەیەکی تاکتیکییە و مەبەستێکی شاراوەیان هەیە لەم پرۆسەیەدا بەتایبەتی کە دۆخی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی تورکیا ناجێگیرە و ناوچەکە بە گۆڕانکاری و شەڕ و ئاڵۆزیدا گوزەر دەکات و ئەگەر هەیە پڕیشک بەر تورکیاش بکەوێت.

هەرچۆنێک بێت ئاشتی لەشەڕ باشترە دانوستان و گفتوگۆ لە دابڕان و ململانێ باشترە، دەکرێت کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و کورد سەرەتایەک بێت بۆ قۆناغێکی هیوابەخش بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی کوردانی باکور و یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر کوردانی ڕۆژئاوا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن