22وتار

پانۆرامای رووداوەکانی هەرێمی کوردستان لە ٢٠٢٤دا:

1/6/2025 12:45:00 PM
د. محەمەد شوانی

ساڵی ٢٠٢٤ یەکێک لە ساڵە پڕ ڕووداوە ناوخۆیی  و کێشمەکێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و هێرش و پەلامار و ڕووخانی وڵاتانی هەرێمی و ململانێی سەختی نێوان زلهێزەکانی ناوچەکە و جیهان بوو. پاشەکشەی هەرێمی کوردستان لە بە دامەزراوەییکردن و بونیادنانی بناغەکانی دەوڵەتداری و خۆبەڕێوەبردنێکی سەردەمیانە بە ڕوونی بەدەرکەوتن. خەڵکی کوردستان ساڵێکی تاریکیان خستە سەر مێژووی پڕ مەینەتی و کارەساتباریان.

ئاڵۆزییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم بە چارەسەرنەکراوی مانەوە و پرسی بودجە و مووچە و هەنارکردنی نەوت و ڕادەستکردن و ڕادەستنەکردنی داهاتی ناوخۆ و کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان بابەتی گەرماوگەرمی گفتوگۆی نێوان بەرەپرسانی هەرێم و عێراق بوون.

گۆڕانکاری هەرێمایەتیی گەورە ڕوویاندا، گیان لەدەستدانی سەرۆک کۆماری ئێران، ئیبراهیم ڕەیسی؛ هەڵاتنی سەرۆک بەشار ئەسەد و ڕووخانی حکومەتی سووریا؛ بانگەواز و پێشنیازی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ کورد؛ بەردەوامی هێرش و پەلامارەکانی حەماس و ئیسرائیل و شەڕی غەززە؛ کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و حەسەن نەسروڵا؛ هەموویان بەسەریەکەوە لەگەڵ دەیان ڕووداوی دیکە نائارامییان لە ناوچەکە زیاد کرد و کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوو. هاوکات، دەیان هێرشی مووشەکی و درۆنی و مانۆری سەربازی  لەلایەن تورکیا و ئێران‌ لەناو هەرێم ئەنجام دران.

لەسەر ئاستی ناوخۆ، ساڵی ٢٠٢٤ بە نەبوونی مووچە و بایکۆتی مامۆستایانی قوتابخانەکان و هەڵوەشاندەوەی پەرلەمان و بێکاریی دەیان هەزار دەرچووی زانکۆکان و خنکانی سەدان گەنجی سەرهەڵگرتوو و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و زیندانی کردنی ڕۆژنامەوانان و ژەهراوی بوونی ژینگەی شارەکان و  بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ترسناکەکان و نزمبوونەوەی زیاتری ئاستی خزمەتگوزارییەکان و گرانبوونی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی هااوڵاتییان دەستی پێکرد. هاوکات، داواکاری چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بۆ ئاستێکی زۆر نزم دابەزی. مامۆستایان وەکوو چینی پێشەنگی کۆمەڵگە لە خۆپیشاندان و درێژەی بایکۆتکردنیاندا لە جیاتی داواکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و کاراکردنی پەرلەمان و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و بەدامەزراوەییکردنی دامودەزگاکان و بەهێزکردنی داوکاری گشتیی و دادگاییکردنی گەندەڵکاران و ڕێگرییکردن لە دزی و بەتاڵانبردنی سامانی نیشتیمانیی و دانانی سنوورێک بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە، داواکانیان بریتی بوون لە دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و دابەشکردنی مووچە لە وادەی خۆی و دیارییکردنی چارەنووسی ئەو مووچانەی بە ناوی پاشەکەوت و لێبڕینەوە دابەش نەکراون!

 

بۆیە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٤ بە هەوڵوتەقەڵاکانی وەزارەتی پەروەردە دەستی پێ کرد بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان کە زیاتر لە دوو مانگ بوو مامۆستایان بایکۆتی دەوامیان کردبوو، بۆ ئەم مەبەستە بە گوتەی وەزیری پەروەردە، ئالان حەمە سەعید، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم داوای لە حکومەتی عێراق کرد وانەبێژانی هەرێمی کوردستان بکەنە گرێ بەست!!

هەرێمی کوردستان ٢٠٢٤ی بێ پەرلەمان بەڕێ کرد، واتە بێ دەزگای چاودێریی و بانگێشتکردنی وەزیرەکان و لێپرسینەوە و بەدواداچوون، ساڵیک بێ ئاگاداربوون لە بودجە و داهات و میکانیزمەکانی خەرجکردنی. ئەگەر لە ١٩٩٢ـەوە یەکێک لە هۆکارەکانی پاڵپشتی ڕۆژئاوا و وڵاتانی دێموکراسی لە خەڵکی کوردستان، باوەڕبوون بووبێت بە هەڵبژاردن و سیستەمی پەرلەمانی، ئەوا لە ٢٠٢٤دا  هەرێمی کوردستان  ئەو ئاماژە جوانەی بەڕێوەبردنی لە دەستدا. لەبەرانبەردا وێنایەکی ناشیرینی بۆ شێوازی بەڕێوەبردن لە زەینی ڕۆژئاواییەکاندا دروست کرد.

لە ١ی شوباتی ٢٠٢٤دا، کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و یۆنامی لەگەڵ سەرۆکایەتی ھەرێم کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە دیاریکردنی وادەیەک بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بە نایاساییبوونی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی ھەرێم بە ڕاوێژ لەگەڵ کۆمیسیۆن وادەی ھەڵبژاردن دیاری دەکەن. بۆیە نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌رمانى هه‌رێمیى بۆ  هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان لە 10ی حوزەیران‌دا ‌واژۆ كرد
هەر لە سەرەتادا  سەرۆك كۆماری عێراق، لەتیف ڕەشید، پێشوازی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کرد. دواتر وتەبێژی حكومەتی عێراق بەناوی سەرۆک وەزیران، محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی لە دیاریكردنی كات و ئەنجامدانی  هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کرد. گوتەبێژی پارتی، گوتی  سەرەڕای تێبینییەكانمان، دەست بە ئامادەكارییەكان دەكەین بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن. بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند پێشوازی لە دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردن دەكەین و هیوادارین لەمپەڕە سیاسیی، یاسایی و تەكنیكییەكان جارێكی دیكە نەبنەهۆی دواكەوتنی پڕۆسەكە. یەكگرتووی ئیسلامی گوتی ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و هیواداریشین هەموو لایەنەكان ئامادەبن لەو وادەیەی دیاریكراوە و زیاتر دوانەكەوێت. هەروەها وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی گوتی بەردەوام لەگەڵ هەڵبژاردندا بووین لەكاتی خۆیدا و ئامادەین بۆ هەڵبژاردن. لەسەر ئاستی دەرەوەش باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق گوتی پێشوازی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، ئاشكراشە بە هەڵبژاردن دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان شەرعیەتیان بۆ دەگەڕێتەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە و  پێویستیی پەرلەمان و بەسەرچوونی کاتی یاسایی ئەو دەزگا گرنگەی بەڕێوەبردن و هەڵوەشاندنەوەی لە لایەن دادگای فیدرالی عێراق‌ـەوە، بە هۆی ناکۆکی حیزبی و ململانێ ناخۆییەکان، بە تایبەتی پارتی و یەکێتی، لەوادەی دیاریکراوە هەلبژاردن نەکرا و دواخرا بۆ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤. سەرەڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دوای زیاتر لە یەک مانگ، ئەوە  ٢٠٢٤ کۆتایی هات و حەفتا ڕۆژ زیاتر تێپەری نە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراو نە دانیشتنەکانی دەستی پێ کرد، دەرگای پەرلەمان بە داخراوی ماوەتەوە.

لەسەر ئاستی عێراق، پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا چوونە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، هەژموونی حکومەتی ناوەند بەسەر هەرێمەوە زیادی کرد، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان، دادگای فێدرالی دەیان بڕیاری دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد. لە 21/2/2024، دادگای فێدرالی بڕیاری لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دا، کە دەبوا هەماهەنگى بکرێت بۆ جێبەجێکردنى یاساى بودجە. هاوکات هەرێمى کوردستانی پابەند کرد بە ناردنى داهاتى نەوتى و نانەوتى بۆ حکومەتى عێراق و سەرۆک وەزیرانى عێراق وردبینى تەواو لەبارەى هەژمارەکانى بانکى ناوەندى عێراق لە هەرێمى کوردستان بکات.

لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٤حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی ھەرێم گفتوگۆ دەکەن بۆ ڕادەستکردنی نەوتی ھەرێم بە وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕێگەی کۆمپانیای “سۆمۆ”وە. ئەو گوتی ھەرێم لە ئێستادا 375 ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرھەم دێنێت، کە 45 ھەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگەکان دەڕوات و ئەوەی دیکە کە دەمێنێتەوە دەبێت ڕادەستی وەزارەتی نەوت بکرێت، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ھەناردە بکرێت .

لە بارەی پێدانی مووچەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بە وەفدی ھەرێمی ڕاگەیاندبوو، تا بەبانکییکردن لە ڕێگەی بانکەکانی فێدرالی ئەنجام نەدرێت و داھاتی نەوت و نانەوتی ڕادەست نەکرێت، مووچە ڕەوانەی ھەرێم ناکات .

جگە لە هەژموونی ناوەند بەسەر هەرێمەوە، لە هەمان کاتدا لە ٢٠٢٤ فشاری وڵاتانی هەرێمیی بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان زیادی کرد. ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوو بە شێوەیەکی نهێنی دەستێوەردان و ڕێگریان کردبێت ئەوا لە ٢٠٢٤دا بە ئاشکرا و لە ڕێگای مووشەک و درۆن و هێزی سەربازییەوە هەرێمی کوردستانیان کرد بە گۆڕەپانی جەنگ بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێکان. لە شەوی ١٦ی کانوونی دووەم کۆماری ئیسلامی ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و هاووڵاتی پێشڕەو دزەیی لە ماڵەکەی خۆیدا شەهید کرا. ئەمە لە کاتێکدا بوو تەنیا دوو ڕۆژ پێش ئەو ڕووداوە، لە بەغدا ڕێوڕەسمێكی تایبەت بە وەرگرتن و گەڕاندنەوەی ڕوفاتی 172 شەهیدی ئەنفال و گۆڕە بەكۆمەڵەكانی خەڵکی کوردستان کە لە عەرعەر و بیابانەکانی ڕۆژئاوای عێراق‌دا زیندەبەچاڵ کرابوون بەڕێوەچوو. بەهەمانشێوە، لە ٢٠٢٤دا تورکیا لە ڕێگای بەکارهێنانی “درۆن”ـەوە دەیان هاووڵاتی مەدەنی خەڵکی کوردستانی شەهید کرد.

جگە لە شەهیدکردنی هاووڵاتییان لەلایەن داگیرکەرانی کوردستان‌ـەوە، ئێوارەی 25ی کانوونی دووەم، هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ، کە بووە هۆی شەهیدبوونی چوار کارمەند، زیانی ماددی زۆریشی لێکەوتەوە، کە بەهۆیەوە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگیرا. ئەمەش زیانێکی ئابووری گەورەی لە هەرێمدا، زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی کارەبای لەسەر بڕا. لە ڕووی سیاسییەوە هەریەک لە باڵیۆزی ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا لە عێراق بەتوندی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر‌ـیان ئیدانە کرد. باڵێوزی بەریتانیا لەو بارەوە گوتی “ئەم هەوڵانە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان دوادەخەن.

ئەمانە و و چەندین هۆکاری دیکە، لە حەوت مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، بوون بە هۆی ئەوەی کە زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی کوردستان کۆچ بکەن بۆ ئەوروپا  لەو ژمارەیەش 43 كەسیان لە ڕێگەدا گیانیان لەدەستدا، لەنێو قوربانیاندا ژنان و منداڵی ساوا و ژنی دووگیانیش هەبوو.
لە ٢٢ی نیسان دا سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت؛ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت پێشوازی لێکرا. ئەم سەردانە لە کاتێکدا بوو کە نزیکەی ساڵێک  تێدەپەڕێ بەسەر داخستنی ئاسمانی توركیا بە ڕووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی‌دا.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە ٦ی ئایار، سەردانی ئەمریکای کرد، دواتر لە ١٤ی حوزەیران، عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەردانی سلێمانی کرد.

لە ١٢ی ئەیلول، مەسعود پزیشکییان، سەرۆک کۆماری ئێران، بە سەردانێکی ڕەسمی گەیشتە بەغدا، دواتر سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد و  لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان کۆبۆوە.  مەسعود پزیشکییان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بە زمانی کوردی لەبارەی ناوەڕۆکی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەیدا هەریەک لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، و نێچیرڤان بارزانی، تاگ کربوون، پێیان دەڵێت، ئامانجی گەورەی ئێوە “هاودڵی و یەکبوون و یەککەوتنی ئوممەتی ئیسلامییە.

یەکێکی دیکە لە ڕووداوە مێژووییە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی و بۆ ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بە تایبەت پرسی سەرژمێریی گشتی بوو، کە لە ڕۆژانی  ٢٠و ٢١ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، کە نزیکە چل ساڵ بوو ئەم پرۆسەیە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دا ئەنجام نەدرابوو، نزیک بە ملیۆنێک خەڵکی کوردستانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم کە نیشتەجێی هەرێمن بۆ خۆناونووسکردن لە زێد و نیشتیمانی خۆیان گەڕانەوە ناوچەکانیان، ئەمەش مکوڕبوونی خەڵکی کوردستانی لەسەر کوردستانییبوونی ئەو ناوچانە دووبارە کردەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن