پۆلیسى هەولێر ئەو تۆمەتبارەى دەستگیرکرد کە ئەمڕۆ دوو پۆلیسى بریندارکرد
06:50 - 06/01/2025
زەمەن - کوردستانى
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگاى هەولێر رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەمان دەستگیرکرد کە ئەمڕۆ لەکاتى دەستگیکردنى باوکیدا دوو پۆلیسى لە سنوورى بەستۆرە بریندارکرد.
پۆلیسى هەولێر بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی تۆمەتبارێک بە ناوی (ط. ر. ت) دەچێتە ناو فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی، کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو، بۆیە تیمەکانمان ئاگادار دەکرێنەوە و دەستبەجێ دەگەنە شوێنی مەبەست و تۆمەتبار دەستگیر دەکەن، دواتر لە گۆڕەپانی بەردەم بنکەی پۆلیس، تۆمەتبارێکی تر بەناوی (ک. ط. ر) کە کوڕی تۆمەتباری سەرەوەیە، تەقە دەکات و لە ئەنجامدا دوو پۆلیس بە سوکی بریندار دەبن، دواتر تۆمەتبارى تەقەکردنەکە و باوکى لە شوێنى رووداوەکە هەڵاتوون.
پۆلیسى هەولێر دەڵێت، لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبار دەستگیر کراون و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.