163 کوردستان

عەلى باپیر بۆ میدیاى حزبەکەى: چاو بەو ریکلامانەدا بخشێننەوە کە بڵاویدەکەنەوە هەندێکیان شیاو نین

07:14 - 22/01/2025

زەمەن - کوردستانى

عەلى باپیر، سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەى ئەو رکلامانە بڵاوکردووەتەوە کە لە کەناڵى فەرمى و میدیاکانى حزبەکەى بڵاودەکرێنەوە و دەڵێت، هەندێک لەو رکلامانە تێبینى و سەرنجیان لەسەرە و پێویستە چاویان پێدا بخشێنرێتەوە، ئەگەر مەرجە شەرعییەکانى تێدا نەبوو لاببرێن.

دەقى راگەیەندراوەکەى عەلى باپیر، سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى:

پەیامێك لە سەرۆكی كۆمەڵەوە
بۆ تۆڕی میدیایی كۆمەڵ لە بارەی ڕیكلامەوە
دوای ئەوەی تێبینی و سەرنجی خەڵكێكی زۆری دڵسۆزمان پێگەیشت لەبارەی بڵاوكردنەوەی زۆرێك لەو ڕێكلامانەی لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە بڵاودەكرێنەوە دەربارەی كەل و پەل و كاڵای بازرگانیی كە زێدەڕۆیی زۆریان تێدایە، بەجۆریك بچنە قاڵبی قسەی ناڕاستەوە، كە بێگومان ئەوەش پێچەوانەی بنەمایەكی گەورە و گرنگی ئیسلامە كە ڕاستگۆییە، هەروەها پێچەوانەی دڵسۆزیی و ساغییە و، جۆرێكە لە فێڵ (غەش) و فریودان، كە لە ئیسلامدا گوناهێكی گەورەیە و، پێغەمبەری خوا "صلی الله علیە وسلم" قەدەغەی كردوە، وەك فەرموویەتی: (من غشنا فلیس منا) متفق علیه.
بۆیە لەم مێژووەوە بڕیارماندا بە وردیی چاو بە كۆی ئەو ڕێكلامانەدا بگێڕینەوە و، هەر ڕێكلام و بانگەشەیەك مەرجە شەرعییەكانی تێدا نەبن و، ناڕاستیی و فریودانی خەڵكی لێ بخوێنرێتەوە، لە هیچ كەناڵ و دەزگایەكی ڕاگەیاندنی كۆمەڵەوە بڵاو نەكرێتەوە، تاكو خەڵكێك بەهۆی متمانە بە ئێمە و ڕاگەیاندنمانەوە، تووشی فریوخواردن و فێڵ لێكران نەبێ و ، ئێمەش نەبینە هاوبەشی ئەو گوناهە.
هیواداریشم سەرجەم ئەو لایەن و كەسانەی دەیانەوێ ڕێكلام و بانگەشە بۆ كەل و پەل و كاڵایەكانیان بكەن، ئەوپەڕی ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی و دادگەریی و ئەدەبە شەرعییەكان ڕەچاوبكەن و، چاودێریی خوا بەسەر خۆیانەوە ببینن، بۆئەوەی هەرچی زیاتر لە هەردووك گوناهی فریودانی خەڵك و، بژیو و پارەپەیداكردن بە شێوازی ناشەرعیی و ناڕاست، دووربن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن