سەرۆکی کاتی پەرلەمان، لە نێوان موزایدەی سیاسی و ڕاستی دەستوری و یاساییدا!!
1/22/2025 7:45:00 PM
چۆمان محەمەد
بەداخەوە بەهۆی رێكنەكەوتنی یەكێتی وپارتی نەتوانرا لەیەكەم دانیشتنی پەرلەمان هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی بكرێت و كۆبوونەوە بە كراوەیی جێهێڵرا، ئەوەی دەگوزەرێت ئێستا ئیفرازاتی بەردەوامیدانە بەو دۆخە،بەڵام لە فەرهەنگی یاسایی و ودەستوریی و حكومرانی هەرێمی كوردستان شتێك نیە بەناوی پۆستی سەرۆكی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، بەداخەوە نەوەی نوێ داهێنانی لەوەشدا كرد، دەبینین دەیكەنە موزایەدەو پێمانی دەفرۆشنەوە گوایە لەبەر ئەوەی پەرلەمان كۆنابێتەوە و لیژنەكانی پەرلەمان پێكنەهاتووە، دەكشێنەوە لەسەرۆكی تەمەنی پەرلەمان، بەرێزان سەرۆكی تەمەنی پەرلەمان، بەپێی یاسای هەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئیدارەی یەكەم دانیشتن دەدات بۆ سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، تەنها بۆ دانیشتنی یەكەم، ئەركێک یاخود ئیلتیزامێك دراوە بە ئەندامێكی پەرلەمانی هەڵبژێراو كە بەتەمەنترینی نێو خولەكەیە بۆ ئەو دو ئەركە، پاشان سەرۆكی تەمەنی پەرلەمان نەبە هەڵبژاردنی نێو ئەندامانی پەرلەمان هەڵبژێراوە نە بەدامەزراندن، بەڵكو تەنها لەسەر داوای سەرۆكی دیوانی پەرلەمان رادەسپێرێت بە ئەركێك، بۆیە دەست لەكاركێشانەوە بەو فۆرمەی نەوەی نوێ لەوەی وەك پۆست بانگەشەی دەكەن بێ بنەمایەو بۆ بانگەشەی سیاسیە، هەرچەندە ئەم حاڵەتە لەناو پەیڕەوی پەرلەماندا باس نەكراوە، بەڵام ئەندامێكی پەرلەمان بەتەمەنترینی نێو خولەكەیە، ئیدارەی بەشێكی كاری یەكەم دانیشتنی دا وەك سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمانە، كۆبونەوەكە بەكراوەی جێهێڵرا، بەڵام بەبێ ئەوەی سیفەتی ئەندامێتی پەرلەمان لەدەستبدات و خۆشی ئامادەیی هەبێت بۆ كۆبونەوەیەك كە لەداهاتودا دەكرێت چۆن دەكرێت، ئەندامێكی تر كاری یەكەم دانیشتن تەواو بكات..
لەهەموو ئەمانە گرنگتر سەرۆكی نەوەی نوێ هەموو هێزەكانی دەرەوەی پارتی خستە بەردەم تەحەدایەك گوایە لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەوڵ دەدەن سەرۆكی حكومەت لە پارتی وەربگرنەوە، ئەمەش جۆرێك لە ئەستەمی تێدایە باش دەزانن رونادات لەیەك كۆبونەوە، چونکە پرسی پێدانی متمانەی پەرلەمان بە سەرۆكی حكومەت بە پێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و یاسای هەڵبژاردن و ئەنجومەنی وەزیران، كردارێكی ئاڵۆزە وكات و ڕێكاری خۆیی هەیە...
هەرگیز حەزم لە پاكانە نیە بۆ وتنی راستی بەڵام خۆزگە هێزەكانی موعارەزەمان هێزی راستەقینە بونایە و ئێمەش پشتگیریان بوینایە، ئەم قسانەش لە سەر بنەمای بەرچاو رونیە بۆ خەڵكی و لایەنە سیاسیەكان نەك دژایەتی هیچ لایەك.