105 کوردستان

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان پەیامی ئاشتەوایی و برایەتی بۆ بەشەكەی تری گۆڕان دەنێرێت

12:57 - 01/02/2025

زەمەن – هەرێمی كوردستان

 "جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردراو"ی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەنراوێكدا پەیامی پێكەوە كاركردن و برایەتی بۆ بەشەكەی تری بزوتنەوەكە دەنێرێرێت كە ماوەی چەند مانگێكە رێكخراوەسیاسیەكە بووە بە دووبەشەوە.

 

 جڤاتە نیشتمانیەكە دەڵێ" سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی نێو بزوتنەوەکە، ئێمە لە جڤاتی نیشتمانی لامان وایە پرۆژەکانی رەوانشادو دەستورو رێنماییەکانی تەنیا رێگایە کە بتوانێت بزوتنەوەی گۆڕان بخاتەوە سەر رێچکە تەندروستەکەی خۆی".

 

هەروەها ئاماژەیشیان بۆ ئەوەكردووە؛ هەموو دەنگدەران، گۆڕانخوازان، هەڵسوڕاوان، ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی، گشتی و رەوەندی کوردی خاوەنی گۆڕانن و لە پێناویدا ماندوو بوون و قوربانیانداوە. داوا دەکەین بە یەکدەست و یەک ئامانج بەرگری لێ بکەین.

 

لەكۆتایشدا باسیان لەوە كردووە كە "پەیامی ئێمە وەک رەوانشاد نەوشیروان مستەفا پەیامی لێبوردەیی، یەکتر قبوڵکردن و کارکردنە بۆ خەڵک. دەست و دڵمان بۆ هەموو هاوڕێکانمان کراوەیە. بە کردەوە هەر هەنگاو و پرۆسەیەکی ئاشتەوایی هەبووبێت، ئێمە بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردن و قبوڵکردنیمان داوە.

دەقی راگەیەنراوەكە:
راگەیەندراوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
هاونیشتمانیانی سەربەرز..
لەپاش کۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بزوتنەوەی گۆڕان توشی نشوستێکی گەورە بو، کە بەداخەوە نەتوانراوە تا ئەمڕۆ ئەو بۆشاییە پڕبکرێتەوە، سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی نێو بزوتنەوەکە، ئێمە لە جڤاتی نیشتمانی لامان وایە پرۆژەکانی رەوانشادو دەستورو رێنماییەکانی تەنیا رێگایە کە بتوانێت بزوتنەوەی گۆڕان بخاتەوە سەر رێچکە تەندروستەکەی خۆی، لێرەدا بە چەند خاڵێک رونی دەکەینەوە:
1-  ناکۆکیەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، بە تایبەت هەڵوێست و بڕیاری ئێمە وەک بەرەی دەستور لەپێناو بەرگریکردن لە قانون و شەرعیەتی دیموکراسی و راستی و دەستور بووە.
2-  ئێمە وەک زۆرینەی زۆری گۆڕانخوازان و ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و هەڵسوڕاوان بەرگری لە بەرنامەی سیاسی گۆڕان، ئایدیاکانی نەوشیروان مستەفاو دەستور دەکەین. لایەنی بەرامبەر بڕوایان بە بەرنامەو دەستوری گۆڕان نیە.
3-  لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی دەستەی گشتی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تانەمان لە کارە ناقانونیەکان داوە. بڕیاری راگرتنی کۆنفرانسی نیشتیمانی لایەنی دەرەوەی گردی زەرگەتە، کەلەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دەرچوە، وەک لە دەقی نووسراوەکەدا هاتووە لەسەر داواکاری زۆرینەی ئەندامانی دەستەی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بووە.
4-  بە مەبەستی بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، رێکاری پێویستمان گرتوەتەبەر بۆ رێگری کردن لە هەموو کارو هەنگاوە ناقانونیەکان.
5-  داوای قانونیمان لە نەزاهەی عێراق لەسەر هەموو ئەو کەسانە تۆمار کردووە کە بەشێکن یان رێخۆشکەرن بۆ کاری ناقانونی، چونکە بە وردی ئاگاداری هەموو پەیوەندی ژێربەژێرو دەستێوەردان و کارە ناپەسەندەکانین.
6-  هەموو گۆڕانخوازانی دڵسۆز خوشک و برای ئێمەن و هەرگیز ناکۆکیەکان لای ئێمە شەخسی نەبوون و نابن.
7-  هەموو دەنگدەران، گۆڕانخوازان، هەڵسوڕاوان، ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی، گشتی و رەوەندی کوردی خاوەنی گۆڕانن و لە پێناویدا ماندوو بوون و قوربانیانداوە. داوا دەکەین بە یەکدەست و یەک ئامانج بەرگری لێ بکەین.
8-  بزوتنەوەی گۆڕان ئامانجی گۆڕینی سیستەم، چەسپاندنی دادپەروەری، شەفافیەت، ماف و ئازادی هاونیشتیمانیان بوو. ئێمە بەرگری لەو پرەنسیپانە ئەکەین. بە هیچ شێوەیەک ناکرێ گۆڕان کە داوای قانون و دەستور و سیستەمی ئەکرد بۆ هەموو کوردستان ئێستا پەنا براوەتە بەر پێشێلی دەستور و کاری ناقانونی و لە ناو بردنی سیستەمی کاری رێکخراوەیی.
9-  گۆڕان هەمیشە کۆکەرەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەکان بووە. ئەقڵیەتی دیکتاتۆری و بێڕێزی کردن و دەستگرتن بە پلە و پۆستەوە بەشێوەیەکی ناقانونی ئامانج لێی لە ناوبردنی گۆڕانە.
10-  پەیامی ئێمە وەک رەوانشاد نەوشیروان مستەفا پەیامی لێبوردەیی، یەکتر قبوڵکردن و کارکردنە بۆ خەڵک. دەست و دڵمان بۆ هەموو هاوڕێکانمان کراوەیە. بە کردەوە هەر هەنگاو و پرۆسەیەکی ئاشتەوایی هەبووبێت، ئێمە بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردن و قبوڵکردنیمان داوە.
11-  ئامانجی ئێمە گەڕانەوەیە بۆ دیموکراسی بە گشتی و لەناوخۆی حیزب بە تایبەتی، کە لە ناو براوە بە کاری ناقانونی و مانەوە لە دەرەوەی دەستور.

شەممە - ١ی ٢ی ٢٠٢٥
مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان – گردی زەرگەتە

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن