له‌مه‌ڕ ڕه‌خـــــنه بـــــــــا بــــــڕۆخــــــــــێ
2/1/2025 11:42:00 AM
گۆران مه‌ریوانی
لای كورد ڕه‌خنه بوونی نییه. لێره‌و له‌وێ هه‌ندێ هه‌وڵی تاكه‌تاكه هه‌ن وه‌لێ نابنه قوتابخانه‌ی ڕه‌خنه‌یی. حه‌فتاكان كه‌مه هه‌وڵێ هه‌بوو، زیاتر له جوغزی چه‌پگه‌راییدا. به‌ڵام؛ دوور له ڕه‌هه‌ندی باشی و خراپی، خاوه‌ن مێتود بوو.ئێستێ ڕه‌خنه زیاتر نامه‌ی دۆستایه‌تییه، یان قه‌ڵه‌م نیشاندانێكه تا له‌كن (لایه‌نێ) پۆستێ، (شتێ) به‌گیربێنێ. یانشه لانیكه‌م نێوی (بدره‌وشێته‌وه) وه‌ك (ڕوناكبیرێ). زاراوه‌ی قه‌به، نێوی عه‌جیب و تێكه‌ڵییه‌ك له (چیت بووێ لامان ده‌ست ده‌كه‌وێ) ...... له هێگڵه‌وه تا پۆتن.
له‌كن من ڕه‌خنه، به دیوێكدا، ڕێنماییه‌كه بۆ لێكدانه‌وه‌ی ئێستێتیكا، له دیدگای ڕه‌خنه‌گره‌وه بۆ خوێنه‌ر. بێگومان بابه‌تێكی ئێستێتیكا ده‌كرێ چه‌ندان دیوی هه‌بێ. لێره‌شه‌وه چه‌ندان دیدگا و هه‌ڵسانگاندن. ئه‌من هه‌میشه پێش خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تی هه‌ڵبژێردراوم چه‌ندان ڕه‌خنه له دیدگای جیاوازه‌وه له‌مه‌ڕ بابه‌تێ ده‌خوێنمه‌وه.
یــــــاده‌وه‌ری مــــن
فیلمی كاوبۆ سه‌رده‌می منداڵی من بره‌وی هه‌بوو. بزوتنه‌وه‌ی چه‌كداری كورد زیاتر بازاڕی فیلمی (كاوبۆی) گه‌رم كردبوو. كه ڕینگۆ یان جانگۆ (كوڕه ئازاكه) به‌دڕه‌فتاران و كوڕه (خائینه‌كانیان)، چوون گشتیان (پیاو) بوون، ڕاوده‌نا، ته‌واوی بینه‌ران چه‌پڵه‌یان لێده‌دا و هاواریان ده‌كرد: ''زۆر جوانه ڕینگۆ یانكوڕه‌كه!''. له‌كن مه گرینگ نه‌بوو كڕۆكی باسه‌كه چییه، ده‌ق و فیلم ده‌رباره‌ی چ ده‌دوێ، بۆ ئاوها كه‌وتوونه‌ته گیانی یه‌ك و ڕه‌دونانی یه‌كدی و ..... له‌كن مه خوێن گرینگ بوو، خوێنی (خائینان) كه به (چاو) ده‌بینران، ده‌با بڕژابایا. ئه‌و هاوار و بانگه‌ش هه‌ر بۆ سه‌رنجدان له‌و خوێنه بوو. ئه‌مه‌ش، به‌داخه‌وه، كڕۆكی بزوتنه‌وه‌ی چه‌كداری كورد بوو كه زیاتر له خوێنی یه‌كتنڕشتندا ده‌بینرا و؛ له هاتووچۆی وڵاتانی (دۆستاماندا) ده‌بیتسرا، نه‌ك وه‌ك لۆژیكی (بزوتنه‌وه‌یه‌ك) كه بۆ (ئامانجێ) هه‌وڵبدا و، گۆڕانكاری (سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی) به دواوه بێ.
ئێمــــــه
ڕه‌خنه‌گرمان نه‌بوو ڕێنماییمان بكا. فیلمی كاوبۆ خاون یه‌ك سه‌ربورد و كڕۆكن، به‌وه‌ی (پیاو خراپان، خائینان) له ڕێی كوڕه (ئازا‌كه‌وه) كه ده‌كرێ (شه‌ریفی) جڤاته‌كه بێ، یان خودی كوڕه ئازاكه پاشان له‌به‌ر نه‌به‌ردی و ده‌ستپاكی بكرێته شه‌ریف (موختار). ئه‌ركی شه‌ریفیش ته‌نێ جێ به‌جێكردنی (یاسا) و (سه‌پاندنی) ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند بوو. به‌وه‌ی یاسا هه‌میشه سه‌روه‌ره. هۆلیود هه‌ر زوو ده‌بێته (ده‌زگایه‌ك) بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی (ده‌وڵه‌ت)، كه شكاندنی یاسا ئاكامی خۆی هه‌یه، ئه‌ویش سزایه.
ئه‌م دیده ڕه‌خنه‌ییانه بۆ ده‌ق و فیلمێ به ئامانجی ڕۆنانی جڤاتێكی یاساسه‌روه‌ر له‌كن مه نه‌بوو. ڕه‌خنه‌گریشمان نه‌بوو بۆ ڕێنمایی و تێگه‌یشتن.
له‌كن مه ته‌نێ ده‌نگه‌ده‌نگ هه‌بوو، خوێنبڕژێ، كوڕه خائینه‌كه بكوژرێ، كێ ئه‌و كاره ده‌كا گرینگ نه‌بوو. گرینگ نه‌مانه! كوژرانه! پاشان چ ده‌قه‌ومێ، كێ دێ و چی دێته گۆڕێ، ئێمه هه‌رگیز نه به منداڵی نه به گه‌وره‌یی ئه‌و (په‌روه‌رده‌یه‌مان) نه‌بووه. نیشه! سه‌یر نییه ده‌مێ خۆنیشاندانێ، ڕێپێوانێ ده‌كرێ ....... ده‌بێته ڕۆژی حه‌شر. كه‌س كه‌س نابیسێ!
ئێمه یه‌كتر نادوێنین به ئامنجێ هه‌موو له‌یه‌ك حاڵی بین، به‌ڵكو ده‌رباره‌ی یه‌كتر ده‌دوێیین. په‌یام گرینگ نییه. ئامانج گرینگ نییه. ژیان گرینگ نییه، نه‌مان گرینگه! ئه‌وی دی بسڕدرێته‌وه. نه‌مێنێ.
با بڕۆخێ!
پاشان كۆتایی دێ. ئیدی ساڵێكی نوێ دێ.