وتەبێژی خانەنشینان: بەغدا 100 هەزاری خانەنشینانی هەرێمی بڕیوە
12:17 - 05/02/2025
زەمەن - هەرێمی كوردستان
سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان
بە "زەمەن"ی راگەیاند، ئەو 100 هەزار دینارەی بۆ مووچەی مانگی یەک لە
خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بڕدراوە مینحەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقە و بۆ ئەو خانەنشینانە
بوو مووچەکەیان لە ملیۆنێک دینار کەمترە.
وتەبێژی یەکێتی
خانەنشینانی کوردستان رونیكردەوە كە؛ بەپێی یاسای ژمارە نۆی یەکگرتووی عێراق، هەر
خانەنشینێک مووچەکەی لە ملیۆنێک دینار کەمتر بێت، بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق
هەر یەکەیان دەرماڵەیەکیان بە بڕی 100 هەزار دیناری وەک دیاری پێدەدرا.
ئاماژەی بەوەشکرد:
"ئەو بڕیارە ساڵانە نوێ دەکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری نوێ لە بەغداوە بۆ
هەرێمی کوردستان نەهاتووە، بۆیە پێدانی ئەو دەرماڵە 100 هەزار دینارییە ڕاگیراوە و
ئەگەر بڕیاری خەرجکردنی بدرێت و بڕیاری پێدانی ئەو پارەیە بۆ ساڵی 2025 نوێ بکرێتەوە،
ئەوا چەند مانگ بخایەنێت؛ خانەنشینان هەموو بڕە پارەکە بەسەر یەکەوە وەردەگرنەوە".
هاوكات خانەنشینانی
عێراق دوو مووچەی ئەمساڵیان بە مینحەی 100 هەزار دینارەکەوە وەرگرتووە و هیچ بڕیارێکیش
نییە بۆ راگرتنی، تەنانەت ئەگەر سەرۆکوەزیرانیش بگۆڕێت مینحەکە بەردەوام دەبێت.
سادق عوسمان لە
بارەی ئەو خانەنشینانەی کە پێش 2014 خانەنشین بوون و تا ئێستا مووچەکانیان هاوتا نەکراوە
باسی لەوەکرد: "بۆ ئەم مانگەش بەشێکی دیکەی ئەو خانەنشینانە مووچەکانیان
هاوتا دەکرێت و بەو هاوتا کراوییە وەریدەگرن، ئەوەشی ماوە بۆ مانگی دوو هاوتا دەکرێن
و کۆتاییان پێدێت".